رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا دەڵێت، لە 25٪ـی وڵاتانی جیهاندا مافی ژنان لاواز بووە؛ هۆکارەکانیش زۆرن، لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە بیگرە تاوەکو پاشەکشەی دیموکراسی.
لە راپۆرتەکە هاتووە: "دیموکراسیی لاواز دەبێتە هۆی پاشەکشە لە یەکسانیی رەگەزی، گرووپە دژبەرەکانیش مافی ژنان زیاتر تێکدەدەن."
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە 35 وڵات کراوە کە پاشەکشەی یەکسانیی رەگەزیان تێدایە لەوانەش ئیسپانیا، ئەڵمانیا، کەنەدا، هۆڵەندا، فلیپین، بەرازیل، پێرو، لوبنان، ئوردن، تونس، ئوسترالیا، مەنگۆلیا، ئەفریقای باشوور، مالی و زیمبابوێ.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەک لەسەر چواری وڵاتانی جیهان پاشەکشەیان لە یەکسانیی رەگەزی کردووە و رێککەوتننامەی بەیجینگ جێبەجێ ناکەن.
رێککەوتننامەی بەیجینگ لە ساڵی 1995 لەژێر ناوی (سەکۆی بەیجینگ بۆ هەنگاونان) لەنێوان وڵاتانی جیهان کرا و تایبەتە مافی ژنان؛ 189 وڵات لەسەر 12 خاڵی گرنگ تایبەت بە مافەکانی ژن، لەوانەش یەکسانیی رەگەزی، خوێندن و پەروەردە، چاودێریی تەندروستی، بەشداریی سیاسی و کۆتاییهێنان بە تووندوتیژی دژی ژنان رێککەوتن.
بەگوێرەی UN، دوای 30 ساڵ لەو کۆنفرانسە جیهانییە، پەرەسەندن و پێشکەوتنەکان لە مافی ژنان تێکەڵە، بە جۆرێک "لەنێوان 1995 تاوەکو 2024، هەزار و 531 چاکسازیی یاسایی لە پێناو ژنان کراون، بەڵام هشتا ژنان تەنیا 64٪ـی تەواوی ئەو مافانەیان هەیە کە پیاوان هەیانە."
سیاسەت، پاراستن و هەلی کار
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات کە "لە ساڵی 1995ـەوە لە پەرلەمانەکانی سەرانسەری جیهان، بەشداریی ژنان زیاتر لە دوو هێندە بووە، بەڵام هێشتا پیاوان 75٪ـی پەرلەمان پێکدەهێنن. هەروەها لە تەواوی مێژوودا تەنیا 87 وڵات سەرۆکی ژنیان هەبووە."
هەروەها "لەنێوان 2010 و 2023 پاراستنی ژنان یەک لەسەر سێ زیادیکردووە، بەڵام هێشتا دوو ملیار کچ و ژن لەو مافە بێبەشن و ناپارێزرێن."
لەنێوان 2019 و 2024، رێژەی ئەو ژنانەی ئینتەرنێت بەکاردەهێنن 50٪ـەوە بۆ 60٪ زیادی کردووە، بەڵام هێشتا پێویستە پاراستنیان زیاتر بکرێت".
لەنێوان 2003 و 2023، بەگوێرەی راپۆرتەکە، زوو بەشوودانی کچان لە 24٪ بۆ 19٪ دابەزیوە، "بەڵام ئەو دابەزینە لەنێو خێزان و ماڵە دەوڵەمەندەکان سێ هێندە زیاتر بووە وەک لە ماڵە هەژارەکان."
لە ساڵی 1995ـەوە تاوەکو 2024 ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە یاسایان بۆ قەدەخەکردنی جیاکاری رەگەزی لە دامەزراندن و هەلی کاردا دەرکردووە، لە 58ـەوە بۆ 162 وڵات زیادی کردووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، یەکسانیی رەگەزی لە دامەزراندن و هەلی کاردا هێشتا لە دوای چەندین دەیە نەگۆڕە، بە جۆرێک "63٪ـی ئەو ژنانەی تەمەنیان لەنێوان 25 بۆ 54 ساڵە کاریان هەیە، لە بەرامبەردا رێژەی پیاوان 92٪ـە."
لەلایەکی دیکە، لە سەرانسەری جیهان 772 ملیۆن ژن لە ئابووریی نافەرمی و ئەو جۆرە پیشانە کاردەکەن کە ئاسایشیان تێدا کەمە.
تووندوتیژی و ململانێ
راپۆرتەکە دەڵێت هەژاری، ڤایرۆسی کۆرۆنا، ململانێ جیهانییەکان، گۆڕانی کەشوهەوا و ژیریی دەستکرد هەڕەشەی جیدیان بۆ سەر یەکسانیی رەگەزی دروستکردووە.
بۆ نموونە "ئەو تووندوتیژییە سێکسییانەی بەهۆی ململانێ و تەنگژە چەکداری و سیاسییەکانەوە دەکرێن، لە 3 ساڵی رابردوودا 50٪ زیادیان کردووە؛ 95٪ـی قوربانییەکانیش کچان و ژنانن."
لە ساڵی 2023ـدا، هەروەک UN باسی دەکات، 612 ملیۆن ژن لە دووریی 50 کیلۆمەتر لە ناوچەکانی شەڕ و ململانێی چەکداری ژیاون و "لە ساڵی 2010ـەوە رێژەکە 54٪ زیادی کردووە."
لە سەرانسەری جیهاندا "لە هەر سێ ژنێک یەک ژن لە ماوەی ژیانی، دووچاری تووندوتیژیی سێکسی یان جەستەیی لەلایەن کەسێکی نزیکییەوە دەبێتەوە، ئەو ژمارەیەش یەکسانە بە 736 ملیۆن کچ و ژن. هەروەها، هەموو 10 خولەک جارێک ژنێک یان کچێک لەلایەن هاوژین یان ئەندامێکی خێزانەکەی دەکوژرێت."
لە ساڵی 2015 وڵاتە ئەندامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر چوارچێوەیەکی جیهانی لە ژێر ناوی (ئەجێندای 2030 بۆ گەشەی بەردەوام) رێککەوتن. لە رێککەوتنەکەدا 17 ئامانجی گەشەی بەردەوام باسکران کە بۆ کۆتاییهێنان بە هەژاری، یەکسانیی رەگەزی، بەهێزکردنی کچان و ژنان، پاراستنی هەسارەی زەوی و دڵنیابوونەوە لە خۆشگوزەرانی و ئامانجیانە تاوەکو 2030 بەدی بهێنرێن.
کارکردن بە ئاراستەی باشترکردن
نەتەوە یەکگرتووەکان لە شەش خاڵ پێشنیازی چارەسەرکردنی کێشەی نایەکسانیی رەگەزی دەکات و دەڵێت، بۆ ئەوەی ئەو ئامانجانە تاوەکو 2030 بەدەستبهێندرێن، پێویستە:
1. شۆڕشێکی دیجیتاڵی بۆ هەموو کچ و ژنان بەرپابێت: ژنان بە یەکسانی دەستیان بە تەکنەلۆژیا بگات، رێبەرایەتیی لە بوارەکانی ژیریی دەستکرد و دیجیتاڵی بکەن، یارمەتییان بدرێت لە پاراستنیان کاتێک ئینتەرنێت بەکاردەهێنن.
2. لە هەژاری رزگاریان بێت: وەبەرهێنان لە پاراستن، چاودێریی تەندروستی، پەروەردە و گرنگیپێدانی ژنان بکرێت بۆ ئەوەی لە گەشە و خۆشگوزەرانییان یارمەتییان بدرێت و دەستیان بە کار و پیشەی خۆیان بگات.
3. تووندوتیژی نەمێنێت: وڵاتان یاسای تایبەت بە کۆتاییهێنان بە تووندوتیژی بەرامبەر کچان و ژنان تێپەڕێنن، پلانی بەهێز بۆ پاڵپشتیکردنی رێکخراوەکان دابنێن و رێگە لە تووندوتیژی بگرن.
4. بە یەکسانی دەسەڵاتی بڕیاردانیان پێبدرێت: رێگە بە ژنان بدرێت بەشداریی سیاسەت و پەرلەمان بکەن، یارمەتییان بدرێت لەوەی بڕیار بەدەستبن.
5. ئاشتی و ئاسایش: دەوڵەت ئەو پلانانە پارەدار بکات کە بۆ ژنان، ئاشتی و ئاسایش دانراون، پاڵپشتییەکی تەواو و بەردەوام لەو رێکخراوانە بکات کە کار بۆ مافی ژنان و ئاشتیی بەردەوام دەکەن.
6. دادپەروەریی کەشوهەوا: لە پلانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا ژنان پێشبخرێن و سەرکردایەتییان بەهێز بکرێت؛ هەروەها دڵنیابینەوە لەوەی ژنان و کچان سوود لە (پیشەی سەوز) وەردەگرن.
پیشەی سەوز ئەو کارەیە کە بۆ پاراستنی ژینگە و کەشوهەوا دەکرێت، لەوانەش کارکردن لە بواری وزەی نوێبووەوە، وزەی خاوێن، بەڕێوەبردنی پاشماوە و کشتوکاڵی بەردەوام.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، سەرنج خستنە سەر ژنان و کچان لەو شەش پێشنیازە، سەرکەوتنی ئێستا و داهاتوو مسۆگەر دەکات، هەروەها تاوەکو 2030 ئامانج و مافەکانی ژنان بەهێزتر دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ