رووداو دیجیتاڵ
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن ئامادەیە "گوشارەکانی" سەر رووسیا زیاتر بکات، بەڵام دەبێت ئەورووپاش هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی بەڕاستی مۆسکۆ ناچار بە دانوستاندن بکات.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێت کە رووسیا شەوی رابردوو بە گەورەترین زنجیرە هێرشی درۆن و مووشەکەوە ئۆکراینای کردە ئامانج، ئەمە سەرەڕای هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ راگرتنی جەنگەکە.
رۆژی یەکشەممە 07-09-2025 بێسێنت گوتی، ترەمپ و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، رۆژی هەینی "پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی زۆر بەرهەمداریان" لەگەڵ ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا کردووە و خۆشی قسەی لەگەڵ سەرکردەی یەکێتیی ئەورووپا کردووە.
بێسێنت بە کەناڵی NBC راگەیاند: "قسە لەسەر ئەوە دەکەین کە یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا پێکەوە چییان پێدەکرێت. ئێمەش ئامادەین گوشارەکانمان لەسەر رووسیا زیاتر بکەین."
گوتیشی: "بەڵام پێویستمان بە هاوبەشە ئەورووپییەکانمانە بۆ ئەوەی شوێنمان بکەون."
ترەمپ هەڕەشەی سزای لەو وڵاتانە کردووە کە نەوتی رووسیا دەکڕن، بە مەبەستی بڕینی سەرچاوەیەکی سەرەکی دارایی بۆ جەنگەکەی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا هەڕەشەکە هیندستانی گرتووەتەوە.
بێسێنت گوتی: "ئەگەر ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا بتوانن سزای زیاتر بسەپێنن، باجی لاوەکی زیاتر بخرێتە سەر ئەو وڵاتانەی نەوتی رووسیا دەکڕن، ئەوا ئابووریی رووسیا بە تەواوی دەڕووخێت. ئەمەش سەرۆک پووتین دەهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ