ترەمپ: شیکاگۆ بەمزووانە دەزانێت بۆچی ناوەکەمان گۆڕی بۆ وەزارەتی جەنگ

07-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە هەڕەشەیکرد کە "وەزارەتی جەنگ"ـە تازە ناونراوەکەی لە دژی شیکاگۆ بەکاردەهێنێت.
 
ترەمپ بڕیاری داوە هێزەکانی سەر بە حکومەتی فیدڕالی لە شارەکاندا بڵاوبکاتەوە بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆی، تاوانکاران و کۆچبەرانی نایاسایی دەستگیر بکەن و رێگری لە تاوان بکەن. 
 
ئەم هەوڵەی ترەمپ بە دیاریکراوی بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لەنێوان سەرۆکەکە و بەرپرسانی ئەو شارانەی لەلایەن دیموکراتەکانەوە بەڕێوە دەبرێن. 
 
ترەمپ بە هەڕەشەکردن لە شیکاگۆ، گرژییەکانی زیاتر کردن. 
 
ئەم هەنگاوەی سەرۆکی ئەمریکا هەوڵێکە بۆ دووبارەکردنەوەی ئۆپەراسیۆنێکی هاوشێوەی واشنتنی پایتەخت، کاتێک لەوێ هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی بڵاوکردەوە و ژمارەی ئەو هێزانەی بەرپرسن لە دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوە، زیادکرد، ئەمەش ناڕەزایەتیی دانیشتووانی ناوچەکەی لێکەوتەوە.
 
ترەمپ رۆژی شەممە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی: "شیکاگۆ خەریکە تێدەگات بۆچی پێیدەگوترێت وەزارەتی جەنگ."
 
هاوپێچ لەگەڵ پۆستەکە، ترەمپ وێنەیەکی داناوە کە بە ژیریی دەستکرد دەستکاری کراوە و لەسەری نووسراوە: "بەیانیان حەزم لە بۆنی دیپۆرتکردنەوەیە."
 
رۆژی هەینی، ترەمپ فەرمانێکی واژۆکرد بۆ گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری بۆ وەزارەتی جەنگ و رایگەیاند، ئەمە "پەیامی سەرکەوتن" بە جیهان دەدات.
 
حاکمی دیموکراتی ویلایەتی ئیلینۆی، کە شیکاگۆ دەکەوێتە ئەو ویلایەتەوە، تووڕەیی خۆی بەرامبەر پۆستەکەی ترەمپ دەربڕی.
 
جی بی پریتزکەر لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی جەنگ لە شارێکی ئەمریکی دەکات. ئەمە گاڵتە نییە. ئەمە ئاسایی نییە."
 
حاکمی شارەکە هەروەها نووسیویەتی: "ئیلینۆی لە دیکتاتۆرێکی خۆسەپێن ناترسێت."
 
بڵاوکردنەوەی هێزی فیدراڵی لەلایەن ترەمپەوە، کە یەکەمجار لە مانگی حوزەیران لە لۆس ئەنجلۆس دەستیپێکرد و دواتر لە واشنتن، سکاڵای یاسایی و خۆپێشاندانی بەدوای خۆیدا هێناوە و رەخنەگران بە "نمایشکردنی هێزی دیکتاتۆرانە" ناوی دەبەن.
 
جگە لە شیکاگۆ، هەڕەشەی دووبارەکردنەوەی هەمان رێکاری لە شارەکانی باڵتیمۆر و نیو ئۆرلیانزیش کردووە، کە لەلایەن دیموکراتەکانەوە بەڕێوەدەبرێن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا