راوێژکاری چاوەڕوانکراوی ئەڵمانیا دەڵێت کۆچی نایاسایی سنووردار دەکەن

08-03-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فرێدریک مێرتز، براوەی هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا رۆژی شەممە، رایگەیاند لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ بەشداربووانی حکومەتی داهاتووی وڵاتەکەی، لەسەر سنووردارکردنی تووندی کۆچی نایاسایی رێککەوتوون.
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD)، مێرتز کە سەر بە فراکسیۆنی هاوپەیمانیی کریستیانی CDU/CSU یە، گوتی، وڵاتی خاوەن گەورەترین ئابووریی ئەورووپا ئەو کۆچبەرانەی بەڵگەنامەی یاساییان نییە، لەسەر سنوورەکانی رەتدەکاتەوە، لەوانەش پەناخوازان.
 
دوای چەندین رۆژ لە هەوڵدان بۆ رێککەوتن لەسەر سیاسەتە سەرەکییەکان، ئەم دوو پارتە گەورەیە ئێستا بەنیازن دەست بە گفتوگۆی چڕ و پڕ بکەن بۆ ئەوەی کابینەی حکومەتی نوێ پێکبێنن. 
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا، مێرتز، کە بە راوێژکاری چاوەڕوانکراوی ئەڵمانیا دادەنرێت، گوتی "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دراوسێ ئەورووپییەکانمان، داواکارییەکانی مافی پەنابەری لەسەر سنوورە هاوبەشەکانمان رەتدەکەینەوە".
 
گوتیشی: "دەمانەوێت هەموو رێوشوێنە دەستوورییەکان بگرینەبەر بۆ کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی،" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەڵمانیا "لە یەکەم رۆژی حکومەتە هاوبەشەکەمانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کۆتوبەندی سنوور زیاد دەکات".
 
بانگەشەی هەڵبژاردنەکەی 23ـی شوبات، پڕ بوو لە مشتومڕ لەسەر بابەتی کۆچبەران و سێبەری ژمارەیەک هێرش کە دەخرێنە پاڵ پەنابەران، باڵی بەسەر بانگەشەکەدا کێشابوو. 
 
زیادبوونی ترسی خەڵک لە کۆچبەر و پەنابەران، یارمەتیی بەهێزبوونی پارتی راستڕۆی تووندڕۆی دژە کۆچبەری جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD)ـی دا، کە رێژەی پێوانەیی زیاتر لە 20٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا. 
 
مێرتز کە ماوەیەکی درێژە رکابەرێکی بەرچاوی ئەنجێلا مێرکلی راوێژکاری پێشووە لە نێو پارتی CDUـدا، بەڵێنی داوە کۆچی نایاسایی سنووردار بکات و گۆڕانکاری لە سیاسەتی وەرگرتنی کۆچبەر و پەنابەران بکات. 
 
مێرتز چاوی لەوەیە، لە رێگەی ئەو سیاسەتە دژە کۆچبەرەیەوە، ئەو دەنگانەی بۆ AfD چوون، بگەڕێنێتەوە، لە کاتێکدا زیادبوونی دەنگەکانی AfD بۆ زۆربەی دانیشتووانی وڵاتەکە شتێکی سەرسوڕهێنەر بوو. 
 
زنجیرەیەک هێرش
 
رۆژی شەممە، مێرتز گوتی ئەڵمانیا کۆتایی بە ژمارەیەک بەرنامە خزمەتگوزاریی پەنابەران دێنێت.
 
حکومەتە نوێیەکەی هەروەها بەیەکگەیشتنەوەی خێزانەکان بۆ ئەوانەی مافی پاراستنی لاوەکییان هەیە هەڵدەوەشێنێتەوە. 
 
واتە ئەو پەناخوازانەی داوای مافی پەنابەرێتییان رەتکراونەتەوە، بەڵام لەبەر نائارامیی وڵاتەکانیان دیپۆرت نەکراونەتەوە، ناتوانن وەک جاران بانگێشتنامە بۆ کەسوکاریان بنێرن تاوەکو لە ئەڵمانیا یەکبگرنەوە. 
 
مێرتز هەروەها گوتی، ئەو بیانییانەی داوایان لێ کراوە ئەڵمانیا جێبێڵن، بەڵام نەڕۆشتوونەتەوە، دەسەڵات بە پۆلیسی فیدراڵی دەدرێت دەستگیریان بکات بۆ ئەوەی دیپۆرت بکرێنەوە. 
 
ئەندریاس رۆسکۆپف، بەرپرس لە هێزی پۆلیسی فیدرالی بە رۆژنامەی رێنیشە پۆستی گوت، پلانەکان شیاوی جێبەجێکردنن و "پۆلیسی فیدراڵی دەتوانێت ئەمە جێبەجێ بکات"، بەڵام داوای کارمەندی زیاتر، پارە و تەکنەلۆژیای کرد.
 
پێش هەڵبژاردنی ئەڵمانیا، گفتوگۆی توند لەسەر کۆچ و زیادبوونی پشتیوانی بۆ AfD کەشەکەی تەنیبوو. 
 
لە مانگی کانوونی یەکەم، پیاوێکی سعودیی گومانلێکراو دەستگیر کرا دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلێکی بە خێراییەکی زۆرەوە بەناو خەڵکی بازاڕی کریسمسدا کرد، کە بووە هۆی کوژرانی شەش کەس و برینداربوونی سەدانی دیکە لە شاری ماگدێبورگی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا. هێرشکارەکە دژی وەرگرتنی کۆچبەران بوو. 
 
لە مانگی کانوونی دووەم، پیاوێک بە چەقۆی چێشتخانە هێرشی کردە سەر گرووپێکی باخچەی ساوایان، کە بووە هۆی کوشتنی کوڕێکی دوو ساڵان و پیاوێک کە هەوڵیدا منداڵەکان بپارێزێت.
 
پۆلیس پیاوێکی ئەفغانی 28 ساڵانی لە شوێنی هێرشەکە لە شاری ئاشافێنبورگی باشوور دەستگیر کرد.
 
تەنیا 10 رۆژ پێش دەنگدان، پیاوێکی ئەفغانی دەستگیر کرا بە تۆمەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلێک بەنێو شەقامێکی شاری میونشدا، کە بووە هۆی کوشتنی کچێکی دوو ساڵان و دایکی و بریندارکردنی دەیان کەس.
 
هێرشەکان وایانکرد مێرتز لە کاتی بانگەشەکەیدا بەڵێنی "گۆڕانکاریی بنەڕەتی" لە یاساکانی پەنابەری ئەڵمانیا بدات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.