ئەڵمانیا دوو سووریایی بە تۆمەتی تاوانی جەنگی دەستگیردەکات

07-09-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوو پیاوی سووریایی لە ئەڵمانیا بە تۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپی تووندئاژۆ دەستگیرکران؛ یەکێکیان تۆمەتبارە بەوەی کە دەستی لە هێرشێکی ساڵی 2013ی رۆژهەڵاتی سووریادا هەبووە کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 60 چەکدار و خەڵکی سڤیل. 
 
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا رایگەیاند، دوو کەسەکە ناویان عامر و باسل-ە، رۆژی چوارشەممە دەستگیرکراون. هەردووکیان تۆمەتبارن بە ئەندامبوون لە گرووپێکی "تیرۆرستی"ی بیانی بە ناوی لیوا جوندولڕەحمان کە شوباتی ساڵی 2013 لە لایەن عامرەوە دامەزرێنراوە. 
 
عامر هەروەها تۆمەتبارە بەوەی کە تاوانی جەنگی ئەجامداوە، خەڵکی بە زۆرەملێ دەربەدەرکردووە و ئەندامی داعشیش بووە. 
 
ئەو تاوانە جەنگییانەی کە دەگوترێت عامر کردوونی، پەیوەندییان بە هێرشێکی حوزەیرانی 2013ـەوە هەیە لە شارۆچکەی حەتلە لە پارێزگەی دێرەزووری سووریا کە بووە هۆی کوژرانی سەرووی 60 دانیشتووی شيعەی ناوچەکە. ئەو کاتە، هێرشەکە بە ئاماژەیەک بۆ زیادبوونی شەڕی مەزهەبیی لە سووریا لێکدرایەوە. داواکارانی گشتیی ئەڵمانیا دەڵێن، ئەو هێرشە لەلایەن لیوا جوندولڕەحمان بە فەرماندەیی عامر و بە هاوبەشی لەگەڵ گرووپە پەڕگیرەکانی دیکەوە ئەنجامدرابوو. 
 
داواکارانی گشتیی ئەڵمانیا باس لەوە کەن، رزگاربووانی ئەو تاوانە لە لایەن لیوا جوندولڕەحمانەوە ناچارکراون ئاوارەی شوێنەکانی دیکەی سووریا یان دەرەوەی وڵات بن، ئەوەش لە رێگەی "بڵاوکردنەوەی بەمەبەستی ترسی کوشتن، سووتاندن و تالانکردن."
 
بە گوتەی داواکارەکان، "ئەو دەربەدەرکردنە بە واتەی کۆتاییهاتنی هەموو شيعەکان لە حەتلە هات."
 
عامر لە تەممووزی ساڵی 2014 چووەتە نێو داعش و گرووپە چەکدارەکەی خۆیشی خستووەتە ژێر فەرماندەیی داعش. باسل "پێگەیەکی سەربازیی گرنگی" لە لیوا جوندولڕەحماندا هەبووە لە ساڵی 2013 و 2014 فەرماندەیی ژمارەیەک هێزکردووە لە شەڕی دژی حکومەتی سووریا، ئەمە وەک داواکارە گشتییە ئەڵمانییەکان باسی دەکەن. 
 
رۆژی چوارشەممە، دادوەرێک فەرمانیکرد بە هێشتنەوەی هەردوو تۆمەتبار لە زیندان تا ئەو کاتەی بە فەرمی تۆمەتەکەیان ئاراستەدەکرێت بۆ ئەوەی دەست بە دادگەییکردنیان بکرێت. 
 
پار، جێبەجێکردنی یاسای "دادپەروەریی جیهانی" لە لایەن ئەڵمانیاوە، کە رێگە بە لێپێچینەوە لە تاوانە گەورەکانی دەرەوەی وڵات دەدات، رێگەی خۆشکرد بۆ سزادانی یەکەمین بەرپرسی باڵای سووری لە بەرامبەر ئەنجامدانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی. 
 
هەروەها لە شوباتی ئەمساڵ، دادگەیەکی ئەڵمانی پیاوێکی فەلەستینیی ئەنجامدا لە بەرامبەر ئەنجامدانی تاوانی جەنگی لە سووریا و فڕێدانی نارنجۆک بۆ نێو خەڵکی سڤیل لە ساڵی 2014 لە دیمەشق.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە