لە پەرلەمانی کۆریای باشوور دەنگ بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆکی وڵات دەدرێت

07-12-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە پەرلەمانی کۆریای باشوور دەنگدان بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆکی وڵات دەستیپێکرد، ئەوەش دوای ئەوە دێت، کە هەفتەی رابردوو، سەرۆکی وڵات باری لەناکاوی لە وڵاتەکەی راگەیاند و دەسەڵاتی مەدەنی بەشێوەیەکی کاتی هەڵپەسارد. 
 
رۆژی شەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، دەنگدانەکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە تەلەفزیۆنی فەرمی کۆریای باشوور پەخشکرا. 
 
پێش دەستپێکردنی دانیشتنی پەرلەمان، یوون سووک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنیدا داوای لێبووردنی لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد، بەڵام رەتیکردەوە دەستلەکاربکێشێتەوە. 
 
سەرۆکی کۆریای لە گوتارەکەیدا رایگەیاند: "من زۆر داوای لێبووردن لەو کەسانە دەکەم، کە بەهۆی بڕیارەکەوە تووشی سەرسووڕمان بوون."
 
گوتارەکەی سەرۆکی کۆریای باشوور یەکەم دەرکەوتنی سەرۆکی ئەو وڵاتە بوو دوای ئەوەی کە چوارشەممەی رابردوو، بڕیاری باری لەناکاوی هەڵوەشاندەوە. 
 
بڕیاری راگەیاندنی باری لەناکاو چۆن بوو و چی روویدا؟ 
 
رۆژی سێشەممە، سەرۆکی کۆریای باشوور باری لەناکاوی لە وڵاتەکە راگەیاند و دەسەڵاتی مەدەنی هەڵپەسارد و دەسەڵاتی سەربازی خستەکار. هەروەها سەرجەم چالاکییە سیاسییەکانی وڵاتەکەی قەدەخە کرد و گوتیشی، میدیا و بڵاوکراوەکان دەبێت لەژێر کۆنتڕۆڵی سەربازیی وڵاتەکەدا بن.
 
بڕیارەکە ناڕەزاییێکی زۆری لێکەوتەوە، ئەندامانی پەرلەمان لە باڵەخانەی پەرلەمان کۆبوونەوە و هەنگاوەکەی سەرۆکیان رەتکردەوە. 
 
لەکاتی راگەیاندنی بڕیارەکە، سەرۆکی کۆریای باشوور لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بە پشتگیریکردنی کۆریای باکوور و هەوڵدان بۆ کودەتا تۆمەتبار کرد.
 
دوای راگەیاندنی بڕیارەکە، 280 سەرباز بە پاڵپشتیی 24 هێلیکۆپتەر چوونە باڵەخانەی پەرلەمان و ناوچەکەیان کۆنتڕۆڵکرد. بەڵام دواتر، پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ (190 لەکۆی 300) بڕیارەکەی سەرۆکی هەڵوەشاندەوە. دواتر سەرۆکی وڵاتەکە رایگەیاند، بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ هەڵوەشاندنەوەی باری لەناکاو جێبەجێ دەکات. 
 
هۆکاری بڕیارەکە چی بوو؟ سەرۆک بە تەنیا چۆن توانی بڕیارەکە بدات؟
 
لە کۆریای باشوور سەرۆک لە لایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت. هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی لە هەمان کاتدا نین. هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2022 کرا، بەڵام دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمان نیسانی ئەم ساڵ کرا. 
 
سەرۆک، کەسی یەکەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە و ئەو سەرۆکوەزیران دیاریدەکات، بەڵام پێویستە لە لایەن پەرلەمانەوە پەسند بکرێت. 
 
پارتی دیموکراتی کۆریای باشوور کە ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەیە، لە دوایین هەڵبژاردندا 174 کورسی لە کۆی 300 کورسی بردەوە، پارتی هێزی گەلیش، کە سەرۆک تێیدا ئەندامە، 108 کورسی بردەوە.
 
بەم جۆرە، ئەو پارتەی سەرۆکی کۆریای باشوور سەرۆکایەتی دەکات یان ئەندامیەتی، مەرج نییە زۆرینەی پەرلەمانی هەبێت. ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێت رێگری لەو یاسایانە بکات کە پاڵپشتی سەرۆک و حکومەتیان هەیە، لەوانەش پەسندکردن یان رەتکردنەوەی پرۆژەیاسای بودجە. 
 
پارتی سەرۆکی وڵات و ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکە چەندین ناکۆکییان هەیە، لەنێویاندا لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە. سەرۆک پاڵپشتی دەکرد و ئۆپۆزیسیۆنیش رێگری لە پەسندکردنی دەکرد. ئەمە و ژمارەیەک کێشەی دیکە بوونە هۆی بڕیارەکە و وای لە سەرۆکی وڵات کرد ئۆپۆزیسیۆن بە لایەنگری کۆریای باکوور تۆمەتبار بکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا. وێنە: Reuters/Kevin Lamarque

رووسیا پێشوازی لە هەڵوێستی ترەمپ لەبارەی ئۆکراینا دەکات

وەزیری دەرەوەی رووسیا دەڵێت، پێشوازی لە هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەبارەی جەنگی ئۆکراینا دەکەن. ئەوەش لە کاتێکدایە، کەمتر لە هەفتەیەکی دیکە ترەمپ وەکو سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت