رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا رایدەگەیەنێت، بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دووبارەکردنەوەی کاتێدراڵی نۆتردام لە پاریس "دەرخەری ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا گرنگە" ودەشڵێت: "پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە".
ئەمڕۆ شەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی فەرەنسا، بەشداریی رێوڕەسمی سەرلەنوێ کردنەوەی کاتدرالی نۆتردام دەکات لە پاریس.
وا بڕیارە رێوڕەسمەکە ئەمڕۆ شەممە، 7ـی کانوونی یەکەم کاژێر 7:00ـی ئێوارە بەکاتی پاریس [کاژێر 9:00ـی شەو بە کاتی هەولێر] دەستپێبکات و بەو بۆنەیەوە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی وڵاتەکە گوتارێک پێشکێش دەکات.
دواتر لۆرێنت ئولریش، سەرۆکی ئەسقوفەکانی پاریس رێوڕەسمەکە لەنێو هۆڵی نۆتردام دا بەڕێوەدەبات کە نوێژ و نزاش لەخۆ دەگرێت.
عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، گوتی: "دوای سووتانی کاتدراڵی نۆتردام، خودی ماکرۆن پێنج ساڵە سەرپەرشتیی دەکات، بۆ ئەوەی وەکو خۆی نۆژەنی بکاتەوە، بۆ فەرەنسا گرنگە لەم دۆخە ئابووری و سیاسییە هەستیارەدا، کاتدراڵەکە دەکاتەوە، نۆتردام بۆ فەرەنسا و ئەورووپا و کریستیانەکانی جیهانیش هێمایەکی مێژووییە".
لەبارەی بانگهێشتکردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ رێورەسمەکە، عەلی دۆڵەمەری دەڵێت: "پەیوەندییەکی مێژوویی لەنێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا هەیە، هەروەها پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا هەیە، خودی نێچیرڤان بارزانی و ماکرۆنیش پەیوەندییان بەهێزە، بانگهێشتکردنی نێچیرڤان بارزانی، ئەوە دەردەخات کە فەرەنسا گرنگییەکی زۆر بە هەرێمی کوردستان دەدات و ئەوە دەردەخات کە فەرەنسا دۆستێکی واقیعی هەرێمی کوردستانە.
عەلی دۆڵەمەری پێیوایە هەرچەندە هەرێمی کوردستان، هەرێمێکە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، بەڵام فەرەنسا وەکو زلهێزێک کە سەرۆکی هەرێم بانگهێشت دەکات، دەریدەخات کە هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی سەرەکییە لە ناوچەکە.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس دەڵێت: "نابێت لەبیریشی بکەین ئەو دۆخەی ئێستای سووریا بەبێ رۆڵی هەریمی کوردستان ناکریت و فەرەنسا دەزانێت هیچ سەقامگیرییەک لەناوچەکە بەبێ رۆڵی هەرێمی کوردستان نایەتەدی".
لەبارەی بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی و کۆبوونەوەکانی لە پەراوێزی رێوڕەسمەکە، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان نایشارێتەوە "نزیکەی 50 سەرۆکی جیهان، لە رێورەسمەکە بەشدارن، لەم دیدارەدا نێچیرڤان بارزانی کۆمەڵێک کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان دەکات و باسی دۆخەکە دەکەن، بەڵام ئەوەی فەرمی بێت، سەردانەکە بۆ بەشداریکردنە لە رێورەسمەکە".
ئەو کاتدرالییە تەمەنی 850 ساڵە و لەلایەن یونسکۆوە بە یەکێک لە شوێنەوارەکانی جیهان ناسێندراوە، پێنج ساڵ بەر لە ئێستا لە 15ـی نیسانی 2019 سووتا و بورجەکەی رووخا.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی 29-11-2024 سەردانی کاتدرالییەکەی کرد و گوتی نەخشسازەکان کارێکی "ناوازەیان کردووە و "برینێکی نیشتمانی"ـیان چارەسەرکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ