یەکێتیی ئەورووپا مەرجەکانی پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتییانی رووسیا تووندتر دەکات

07-11-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی ئەورووپا دەڵێ، چیدیکە ڤیزەی چەندجار گەشتکردن (multi-entry) بە هاووڵاتییانی رووسیا نادات، ئەوە لە کاتێکدایە، دوای نزیکەی چوار ساڵ لە دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا، نیگەرانییە ئەمنییەکان زیاد دەکەن.
 
رۆژی هەینی 07-11-2025 کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "ناکرێ دەست بە جەنگ بکەی و پێشبینی ئەوە بکەی بە ئازادی لە ئەورووپا بسووڕێیەوە."
 
کالاس گوتیشی: "یەکێتیی ئەورووپا یاسای ڤیزە بۆ هاووڵاتییانی رووسیا تووندتر دەکات، لە کاتێکدا تێکدانی سیستمی فڕۆکەوانی بە درۆن و کاری تێکدەرانە لە خاکی ئەورووپا بەردەوامە."
 
ئەم سنووردارکردنەی ڤیزە دوای چەندین جار بەزاندنی ئاسمانی و بینینی درۆنی نەناسراو لە چەندین وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا هات.
 
یەکێتیی ئەورووپا دەڵێ، لەمەودوا هاووڵاتییانی رووسیا "پێویستە هەر جارێک کە پلانی گەشتکردن بۆ یەکێتیی ئەورووپا دادەنێن، داوای ڤیزەی نوێ بکەن، ئەوەش وادەکات وردبینیی ورد و بەردەوام لە دۆسیەی داواکاران بۆ کەمکردنەوەی هەر مەترسییەکی ئەمنیی شاراوە بکرێ."
 
یەکێتییەکە مانگی رابردوو لە چوارچێوەی سزای نوێدا کۆنترۆڵی لەسەر گەشتی دیپلۆماتە رووسییەکانی نیشتەجێی 27 وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا تووندتر کرد.
 
بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا ماوەیەکی درێژە گوشار بۆ دانانی یاسای تووندتر لەسەر ڤیزەی هاووڵاتییانی رووسیا دەکەن و دەڵێن، نابێت بتوانن بە ئازادی گەشت بکەن، لە کاتێکدا جەنگ لە ئۆکراینا بەردەوامە. 
 
یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی 2022 رێککەوتنی ئاسانکاریی ڤیزەی لەگەڵ رووسیا هەڵپەسارد. 
 
ئەو قەوارەیە دەڵێ، ژمارەی ئەو ڤیزەیانەی بە رووسەکان دراوە، لە زیاتر لە چوار ملیۆنی پێش جەنگەوە بۆ نزیکەی 500 هەزار لە ساڵی 2023دا دابەزیوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.