رۆژی هەڵبژاردن لە پاکستان خوێناوی بوو؛ حەوت کارمەندی ئاسایش کوژران

08-02-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هەڵبژاردنەکانی پاکستان بەردەوامە و تائێستا حەوت کارمەندی ئاسایش لە دوو تەقینەوەدا کوژراون.
 
رۆژی پێنجشەممە، 8-2-2024، پۆلیسی پاکستان رایگەیاند، "پێنج کارمەندی ئاسایش لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵات لەکاتی ئەرکدا کوژراون." پۆلیسی ئەو وڵاتە هەروەها رایگەیاند، "سێ ئەفسەری دیکە بریندارن."
 
شەهید ئیسلام، بەرپرسێکی پۆلیسی ئەو وڵاتەیە و دەڵێت، "هێرشەکە لە شاری دێرا ئیسماعیل لە پارێزگەی پاختونخوا کراوە."
 
تائێستا پۆلیس ناسنامەی ئەو کەسانەی ئاشکرا نەکردووە کە ئەنجامدەری تەقینەوەکەن و راشی نەگەیاندووە کە دەستگیری کردبن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە هەڵبژاردنی گشتی لە پاکستان بەڕێوەدەچێت و عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە و سەرۆکی پارتی "ئینساف تەحریر پاکستان" براوەی دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی بە تۆمەتی گەندەڵی و نەپاراستنی نهێنی وڵات و هەروەها ئەنجامدانی هاوسەرگیری ناشەرعی بە کۆی 24 ساڵ زیندانی سزا دراوە و کەشوهەوای هەڵبژاردنەکانی تاڕادەیەکی زۆر ئاڵۆز کردووە.
 
ئەمە لە کاتێکدا هەر ئەمڕۆ بەیانی تەقینەوەیەک لە شارۆچکەی لەجە لە پارێزگەی بەلووچستان لە پاکستان روویدا کە بووە هۆی کوژرانی دوو کەس و برینداربوونی نۆی دیکە.
 
دوێنێ چوارشەممە، پۆلیسی هەرێمی بەلووچستانی پاکستان زانیاری سەرەتایی سەبارەت بە دوو تەقینەوەی بڵاوکردەوە و گوتی، "نزیکەی کاژێر 10 (12ی نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر) لە دوو تەقینەوەدا لانیکەم 22 کەس کوژران؛ لە تەقینەوەی یەکەمدا 12 کەس کوژران و لە دووەمیاندا 10 کەس."
 
جان ئاچاکزای، وەزیری زانیاریی پاکستان رایگەیاند، "تەقینەوەی یەکەم لە بەردەم نووسینگەی بەربژێرێكی سیاسی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی پاکستان لە ناوچەی پیشینی بەلووچستان تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە 12 کەس کوژراون." تەقینەوەی دووەمیش بە گوتەی ئاچاکزای "لە رێگەی ماتۆڕێكی بۆمبڕێژکراوەوە بووە کە ئەویش لە نزیک بنکەی پارتێكی سیاسی بووە لە نزیک ئەو ناوچەیەی کە تێیدا یەکەمین تەقینەوە روویداوە".
 
عیمران خان لە تۆڕی ئێکسدا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و تیێدا داوای لە لایەنگرانی کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و بە ئارامی بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن و چاوەڕێ بن تاوەکو ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رادەگەیێندرێن.
 
لە کۆی 241 ملیۆن هاووڵاتی پاکستان؛ زیاتر لە 128 ملیۆن کەس مافی دەنگدانی هەیە بۆ هەڵبژاردنی 266 پەرلەمانتار لە سەرووی 5 هەزار بەربژێری پیاو و 312 بەربژێری ژن سەر بە 167 پارتی سیاسی.
 
پارتی ئینساف تەحریکی پاکستان وەک گەورەترین پارتی پاکستان سەیر دەکرێت و حیزبی عیمران خانە. لەلایەکی دیکەوە، پارتی رابیتەی ئیسلامی – نەواز کە لەلایەن نەواز شەریفەوە سەرکردایەتیی دەکرێت و پێشتر سەرۆکوەزیران بووە، رکابەریی ئینساف تەحریک دەکات. چەند شرۆڤەکارێک رایانگەیاندووە، "نەواز دەیباتەوە."
 
 پارتی گەل، پارتێكە تاڕادەیەک لیبراڵە بە سەرۆکایەتی بیلاوال بۆتۆ، کوڕی بینەزیر بۆتۆ کە دوو خول سەرۆکوەزیرانی پاکستان بووە.
 
پارتەکانی دیکە وەک "عەوامی نیشتمانی" و "کۆمەڵەی ئیسلامی" و "کۆمەڵگەی زانایانی ئیسلام" و دەیانی دیکە بەراورد بە سێ پارتە گەورە و سەرەکییەکان توانای بەدەستهێنانی دەنگی زۆریان نییە و زیاتر بە چوونە نێو هاوپەیمانیەکانەوە دەرفەتی دەسەڵاتیان دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.