رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا "دوایین هۆشداریی" خۆی بە حەماس دا و داوای کرد، بە مەرجی ئازادکردنی بارمتەکان رازی بن.
رۆژی یەکشەممە 07-09-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ترووس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە: "ئیسرائیلییەکان مەرجەکانی منیان قبووڵکردووە، ئێستا کاتی ئەوەیە حەماسیش قبووڵی بکات."
ترەمپ هەروەها نووسی: "من حەماسم لە دەرئەنجامی قبووڵنەکردنی مەرجەکان ئاگادار کردووەتەوە. ئەمە دوایین هۆشداریی منە، هیچ هۆشدارییەکی دیکەم نابێت."
جەنگە خوێناوییەکەی غەززە زیاتر لە 700 رۆژە بەردەوامە. بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە کە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتی پێ دەبەستێت، لانیکەم 64 هەزار و 300 کەس لە غەززە کوژراون و 162 هەزار و 5 کەس برینداربوون.
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، 17 بۆ 20 هەزار چەکداری فەلەستینی کوژراون.
لە ئیسرائیل کۆی گشتی، هەزار و 990 کەس کوژراون. بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، 900 سەربازی کوژراون؛ 456 لەوانە لە هێرشی زەوینی لەنێو غەززەدا کوژراون.
لە لایەکی دیکەوە، چەکدارانی فەلەستینی 251 کەسیان لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بە بارمتە گرتبوو؛ 48یان لە غەززە ماون؛ 20یان زیندوون؛ 28یان مردوون.
ئیسرائیل بڕیاریداوە هێرشێکی بەرفراوان بکاتە سەر شاری غەززە، گەورەترین شاری کەرتی غەززە کە دەکەوێتە باکوور. لە تەلئەڤیڤی ئیسرائیل و شارەکانی دیکەی وەکو قودس/ئۆرشەلیم، رۆژانە خۆپیشاندان بەردەوامە. خۆپیشاندەران داوا لە کابینەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکەن، لەو هەنگاوە پاشگەز بێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ