رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بەڵێنی داوە بەمزوانە سەرۆکوەزیرانێکی نوێ بۆ وڵاتەکەی دەستنیشان بکات، ئەمەش دوای ئەوەی پەرلەمانی فەرەنسا متمانەی لە میشێل بارنیێ وەرگرتەوە، کە تەنیا سێ مانگ بوو دەستبەکاربوو.
رۆژی پێنجشەممە، 06-12-2024، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە گوتاری نیشتمانیدا هیچ ناوێکی نەهێنا، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن تاوەکو رۆژی دووشەممە 09-12-2024 هیچ ناوێک ئاشکرا ناکرێت.
پێشووتر لە ساڵی 2017ـەوە میشێل بارنیێ، پێنجەم سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا بوو، کە ماکرۆن دەستنیشانی کردبوو. دواتر گۆڕدرا و هەمووشیان بۆ ماوەی کورت کورت لەو پۆستەدا مانەوە، هیچ گەرەنتییەک نییە کە جێگرەوەکەی میشێل بارنیێ زۆر لەسەر کورسییەکەی بمێنێتەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس ناوی چوار بەربژێری پیاوی پێشبینیکراوی بڵاوکردووەتەوە. لەکاتی دەستنیشانکردنی میشێل بارنیێ لە ئەیلوولی ئەم ساڵ، ناوی ئەوان دووبارە دەهاتن. هەرچەندە، لەوانەیە ناوێکی نوێ لە لیستەکەی ماکرۆن بێتە پێش، ئەمەش بەهۆی ئەوەی میشێل بارنیێ، بەربژێری سەرەکیی ماکرۆن نەبوو.
سێباستیان لێکۆرنو
وەزیری هێزە چەکدارەکانی فەرەنسایە و لایەنگرێکی سەرسەختی ماکرۆنە. تاکە وەزیر بوو لە گۆڕانی کابینەی مانگی ئەیلوول لانەدرا، ئەمەش بەهۆی رۆڵە گرنگەکەی لە ماوەی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا.
لێکۆرنو نزیکەی دوو دەیەیە لە نێو سیاسەتە و لە تەمەنی 19 ساڵییەوە سیاسەت دەکات. لەوکاتەوەی ماکرۆن لە 2017 بووەتە سەرۆکی فەرەنسا، چەند رۆڵێکی وەزاریی هەبووە، لە ئایاری 2022ـش بووە وەزیری بەرگری. لێکۆرنو هەمیشە پابەندیی خۆی بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینا پیشانداوە و زۆر بە کەمی لە میدیا دەرکەوتووە.
میدیای فەرەنسا، لەنێویاندا BFM-TV رایگەیاند، ماکرۆن خەریک بوو رۆژی 05-12-2024 مۆر لە ناوی لێکۆرنو بدات و رایبگەیێنێت ئەو دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، بەڵام پەشیمان بووەوە، چونکە لەنێو کابینەکەی چەند نیگەرانییەک هەبوون کە لێکۆرنو "راستڕۆیەکی تووندڕۆیە."
فرانسوا بێیرو
سیاسەتڤانێکی دیار و هاوپەیمانی ماکرۆنە لە 2017ـەوە. ئێستا سەرکردایەتیی پارتی (بزووتنەوەی دیموکراسی – MoDem)ـە کە هاوپەیمانی پارتە میانڕۆکەی ماکرۆنە.
بێیروی 73 ساڵ، حەوت ساڵ بوو کەیسێکی دادگەی لەسەر بوو، ئەمەش دوای ئەوەی پارتەکەی بەوە تۆمەتبار دەکرا، کە خەڵکی دامەزراندووە.
لە مانگی شوباتی ئەم ساڵ توانی کەیسەکە لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلابکاتەوە و بیباتەوە. بێیرو سێجار بەربژێری سەرۆکایەتیی فەرەنسا بووە و لە ساڵی 2017 بووە وەزیری داد، بەڵام هەمان ساڵ دەستی لەکار کێشایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کەیسەکەی دادگە سەریهەڵدا.
خاڤیێر بێرتراند
تەمەنی 59 ساڵە و سەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی (هێوتس دو فرانس)ـە لە باکووری وڵاتەکە. لە نێوان 2005 تاوەکو 2012 وەکو وەزیری کار و تەندروستی، لەژێر سەرۆکایەتیی جاک شیراک و نیکۆلا سارکۆزی دەستبەکاربووە.
بێرتراند کەسایەتییەکی میدیایی دیارە، لە ساڵی 2022 لە پارتی کۆمارییەکان (LR) خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا بەربژێر کرد، بەڵام دەنگی نەهێنا. بێرتراند بە هاوپەیمانێکی نزیکی سارکۆزی دادەنرێت.
بێرنار کازنۆڤ
کازنۆڤ تەمەنی 61 ساڵە، سەرکردەی پێشووی پارتی سۆشیالیستی فەرەنسا بوو. لە نێوان 2016 بۆ 2017 لەژێر سەرۆکایەتیی فرانسوا هۆلاند، بۆ ماوەی شەش مانگ سەرۆکوەزیران بوو. هەر لە سەردەمی هۆلاند، کازنۆڤ لەنێوان 2014 بۆ 2016 وەزیری ناوخۆی فەرەنسا بوو.
بێرنار لە ساڵی 2022 لە پارتی سۆشیالیست هاتە دەرەوە، بەهۆی ئەوەی ناڕازی بوو پارتەکە لەگەڵ پارتی چەپی تووندڕۆی وەکو فەرەنسای نەچەمیو (LFI) هاوپەیمانێتی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ