رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سوێد دەڵێت، نزیکەی 17,500 ئەندامی چالاکی باند و گرووپە تاوانکاری و چەکدارییەکان لە وڵاتەکەیدا هەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بێ نزیکەی 50 هەزار کەسی دیکە پەیوەندی بەو گرووپانەوە دەکەن.
سوێد زیاتر لە 10 ساڵە رووبەڕووی باندە تاوانکارییەکان دەبێتەوە، لە کاتێکدا رووداوی تەقەکردن و تەقینەوە لە وڵاتەکەدا زۆرن کە پەیوەندیدارن بە یەکلاییکردنەوەی حیسابات و کۆنترۆڵکردنی بازاڕی مادە هۆشبەرەکانەوە.
حکومەت داوای لە پۆلیس کردبوو وێنەیەکی گشتیی قەیرانەکە بخاتەڕوو و یەکەم راپۆرت لە ساڵی 2024 ژمارەی ئەندامانی گرووپە تاوانکارییەکانی بە 14,000 کەس خەمڵاند. پێترا لوند، بەڕێوەبەری پۆلیس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رۆژی 07-11-2025 راپۆرتی 2025ـی خوێندەوە و گوتی: "هیچ نیشانەیەکی روون بۆ زیادبوون یان کەمبوونەوە نابینین، هەرچەندە ژمارەکانی ئەم ساڵ وا دەردەکەون کە بەرزتر بن."
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە سوێد زیاتر لە 17 هەزار و 500 کەس ئەندامی چالاکی باند و گرووپە تاوانکارییەکان هەن، زیاتر لە 48 هەزار کەسیش دوور یان نزیک پەیوەندییان بەو گرووپانەوە هەیە، بەڵام بە "چالاک" هەژمارنەکراون.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، 81٪ـی ئەندامە چالاکەکان تەنیا وڵاتینامەی سوێدیان هەیە و 94٪ـیان پیاون و تێکڕا تەمەنیان 28 ساڵە.
حکومەتی ئولف کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد لە ساڵی 2022دا چووە سەر دەسەڵات و بەڵێنی دا کە بە تووندی رووبەڕووی تاوان ببێتەوە. حکومەت دەسەڵاتی زیاتری بە پۆلیس داوە و چەندین رێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوان، لەوانەش پلانی داگرتنی تەمەنی لێپرسینەوەی تاوانکاری لە 15 ساڵەوە بۆ 13 ساڵ.
رێوشوێنەکانی دیکە بریتین لە کردنەوەی بەندیخانەی تایبەت بۆ گەنجان لەبری شوێنی چاودێریی ئێستا، هەڵوەشاندنەوەی سزای سووک بۆ تاوانبارانی گەنج و رێگەدان بە پۆلیس بۆ بەکارهێنانی رێوشوێنی تووندتر بەرامبەر منداڵان بۆ گەیشتن بەو تاوانکارانەی فەرمانی تاوانەکان دەدەن.
لوند ئاماژەی بەوەدا کە دادگاییکردن لە ساڵانی رابردوودا زیاد بووە، بەڵام جەختی کردەوە ناتوانرێت کێشەکە تەنیا لەلایەن پۆلیسەوە چارەسەر بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ