رووداو دیجیتاڵ
لە واشنتن دی سیی پایتەختی ئەمریکا، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان و دانیشتووانی ویلایەتە جیاوازەکان، لە دژی بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رژانە سەر شەقامەکان. خۆپێشاندانەکە ناڕەزایەتی بوو بەرامبەر بە کەمکردنەوەی هاوکارییە داراییەکان بۆ خەڵکی کەم دەرامەت، دەرکردنی ژمارەیەک فەرمانبەری حکومەتی فیدراڵ و بڕیارەکان دژی کۆچبەران.
خۆپێشاندەران بە گوتنەوەی درووشمی "ترەمپ دەبێت بڕوات،" دۆناڵد ترەمپیان بە "فاشیست" ناوبرد و داوایان کرد دەستبەرداری پۆستەکەی ببێت.
قسەی خۆپێشاندەران
پیاوێک لە خۆپێشاندانەکەدا بەشداری کردووە و بە رووداوی گوت، "من لێرەم، چونکە دۆناڵد ترەمپ بووەتە مایەی شەرمەزاری بۆ ئێمە. ئەو لەبری ئەوەی بایەخ بە هاووڵاتییانی ئەم وڵاتە بدات، زیاتر بایەخ بە دووژمنەکانمان دەدات."
خۆپیشاندەرێکی ژنیش گوتی، "پێویستە هەموومان بێینە سەر شەقامەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی فاشیزم. دەبێت کۆتایی بەو رژێمە بهێنین کە دەستوەردان لە هەموو شتێکی کۆمەڵگەکەمان دەکات و هێرش دەکاتە سەر خەڵکی بێتاوان."
درێژترین ماوەی داخرانی حکومەت لە مێژووی ئەمریکادا
ئەم خۆپێشاندانە هاوکاتە لەگەڵ داخرانی حکومەتی ئەمریکا کە ماوەکەی نزیک دەبێتەوە لە 40 رۆژ و بە درێژترین ماوەی داخرانی حکومەت لە مێژووی ئەو وڵاتەدا دادەنرێت. ماوەی 40 رۆژە هیچ کارمەندێکی فیدراڵی مووچەی وەرنەگرتووە.
هێزێکی ئەمنیی تایبەت بۆ پاراستنی خۆپێشاندەران بڵاوەی پێکراوە و بەشێک لە شەقامەکان داخراون. خۆپێشاندەران لە نزیک کۆشکی سپی کۆبوونەوە و وەک هێمایەک بۆ گەڕان بەدوای دادپەروەریدا، بەرەو باڵەخانەی دادگەی باڵای ئەمریکا بەڕێکەوتن.
قسەی خۆپیشاندەرانی دیکە
خۆپیشاندەرێکی دیکە بە رووداوی گوت، "لێرەین تاوەکو نیشانی بدەین کە بوێری کاریگەریی هەیە. کاتێک پێکەوەین، بەهێزین. هێز لە یەکگرتنماندایە و هیچ کەسێک لە رووبەڕووبوونەوەی ئەم سەختییانەدا بە تەنیا نییە."
ئەم ناڕەزایەتییە دوای ئەو هەڵبژاردنانە دێت کە بۆ شارەوانی و حاکمی بەشێک لە ویلایەتەکان ئەنجامدران و تێیدا بەربژێرانی دیموکراتەکان سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا. ئەمەش وای لە بەشێک لە شرۆڤەکاران کردووە بڵێن، پێویستە دۆناڵد ترەمپ و کۆمارییەکان گوێ لەم دەنگە ناڕازییانە بگرن، پێش ئەوەی ناڕەزایەتییەکان فراوانتر و بەهێزتر بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ