لە فینلاندا زیادکردنی 500 یۆرۆ بۆ مووچەی پەرلەمانتاران مشتومڕ دەنێتەوە

07-09-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا، مووچەی پەرلەمانتارانی فینلاند زیاد بکرێت، ئەمەش رەخنەی لێکەوتووەتەوە. بەڵام ئامارەکان نیشان دەدەن کە مووچەی پەرلەمانتاران لە گەشەی گشتیی مووچەدا دواکەوتووە.
 
کۆمیتەی پاداشتی پەرلەمان لە سەرەتای مانگی ئەیلوولدا بڕیاریدا، مووچەی پەرلەمانتاران لە مانگی تشرینی یەکەمدا نزیکەی 7٪ زیاد بکرێت. بۆ نموونە، مووچەی پەرلەمانتارێکی خولی یەکەم لە 7,137 یۆرۆوە بۆ 7,637 یۆرۆ لە مانگێکدا زیاد دەکات.
 
پەرلەمانتارێک کە لانیکەم چوار ساڵ بەڵام کەمتر لە 12 ساڵ وەک نوێنەر خزمەتی کردبێت، پێشتر مووچەی 7,494 یۆرۆ بووە و ئێستا بڕەکە بۆ 7,944 یۆرۆ زیاد دەکات.
 
نوێنەرێک کە لانیکەم 12 ساڵ نوێنەر بووە، پێشتر 7,993 یۆرۆی وەرگرتووە و بڕەکە بۆ 8,393 یۆرۆ زیاد دەکات.
 
بەپێی ئامارەکانی فینلاند، تێکڕای داهاتی مانگانەی کارمەندانی هەشت کاژێری، لە چارەکی دووەمی 2025دا 4,148 یۆرۆ بووە.
 
مووچەی پەرلەمانتاران دوایین جار لە بەهاری 2023 لە کاتی گۆڕینی خولی پەرلەمان زیاد کراوە. کۆمیتەی پاداشتی پەرلەمان زیادکردنی مووچەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، بەپێی ئامارەکانی فینلاند، تێکڕای گەشەی داهاتی هەموو کارمەندان لە چارەکی دووەمی 2023ـەوە تاوەکو کۆتایی چارەکی دووەمی 2025، 6.2% بووە.
 
ئەم زیادکردنە رەخنەی لێکەوتووەتەوە، چونکە حکومەت و لایەنە فەرمانڕەواکان لە بوارەکانی دیکەدا پاڵپشتی رێوشوێنی تووندی چاکسازیی ئابوورییان دەکرد بۆ باشترکردنی دارایی وڵاتەکە.
 
بەپێی خەمڵاندنێکی ئاژانسی ئاماری فینلاند، مووچەی پەرلەمانتاران بۆ ماوەی نزیکەی دوو دەیە لە گەشەی گشتیی داهاتی وەرگیراو دواکەوتووە. خاڵی دەستپێک لە خەمڵاندنەکەدا سەرەتای 2001ـە، کە ئاستی مووچە لەو کاتەوە بە گەشەی داهات بەراورد دەکرێت.
 
پاداشتی پەرلەمانتاران لەلایەن لیژنەیەکی پاداشتەوە لە دەرەوەی پەرلەمان بڕیاری لەسەر دەدرێت و پەرلەمانتاران ناتوانن راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر پاداشتەکانیان هەبێت. بەڵام، دەتوانن بەشێک لە مووچەکەیان بە گەنجینەی دەوڵەت ببەخشن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: Saul Loeb/AFP

ترەمپ: بیر لە هێرشکردنە سەر ئێران دەکەمەوە

دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، بیر لە بژاردەی "گورزی سەربازیی سنووردار" بۆ سەر ئێران دەکاتەوە. ئەم هەڕەشە نوێیەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ جێگیرکردنی هێزێکی گەورەی دەریایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست