رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە کۆشکی ئیلیزێ پێشوازی لە نادیە موراد، کچە کوردی ئێزدیی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کرد.
ماکرۆن وێنەی دیدارەکەیانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: "زۆر دڵخۆشم بە بینینەوەی نادیە موراد، دەنگی بوێری رزگاربووان."
ماکرۆن هەروەها دەڵێت: وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە "پاراستنی ژنان، داکۆکیکردن لە مافی هەمووان، پەرەپێدانی ئاشتی و فەرەنسا لەگەڵ ئەو کەسانەدایە کە سەپاندنی چارەنووس رەتدەکەنەوە و لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە."
کچە کوردە ئێزدییەکە کە رزگاربووی دەستی داعشە و ئێستا وەک چالاکڤانێکی بواری مافەکانی مرۆڤ کاردەکات، لە پۆستێکدا سوپاسی سەرۆککۆماری فەرەنسا دەکات و دەڵێت: "شکۆمەندییە کە لە چەند ساڵی رابردوودا لەسەر ئەم پرسە گرنگانە پێکەوە لەگەڵ ئێوە کارمکردووە، چ لە لووتکەی جی 7 لە بیاریتز، کۆڕبەندی یەکسانیی نەوەکان بۆ پەرەپێدانی مافی ژنان و ئاشتی یانیش لە رێگەی هەوڵە هاوبەشەکانمان بۆ دەستەبەرکردنی قەرەبووی پێویست بۆ ئەو کەسانەی لە ناوچەی ململانێ لە تووندوتیژیی سێکسی رزگاریان بووە."
نادیا موراد هەروەها دەڵێت: "ئەو پێکەوەکارکردنەمان بووەتە هۆی بەهێزکردنی بڕوای من بە هێزی هاوبەشی بۆ بەدیهێنانی پێشکەوتن لە بواری مافەکانی مرۆڤ و ئاشتیدا."
لە هێرشەکەی بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014دا، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و هەزاران کەسیشی رفاند، لە نێویاندا خێزانەکەی نادیە موراد.
بە گوێرەی دوایین نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکان، لەو کاتەدا داعش 6 هەزار و 417 کوردی ئێزدیی رفاندن، کە سێ هەزار و 548یان ژن و دوو هەزار و 869یان پیاو بوون. تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 583 کەس لەوانە رزگارکراون.
بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدی ئاوارەبوون؛ بە گوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکان، بەهۆی هێرشی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.
بەپێی ئامارەکانی نووسینگەکە، تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 558 کەس بێسەروشوێنن کە هەزار و 255یان ژن و هەزار و 333 کەسیان ژنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ