رووداو دیجیتاڵ
رێوڕەسمی کردنەوەی کاتێدرالی نۆتردام لە پاریس دەستیپێکرد، کە نۆژەنکردنەوە و گەڕاندنەوەی بۆ سەر شێوە سەرسوڕهێنەرەکەی جارانی، زیاتر لە پێنج ساڵی خایاند.
لە رێوڕەسمەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و 50 سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی جیهان بەشدارن.
نۆتردام، شاکارێکی سەرسوڕهێنەری چەرخەکانی نێوەڕاستە و پاش تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی و رێوڕەسمەکەی ئەمشەوی، دووبارە دەرگەکانی دەکرێنەوە.
کاتێدرالی نۆتردام لە نێوجەرگەی پاریس، بەرگەی چەندین شۆڕش و دوو جەنگی جیهانیی گرتووە، کە لە ساڵی 2019، فەرەنسییەکان بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە گەواهیدەری سووتانی بوون.
بۆ ئەوان و زۆر خەڵکی سەرانسەری جیهان، تەنیا سووتانی کاتێدرالێک نەبوو، بەڵکو هەڵوەرینی دەستکەوتێکی پێشکەوتنی شارستانیەتی مرۆڤ بوو.
نۆژەنکردنەوەی زیاتر لە 737 ملیۆن دۆلاری تێچوو کە هەمووی لە لایەن 45 هەزار بەخشەری سەرانسەری جیهانەوە دابینکرابوو.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەنێو کاتێدرالی نۆتردامە لە پاریس و کەمێکی دیکە رێوڕەسمی کردنەوەی دەستپێدەکات
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 7, 2024
وێنە: ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو pic.twitter.com/8SLglRRx43
هەفتەیەک پێش ئەوەی بە فەرمی بکرێتەوە، سەرۆکی فەرەنسا چوو لە نزیکەوە گۆڕانکارییەکان ببینێت. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئەوکاتە بەو کەسانەی گوت کە لە نۆژەنکردنەوەی کاتێدرالەکە بەشدار بوون "ئێوە خۆڵەمێشتان بۆ تابلۆیەک لە هونەر گۆڕی."
کاتێدرالەکە بانێکی نوێی بۆ دانراوە و بست بە بستی دیوارەکانی پاککراونەتەوە. پەنجەرە رەنگاوڕەنگەکانی نوێکراونەتەوە، تابلۆکان و پەیکەرەکان جوانتر لە جاران رەنگکراونەتەوە.
ئەدریان ویلیەم، وەستای بەردتاشین دەڵێ "دوێنێ دروستکراوە، وەک ئەوەی بڵێی تازە لەدایکبووە."
ئەگەر ئیفڵ بە باڵا بەرزەکەیەوە ناسنامەی گەشتوگوزار بێت، نۆتردام بە 679 ساڵی تەمەنەوە، بە سیمای مێژووی فەرەنسا دادەنرێت.
لە ساڵی 1163 دەست بە دروستکردنی کاتێدرالی نۆتردام کرا و دوای 182 ساڵ، لە ساڵی 1345 تەواوکرا. هەر لەو کاتێدرا لە ساڵی 1804، ناپۆلیۆن تاجی ئیمپراتۆریەتیی لەسەرنرا.
پێش ئەوەی بسووتێت، رووباری سێن وەستابا، سەردانی بە لێشاوی گەشتیاران نەدەوەستا؛ هەندێجار لە یەک رۆژدا 50 هەزار کەس سەردانیان دەکرد.
راستەوخۆ لە فەیسبووکی رووداو؛ رێورەسمی کردنەوەی کاتێدرالی نۆتردام:
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بڕیاریدابوو رێوڕەسمی کردنەوەی کاتێدرالەکە لە ئاست سەنگە مێژووییەکەیدا بێت، هەر لەبەرئەوە ئەمشەو بە بەشداریی سەرکردە هەرە دیارەکانی جیهان و بە چالاکیی جۆراوجۆر، دەرگاکانی کرانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ