کەمیی پیاو لە وڵاتێکی ئەوروپی بووەتە قەیران؛ 'مێرد بۆ کاژێرێک' بازاڕی گەرمە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وڵاتی لاتڤیا، کە بە دارستانە سنەوبەری و گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانی ناسراوە، ئێستا بە دیاردەیەکی نوێ و چاوەڕواننەکراو ناوبانگی دەرکردووە، رووبەڕووی قەیرانی کەمیی پیاو بووەتەوە. کەمیی پیاو پیشەیەکی نوێ و سەیروسەمەرەی لێکەوتووەتەوە: بەکرێگرتنی "مێرد بۆ کاژێرێک" بۆ راپەڕاندنی کارەکانی نێو ماڵ.
 
بەگوێرەی ناوەندی ئامارەکانی لاتڤیا، کە دامەزراوەیەکی حکومییە، وڵاتەکەی ناوچەی بەڵکان تووشی "قاتوقڕیی پیاوان" بووە. ژمارەی ژنان لە وڵاتەکەدا 15.5٪ لە پیاوان زیاترە، ئەمەش سێ هێندەی تێکڕای جیاوازیی نێوان نێر و مێیە لە یەکێتیی ئەورووپادا.
 
دۆخەکە لەنێو بەساڵاچوواندا زۆر خراپترە. بەگوێرەی ئامارەکە، ژمارەی ژنانی سەروو 65 ساڵ، دوو هێندەی ژمارەی پیاوانە لە هەمان تەمەندا. 
 
بۆچی پیاوانی لاتڤیا زوو دەمرن؟
 
بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، پیاوانی لاتڤیا زۆر ناژین. 31٪ـیان جگەرەکێشن، لەکاتێکدا تەنیا 10٪ـی ژنان جگەرە دەکێشن. هەروەها بەرنامەی خۆراکی ناتەندروست، خووی ناڕێکی چاودێریی تەندروستی و قەڵەوی لەنێو پیاواندا بەرزترە.
 
مێرد بۆ کاژێرێک
 
ژنانی لاتڤیا چارەسەرێکی خێراتریان دۆزیوەتەوە: ئەگەر وڵاتەکە پیاوی پێویستی تێدا نەبێت، ئەوا یەکێک بە کرێ دەگرن.
 
لە سەرتاسەری لاتڤیادا، خزمەتگوزارییەکانی پێشکێشکردنی "مێرد بۆ کاژێرێک" بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. کۆمپانیاکانی وەک (کۆماندا24) بەڵێنی ناردنی "پیاوانی دەست زێڕین" دەدەن، کرێکارانێک کە دەچنە ماڵان بۆ چاککردنی بۆرییەکان، هەڵواسینی تەلەڤزیۆن، چاککردنی کەوانتەر یان هەر ئامێرێکی ماڵەوە کە لەکار کەوتبێت.
 
خزمەتگوزارییەکی دیکە بە ناوی (Remontdarbi.lv)، بیرۆکەکەی بردووەتە ئاستێکی دیکە و بە ئاشکرا کرێکارەکانی وەک "مێردی بەکرێگیراو" وەسف دەکات. 
 
خوازیاران لەڕێگەی ئۆنلاین یان تەلەفۆنەوە داوا دەکەن و لە ماوەیەکی کەمدا پیاوێک لە دەرگا دەدات، نەک بۆ خۆشەویستی یان مشتومڕ لەسەر پلانی پشووی هەفتە و بنەماڵەی یەکدی، بەڵکو تەنیا بۆ بۆیاخکردنی دیوارەکان یان چاککردنی پەردەکان.
 
دیاردەیەکی جیهانی
 
لاتڤیا تاکە وڵات نییە ئەمەی تێدا رووبدات. بیرۆکەکە لە ساڵی 2022دا لە بەریتانیا ناوبانگێکی جیهانیی دەرکرد، کاتێک دایکێکی خاوەن سێ منداڵ بە ناوی لۆرا یەنگ، براندێکی بازرگانیی بە ناوی (مێردە دەستڕەنگینەکەم بەکرێ بگرە) دامەزراند، کە تێیدا جەیمسی هاوژینی بۆ کاری دەستی بە کرێ دەدا. جەیمس لە بەرامبەر 44 دۆلار لە کاژێرێکدا، حەمامی کاشی دەکرد، فەرشی دادەنا، ژووری دیکۆر دەکرد و ئەوەندە سەرقاڵ بوو کە زۆرجار ناچار دەبوو خەڵک رەت بکاتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گۆڕەپانەکە 20 هەزار مەتر چوارگۆشەیە.

گەورەترین گۆڕەپانی خلیسکێنەی سەر بەفر لە مۆسکۆ کرایەوە

لە مۆسکۆ دەستپێکی وەرزی زستان راگەیێندرا. لە ناوەندی پێشانگەکانی سەرەکیی رووسیا گەورەترین گۆڕەپانی سەهۆڵبەندان لە ئەورووپا کەوتە کار. هەزاران دانیشتووی مۆسکۆ و گەشتیاران روویان لە گۆڕەپانەکە کردووە.