رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن، لە ئەنجامی هێرشەکانی شەوی رابردووی رووسیا بۆسەر وڵاتەکەیان لانیکەم 4 کەس کوژراون و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.
بەرگریی شارستانیی ئۆکراینا بڵاویکردەوە، یەکێک لەو شوێنانەی کراوەتە ئامانج کیێڤ بووە و زیانیش بەر چەند باڵەخانەیەک کەوتووە و تەنانەت لە یەکێک لەو باڵەخانانەش ئاگرکەوتوەتەوە.
وەک بەرگریی شارستانیی ئۆکراینا گوتی، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا دوو کەس لە کیێڤ کوژراون و 18 کەسی دیکەش بریندار بوون.
یولیا سڤیریدینکۆ، سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا گوتی، باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران یەکێک لەو شوێنانە بوو بۆردوومانکرا و بەو هۆیەوە نهۆمەکانی سەرەوەی زیانی بەرکەوت.
یەکێکی دیکە لەو شوێنانەی بۆردوومانکرا بریتی بوو لە دنیپرۆ و بە گوێرەی بەرپرسانی ناوچەکە، لە ئەنجامدا پیاوێکی تەمەن 54 ساڵ کوژرا و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.
لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی ناوچەیەکیش لە هەرێمی سوومی باکووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کەسێک کوژرا و ژمارەیەک کەسی دیکە بریندار بوون.
جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە شوباتی 2022 دەستی پێکرد و ئامارێکی فەرمی لەبارەی ژمارەی کوژراو و برینداران نییە.
سەنتەری توێژینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، زیاتر لە 950 هەزار سەربازی رووسیا لەو جەنگەدا کوژراون و برینداربوون. میدیای بەریتانیاش باس لەوە دەکات، نزیکەی 400 هەزار ئۆکراینی کوژراون و بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ