جیهان
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا (چەپ) و یۆکۆ کامیکاوا، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن (راست) لە تۆکیۆ. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی گرووپی حەوت گەیشتە ژاپۆن، کۆبوونەوەکە دوو رۆژ دەخایەنێت و سەرنجی گشتیی لەسەر شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین دەبێت.
رۆژی سێشەممە، 11-7-2023، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی گرووپی 7ی وەزیرانی دەرەوە ناسراو بە (G7) گەیشتە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن. ئەوەش دوای شەش سەردانی فەرمیی لە چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە یەکێکیان عێراق، دێت.
میدیای فەرمیی ژاپۆن رایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی گرووپی 7 رۆژی سێشەممە و چوارشەممە لە تۆکیۆ کۆدەبنەوە بۆ باسکردنی وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی غەززە، تووندوتیژییە بەردەوامەکانی رووسیا لە ئۆکراینا و جووڵە هەژموونگەراییەکانی چین.
رۆژی دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "کازرین کۆڵۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە کۆبوونەوەی جی7 ی تۆکیۆ بەشداردەبێت و باسی وەڵامدانەوەی پێویستییەکانی هاووڵاتییانی سڤیلی نێو کەرتی غەززە و رێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی دەکات." بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کۆڵۆنا هێرشەکانی حەماس بە "تیرۆریستی" ناودەبات و سەرکۆنەیان دەکات و پێویستیی ئازادکردنی بارمتەکان دووپات دەکاتەوە.
هەمان رۆژ، ئەنالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، دەچێتە تۆکیۆ بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر رێکەوتنێکی گشتی بۆ ئاگربەستی مرۆیی و کەمکردنەوەی ئازاری خەڵکی غەززە بکەن.
بێربۆک گوتی: "لەلای من روون بووەتەوە کە حەماس بەو کارە تیرۆریستییەی رۆژی 7ی ئۆکتۆبەر کردی، ئازار و مەینەتییەکی زۆری بۆ خەڵکی ئیسرائیل و غەززە هێنا. بێگومان نابێت حەماس رێگەی پێبدرێت بڕیار لەسەر چارەنووسی خەڵکی غەززە بدات."
کۆبوونەوەی جی7ی وەزیرەکانی دەرەوە بۆ ماوەی دوو رۆژ و لە 7 و 8ی ئەم مانگە لە تۆکیۆ بەڕێوەدەچێت. چەندین شاندی نێودەوڵەتیی وەک کەنەدا، چەند وڵاتێکی یەکێتیی ئەوروپا، ژاپۆن، بەریتانیا، و ئەمریکا بەشدارن.
رۆژی هەینی 3-11-2023، یۆکۆ کامیکاوا، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن بە سەردانێک گەیشتە ئیسرائیل و پاشان سەردانی کەرتی رۆژئاوای کرد. ئەو لەوێ رایگەیاند، "لەسەر ئەو سەردانەم بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، حەز دەکەم سەرکردایەتی ئاڵوگۆڕێکی راشکاوانە و قوڵی بیروڕا لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی جی حەوت بکەم."
چەند سەرچاوەیەکی خۆجێیی ئەو وڵاتە ئاشکرایان کردووە، چەند گرووپێکی چالاکڤانان بەنیازن خۆپێشاندان لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن، چەند باڵیۆزخانەیەکی بیانی، پەرلەمانی ژاپۆن و چەند دامەزراوەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لە تۆکیۆ بکەن.
بەگوێرەی چەند بەرپرسێکی ژاپۆنیش، حکومەت بڕیاریداوە چەندین پۆلیس لە شەقامەکان بڵاوەپێبکات و ئەو رێگایانە دابخات، کە وەزیرەکان و بەرپرسەکان بەسەریدا دەڕۆن، هەروەها حکومەت بەنیازە بۆ چەند کاژێرێک گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی تۆکیۆ رابگرێت.
گرووپی جی حەوت گرووپێکی نێودەوڵەتییە پێکدێت لە 7 وڵاتی خاوەن ئابووریی بەهێز، ئەوانیش: کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمریکا. لە هەموو کۆبوونەوەکانیش، یەکێتیی ئەوروپا وەک میوان بەشداردەبێت. ئەم گرووپە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1973 کە لە چوار ئەندام پێکهاتبوو کۆبوونەوە. چوار ئەندامەکە بریتییبوون لە: فەرەنسا، بەریتانیا، ئەمریکا و ئەڵمانیای رۆژئاوا کە ئەوکات وەزیرانی دارایی ئەو ئەرکەیان لە ئەستۆ بوو.
ساڵانە و هەرجارێک لە وڵاتێکی ئەندام ئەم کۆبوونەوەیە بۆ باسکردن و گفتگۆکردن لەسەر بابەتێک یان کێشەیەکی جیهانیی بەڕێوەدەچێت و هەر ساڵێکیش وڵاتی میواندار سەرۆکایەتیی دەکات. بۆ ئەمساڵ ژاپۆن سەرکردایەتیی کۆبوونەوەکە دەکات، وابڕیارە ساڵی داهاتوو لە ئیتاڵیا و پاشان لە کەنەدا بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ