بەهۆی قاچاخچییەکی کوردەوە ئاشکرابوو؛ بەلجیکا سزای 11 ساڵ زیندانیی بەسەر قاچاخچییەکی تورکدا سەپاند

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگایەکی بەلجیکا سزای 11 ساڵ زیندانی و پێبژاردنی 400 هەزار یۆرۆی بەسەر قاچاخچییەکی تورکدا سەپاند، کە دابینکەری سەرەکیی بەلەم بووە بۆ پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ بەریتانیا. ئەو قاچاخچییە لە رێگەی لێکۆڵینەوە لە مۆبایلی قاچاخچییەکی کوردەوە ئاشکرا بووە.
 
دادگای شاری برووج لە بەلجیکا سزای بەسەر "ئادەم ساڤاس"ی تەمەن 45 ساڵدا سەپاند، ئەوەش بە تۆمەتی دابینکردنی هەزاران بەلەم و بزوێنەر بۆ باندەکانی قاچاخچێتی و ئەندامبوون لە گرووپێکی تاوانکاریی رێکخراو. جگە لەو، سێ کەسی دیکە لە هەمان دۆسیەدا بە کۆی گشتی 38 ساڵ زیندانی سزادران.
 
ئادەم ساڤاس رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2024 لە فڕۆکەخانەی "شیپۆڵ"ـی ئەمستردام دەستگیرکرا و رادەستی بەلجیکا کرایەوە.
 
ناوی ساڤاس بۆ یەکەمجار لە کاتی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی "هیوا رەحیم پوور" دەرکەوت، کە سەرۆکێکی کوردی باندەکانی قاچاخچێتی بوو و ساڵی 2022 لە لەندەن دەستگیرکرا.
 
رەحیم پوور کە سەرکردایەتیی تۆڕێکی گەورەی دەکرد و بەرپرس بوو لە گواستنەوەی زیاتر لە 10 هەزار کۆچبەر بۆ بەریتانیا، ئێستا سزای 13 ساڵ زیندانیی لە بەلجیکا بەسەردا سەپێنراوە. پشکنینی مۆبایلەکانی رەحیمپوور دەریخست کە "ئادەم ساڤاس" دابینکەری سەرەکیی کەلوپەل و بەلەمەکانی ئەو بووە.
 
چۆن کاریان کردووە؟
 
رۆب جۆنس، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکانی ئاژانسی نیشتمانیی رووبەڕووبوونەوەی تاوان لە بەریتانیا رایگەیاند: "ئادەم ساڤاس بێگومان گەورەترین دابینکەری بەلەم بوو. ئەو لەژێر پەردەی کۆمپانیایەکی یاسایی دەریاییدا کاری دەکرد، بەڵام دەیزانی کەلوپەلەکانی بۆ کاری کوشندە بەکاردێن."
 
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ساڤاس بزوێنەری هەرزانی مارکەی (Parsun)ـی لە چینەوە هاوردە کردووە. کەلوپەلەکان بە رێگەی وشکانی لە تورکیاوە بۆ بولگاریا و پاشان بۆ ئەڵمانیا گواستراونەتەوە و هەڵگیراون تاوەکو لە نۆکەندی ئینگلیز بەکاربهێنرێن.
 
قازانجی زۆر و کارەساتی مرۆیی
 
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ساڤاس تەنیا لە ساڵی 2023ـدا دابینکەری کەلوپەلی نیوەی ئەو بەلەمانە بووە کە بە نۆکەندی ئینگلیزدا پەڕیونەتەوە؛ بۆ هەر پاکێجێکی بەلەم و بزوێنەر نزیکەی چوار هەزار پاوەندی وەرگرتووە و ملیۆنان پاوەند قازانجی کردووە.
 
لە یەکێک لە نامەکاندا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تشرینی دووەمی 2021، هیوا رەحیم پوور وێنەی ئەو جۆرە بەلەمە سپییانەی بۆ ساڤاس ناردووە کە لە رووداوێکی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکدا بەکارهێنرابوون و تێیدا 27 کۆچبەر گیانیان لەدەستدابوو.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، پار (2025) سەروو 40 هەزار کۆچبەر بە نۆکەندی ئینگلیزدا چوونەتە بەریتانیا، لەکاتێکدا ساڵی پێشتر (2024) ژمارەکە 36 هەزار و 816 کەس بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە