رووداو دیجیتاڵ
ساڵی 2019 کۆمەڵێک سەربازی هێزی دەریایی تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەرکێکی زۆر نهێنی چوونە نێو کۆریای باکوور، کە بریتی بوو لە چاندنی ئامێرێکی سیخوڕی بۆ گوێگرتن لە پەیوەندییەکانی کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی ئەو وڵاتە؛ بەڵام دوای ئەوەی هێزەکە لە کەناراوەکانی کۆریای باکوور تووشی بەلەمێک بوون، ئۆپەراسیۆنەکە هەڵوەشایەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئۆپەراسیۆنەکە بە هەمان ئەو یەکە سپێردرا بوو کە ئوسامە بن لادنی کوشت.
ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە دەستخستنی زانیاریی هەستیار بوو لە نێوەندی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کیم جۆنگ ئوون، بەو پێیەی ناردنی سیخوڕ بۆ کۆریای باکوور و چاودێریکردنی کیم کارێکی ئەستەم بوو.
هەروەها ئەوە ئەرکێکی پڕ لە مەترسی بوو کە پێویستی بە رەزامەندیی راستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا هەبوو؛ دەکرا شکستخواردنی ئۆپەراسیۆنەکە ببێتە هۆی داڕمانی دانوستاندنە ئەتۆمییەکان یان بەبارمتەگرتنی سەربازانی ئەمریکی.
ترەمپ رازی ببوو لە شوباتی 2019 لە ڤیێتنام چاوی بە کیم بکەوێت، بەڵام بڕیاری دابوو پێش لووتکەکە، ئۆپەراسیۆنەکە بکرێت.
رۆژی هەینی، کاتێک رۆژنامەڤانان لەبارەی دەنگۆی ئۆپەراسیۆنەکەوە پرسیاریان لە ترەمپ کرد، گوتی، "هیچ شتێک لەبارەیەوە نازانم. دەبێت سەیری بکەم، بەڵام هیچ شتێک لەبارەیەوە نازانم." ترەمپ گوتیشی، یەکەمجاریەتی شتێک لەبارەی ئۆپەراسیۆنێکی لەو جۆرەوە دەبیستێت.
هێزی دەریایی تایبەتی ئەمریکا بۆ ماوەی چەندین مانگ ئامادەکارییان بۆ ئۆپەراسیۆنەکە کردبوو، لەنێو ئاوی زۆر سارد و بەستوودا راهێنانیان کردبوو. پلان وابوو، ژێردەریاییەکی ئەتۆمیی ئەمریکا لە کەناراوەکانی کۆریای باکوور نزیکیان بکاتەوە. هەروەها وا دانرابوو کە دوو ژێر دەریایی دیکەی بچووکتر، بیانگەیێنیتە کەنارەکە.
پلانەکە ئەوە بوو، هێزە تایبەتەکە بە جلوبەرگی ژێرئاو و گەرمکەرەوەوە بۆ ماوەی چەندین کاژێر بەنێو ئاوێکی سارددا بڕۆن، کە پلەی گەرمییەکەی 4 پلەی سیلیزی بوو، تاوەکو دەگەنە کەنارەکە، بۆئەوەی ئامێرە نهێنییەکە لەوێ جێگیر بکەن و دواجار بێ ئەوەی لەلایەن درۆنەکانەوە ببیندرێن، بگەڕێنەوە.
بەڵام پلانەکە کێشەی تێکەوت و ئۆپەراسیۆنەکە جێبەجێ نەکرا.
کاتێک سەربازان پێیان خستە سەر کەنارەکە، لەپڕێکدا بەلەمێکی ماسیگری کۆریای باکووریان لەنێو تاریکیدا لێدەرکەوت. دوای ئەوەی زانییان هیچ رێگەیەک نییە بۆ پەیوەندیکردن بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکە و مەترسیی ئاشکرابوونیان هەبوو، ئەندامێکی باڵای هێزەکە دەستیکرد بە تەقەکردن و سەربازانی دیکەش چوونە پاڵی؛ هەموو سەرنشینەکانی بەلەمەکەیان کوشت، تەرمەکانیان راکێشاوەتە نێو ئاو و بە چەقۆ سییەکانیان کون کون کردن، بۆئەوەی نقووم ببن.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەو سێ کەسە، سڤیل بوون، چەکیان پێ نەبوو و بەدوای گوێچکەماسیدا دەگەڕان.
سەربازەکان هەرگیز نەیانتوانی ئامێرەکە بچێنن و ئۆپەراسیۆنەکەیان شکستی هێنا.
مانگە دەستکردە سیخوڕییەکانی ئەمریکا هەستیان بە دروستبوونی جووڵەیەکی سەربازیی گەورەی کۆریای باکوور لەنزیک شوێنی تەقەکردنەکە کرد، بەڵام روون نییە ئایا کۆرییەکان زانیویانە چی روویداوە یان نا.
هەموو ئەمە کاتێک روویدا کە ترەمپ لە تیڤییەکانەوە باسی لە بەهێزبوونی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان خۆی و کیم دەکرد، چاوەڕێی ئەوەش بوو لە ڤیێتنام بیبینێت.
سەرەڕای ئەوەی ترەمپ لە ڤیێتنام قسەی لەگەڵ کیم کرد، هیچ رێککەوتنێکیان واژۆ نەکرد. کۆریای باکوور دەستیکردەوە بە تاقیکردنەوەی مووشەکی.
ئەگەری هەیە ئۆپەراسیۆنەکە یاسای فیدراڵیی ئەمریکای پێشێل کردبێت، چونکە حکومەتی ئەمریکا پێش یان دوای ئۆپەراسیۆنە هەستیارەکە، لیژنە سەرەکییەکانی هەواڵگریی کۆنگرێسی ئاگادار نەکردووەتەوە.
تاوەکو کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە، هەرگیز هیچ لایەنێکی ئەمریکا دانی بە ئۆپەراسیۆنەکەی ساڵی 2019دا نەناوە، هەرچەندە ئەو سەربازانەی تێیدا بەشدار بوون، دواتر پلەیان بەرزکرایەوە. پاشان لە ساڵی 2021، دوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەک لە ئەرکەکە، ئیدارەی بایدن زانیاریی پێویستی دایە ئەندامە دیارەکانی کۆنگرێس، بەڵام ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە بە نهێنی ماوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ