حکومەتی بەنین هەوڵێکی کودەتای پووچەڵکردەوە

50 خولەک له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
ژمارەیەک سەربازی بەنین دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی کودەتاکە لەسەر تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکە دەرکەوتن.
ژمارەیەک سەربازی بەنین دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی کودەتاکە لەسەر تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکە دەرکەوتن.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی کۆماری بەنین لە رۆژئاوای ئەفریقا رایگەیاند، هەوڵێکی کودەتای پووچەڵکردووەتەوە، تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوەی گرووپێک لە سەربازان لە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەوە رایانگەیاندبوو کە پاتریس تالۆنی سەرۆکیان لەسەر کار لابردووە. سەرچاوە سەربازی و ئەمنییەکان رایانگەیاندووە، 12 سەرباز دەستگیرکراون، لەنێویاندا ئەوانەی لەپشت هەوڵەکەوە بوون.
 
ناوچەی رۆژئاوای ئەفریقا لە ساڵانی رابردوودا رووبەڕووی زنجیرەیەک کودەتا بووەتەوە، لەوانە لە دراوسێکانی باکووری بەنین، نەیجەر و بورکینا فاسۆ، هەروەها مالی، گینیا و ئەم دواییانەش گینیا بیساو.
 
تالۆن، کە 10 ساڵە لە دەسەڵاتدایە و ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بە گەشەی ئابووریی بەهێز و هەروەها زیادبوونی تووندوتیژیی جیهادی ناسراوە، بڕیارە لە مانگی نیسانی داهاتوو دەسەڵات رادەست بکات.
 
بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 07-12-2025، گرووپێک سەرباز کە خۆیان بە لیژنەی سەربازی بۆ دووبارە بنیاتنانەوە (CMR) وەسفدەکرد، لە تەلەڤزیۆنی فەرمی رایانگەیاند کە بڕیاریان داوە "بەرێز پاتریس تالۆن لە پۆستی سەرۆکی کۆمار لاببرێت."
 
ماوەیەکی کەم دوای راگەیاندنەکە، سەرچاوەیەکی نزیک لە تالۆن رایگەیاند، سەرۆک سەلامەتە و کودەتاچییەکانی بە "گرووپێکی بچووکی خەڵک کە تەنیا تەلەڤزیۆنەکەیان کۆنترۆڵ کردووە" وەسف کرد. سەرچاوەکە گوتیشی: "سوپا خەریکە کۆنترۆڵ وەردەگرێتەوە. شارەکە [کۆتۆنۆ] و وڵاتەکە بە تەواوی ئارامن."
 
ئەلاسان سەیدۆ، وەزیری ناوخۆی بەنین راگەیێندراوەکەی سەربازەکانی بە "سەرپێچی" وەسف کرد کە ئامانجی "تێکدانی سەقامگیریی وڵات و دامەزراوەکانیەتی."
 
ئەو هەشت سەربازەی لە تەلەڤزیۆن دەرکەوتن، پاسکال تیگرییان وەک "سەرۆکی" لیژنەکەیان راگەیاند و پاساویان بۆ کردەوەکەیان هێنایەوە، وەک: "خراپبوونی بەردەوامی دۆخی ئەمنی لە باکووری بەنین،" "فەرامۆشکردنی سەربازە کوژراوەکان" و "بەرزکردنەوەی نادادپەروەرانەی پلە."
 
کۆمەڵەی ئابووریی وڵاتانی رۆژئاوای ئەفریقا (ECOWAS) و یەکێتیی ئەفریقا بە تووندی سەرکۆنەی هەوڵی کودەتاکەیان کرد.
 
هەر لە وەرگرتنی سەربەخۆییان لە فەرەنسا لە 1960، کۆماری بەنین بە چەندین کودەتا و هەوڵی کودەتادا تێپەڕیوە.
 
پاتریس تالۆن کە پێشتر بازرگان بوو، لە ساڵی 2016ـەوە سەرۆکی وڵاتەکەیە و ئێستا لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەتی.
 
کۆماری بەنین لە رۆژئاوای ئەفریقایە و لەگەڵ هەریەک لە تۆگۆ، نایجیریا، بورکینا فاسۆ و نەیجەر هاوسنوورە. زمانی فەرەنسا زمانی سەرەکییە جگە لەوە، بە نزیکەی 40 زمانی دیکە لە وڵاتەکەدا قسە دەکرێ، یەکێکیان زمانی عەرەبییە.
 
نەتەوەی (فۆن) زۆرترینی وڵاتەکەن کە 38.4٪ـی دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن. 52.2٪ـی دانیشتووانەکەی کریستیان و 24.5٪ موسڵمانن.
 
کۆماری بەنین 114 هەزار و 763 کیلۆمەتر دووجایە و 13 ملیۆن و 755 هەزار کەسی لێدەژی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گۆڕەپانەکە 20 هەزار مەتر چوارگۆشەیە.

گەورەترین گۆڕەپانی خلیسکێنەی سەر بەفر لە مۆسکۆ کرایەوە

لە مۆسکۆ دەستپێکی وەرزی زستان راگەیێندرا. لە ناوەندی پێشانگەکانی سەرەکیی رووسیا گەورەترین گۆڕەپانی سەهۆڵبەندان لە ئەورووپا کەوتە کار. هەزاران دانیشتووی مۆسکۆ و گەشتیاران روویان لە گۆڕەپانەکە کردووە.