هێڵی ئاسمانیی لوفتهانزای ئەڵمانیا بۆ رووداو: دەنگۆی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانمان بۆ سووریا راست نییە

07-11-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی هێڵی ئاسمانی لوفتهانزای ئەڵمانی رایگەیاند، بە نیاز نین بەمزووانە دەست بە گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ سووریا بکەنەوە، ئەمە دوای ئەوەی رۆژی سێشەممەی رابردوو، میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە، دەستیان بە گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیا ئەڵمانییەکە کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ فرۆکەخانەی دیمەشق و تیمێکی ئەو هێڵە ئەڵمانییە لە وڵاتەکەیانن بۆ ئامادەکاری. 
 
بۆریس ئۆگورسکی، گوتەبێژی هێڵی ئاسمانی لوفتهانزا سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ سووریا بە رووداوی راگەیاند، "هیچ پلانێکمان نییە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانمان بۆ دیمەشق". دەشڵێت، هیچ گۆڕانکارییەک نەبووە لە پلانی راگرتنی گەشتەکانیان بۆ ئەو وڵاتە.
 
رۆژی سێشەممەی رابردوو، میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە، شاندێکی کۆمپانیاکە لەگەڵ بەرپرسانی دەسەڵاتی ئاسمانیی سووریا کۆبوونەتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیان. 
 
کۆمپانیاکە ساڵی 2011 و دوای دەستپێکردنی گرژییەکانی سووریا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئەو وڵاتە راگرت. 
 
لە بڵاوکراوەکەی میدیای فەرمی سووریا دا هاتبوو، هەردوولا گفتوگۆیان کردووە لەسەر "دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی سووریا و ئەورووپا و زیادکردنی هاوئاهەنگی هاوبەش لە وارەکانی گواستنەوەی ئاسمانی و خزمەتگوزاری تەکنیکیدا". ئەوەش هاتبوو، کە هەردوولا "جەختیان لە گرنگی گەشەپێدانی کەرتی گواستنەوەی ئاسمانیی مەدەنیی سووریا و فراوانکردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیا ئەورووپییەکان کردەوە". 
 
عومەر حەسری، سەرۆکی دەستەی گواستنەوەی ئاسمانی و مەدەنی سووریا لە ئێکس بڵاویکردەوە، سەرنجی کۆبوونەوەکە لەسەر "ئەنجامدانی پشکنینی ئەمنی و تەکنیکی بووە بۆ فڕۆکەخانەی دیمەشق وەکو بەشێک لە هاوئاهەنگی تەکنیکیی نێوان هەردوولا".
 
لە دوای مانگی کانوونی دووەمەوە کە بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا بەرەو رووسیا هەڵات، فڕۆکەخانەکانی سووریا دەستیان بە گەشتە نێودەوڵەتییە بازرگانییەکان کردەوە. 
 
هێڵی ئاسمانیی قەتەر، یەکەم هێڵ بوو، کە لە سەرەتای مانگی یەکدا دەستی بە گەشتەکانی بۆ سووریا کردەوە. دواتریش هێڵەکانی ئیمارات، تورکیا و رۆیاڵی ئوردنی گەشتەکانیان دەستپێکردنەوە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە