جیهان
دامەزراوەی خەڵاتە نێودەوڵەتییەکان لە نیویۆرک لە چوارچێوەی (خەڵاتەکانی دیزاینی فەرەنسی)دا، خەڵاتی زیوینی بەخشییە بەشی کرێیتیڤی تۆڕی میدیایی رووداو
تۆڕی میدیایی رووداو بە دڵخۆشییەوە هەواڵی بردنەوەی خەڵاتێکی نێودەوڵەتیتان پێ رادەگەیێنێت. دامەزراوەی خەڵاتە نێودەوڵەتییەکان لە شاری نیویۆرک ئەم ساڵ لە چوارچێوەی (خەڵاتەکانی دیزاینی فەرەنسی)دا، خەڵاتی زیوینی بەخشییە بەشی کریێتڤی تۆڕی میدیایی رووداو، لە بواری دیزاینی داهێنەرانە و گرافیک و وێنە روونکارییەکان دا Conceptual Design - Graphic & Illustration.
بەشی کریێتڤی رووداو لە ژمارەیەک دیزاینەر و گرافیستی داهێنەر پێکدێت کە بەردەوام کاری نوێگەرییانە پێشکێش دەکەن. ئەم خەڵاتە جیهانییەش دەبێتە هاندەر بۆ داهێنانی زیاتری ئەو بەشەی تۆڕی میدیایی رووداو.
کۆمیتەی خەڵاتەکانی دیزاینی فەرەنسی لە پیرۆزبایینامەکەیاندا نووسیویانە: "تۆڕی میدیایی رووداوی ئازیز، دڵخۆشین پێتان رادەگەیێنین کە کارە ناوازەکانتان بوونەتە یەکێک لە هێما دیار و جیاوازەکان لەنێو تەواوی پێشەسازی دیزاین دا".
محەممەد سەفار، بەڕێوەبەری بەشی کریێتڤی تۆڕی میدیایی رووداو، دەڵێ "ئەم خەڵاتە بۆ هەموو گەنجێکی داهێنەری کوردستانە کە هاوباوەڕمانە لەوەی داهێنان بێ سنوورە. بەردەوام دەبین لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە داهێنان و دەستکەوتی زیاتر لە داهاتوویەکی نزیک دا."
کۆمیتەی خەڵاتەکانی دیزاینی فەرەنسی لە پیرۆزبایینامەکەی دا بۆ رووداو دەڵێت "دەستکەوتە ناوازەکانتان، وایکردووە هەوڵەکانتان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەرز بنرخێندرێن و رێزیان لێبگیرێت".
تۆڕی میدیایی رووداو بەپشتیوانی خەڵکی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر داهێنان و سەلماندنی پێشەنگێتی گەنجانی کوردستان بەشێوازێکی سەنگین، لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان دا.
تۆڕی میدیایی رووداو
22-02-2026
رووداو بە چی خەڵاتەکەی بردەوە؟
لە یادی 12 ساڵەی دامەزراندنی رووداو، تیمی کریێتڤ لە رووداو دیجیتاڵ بیریان لە ساڵیادێکی جیاواز کردەوە؛ 12 دیزاینی واتاداریان دروستکرد.
دیزاینەکان لەبارەی بابەتی جیاواز بوون کە پەیوەندیدار بوون بە ژمارە 12وە. بۆ نموونە: 12 سوارەی مەریوان، 12 دادوەر لە سیستمی دادوەریدا و 12 تابلێتە قوڕینەکەی گلگامش و هتد.
کۆنسێپت و دیزاینی کارەکە لە لایەن محەممەد سەفار، بەڕێوەبەری بەشی کریێتڤ کراوە و هێمن بەکر، ئیدیتۆری پێشکەوتوو لە رووداو دیجیتاڵ هاوکاریی بووە لە هەڵبژاردنی بیرۆکەکاندا.
ئەمەی خوارەوە نموونەی کارەکەیە کە پار لە رووداو بڵاوکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ