بەهۆی کۆرۆناوە ئەمەزۆن دیلیڤەری دەوەستێنێت

08-04-2020
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن ئەمەزۆن ڤایرۆسی کۆرۆنا
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

ئەمەزۆن، گەورە کۆمپانیای ئەمریکیی تایبەت بە بازاڕی ئۆنلاین بڕیاری وەستاندنی خزمەتگوزاریی گەیاندنی تایبەت بە خۆی داوە، کە بە "ئەمەزۆن شیپینگ" ناسراوە.
 
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، لەبەرئەوەی خەڵک بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ناتوانن بچنە دەرەوە، بۆیە ئێستا لە ماڵەکانیانەوە و لە رێگەی ماڵپەڕی کۆمپانیاکەوە پێداویستییەکانیان دەکڕن و داوادەکەن.
 
لەبەر ئەوەش، ژمارەی کڕیارەکانیان زیادیکردووە و کارمەندەکانی ئەمەزۆن پێڕاناگەن هەموو داواکارییەکانیان بەجێبگەیێنن، بۆیە بڕیاریانداوە بە وەستاندنی خزمەتگوزاریی "ئەمەزۆن شیپینگ"، کە لە چەند شارێکی ئەمریکا بەردەستە و کەلوپەلەکانی ئەمەزۆن و کۆمپانیاکانی دیکەش لە شوێنی کڕینیانەوە دەگوازێتەوە بۆ دەستی کڕیار.
 
ئەو کارمەندانەی لەو خزمەتگوزارییە کاردەکەن دەگوازرێنەوە بۆ کۆگای سەرەکیی کۆمپانیاکە بۆ بەجێگەیاندنی داواکاریی کڕیارەکان.
 
هەروەها کۆمپانیاکە راشیگەیاندووە، بۆ گەیاندنی کەلوپەلەکانی، لەمەودوا پشت بە هەردوو کۆمپانیای گەیاندنی ئەمریکی UPS و FedEx دەبەستێت کە تایبەتمەندن بە گواستنەوە و گەیاندنی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی، لەگەڵ ئەو هەواڵەش، نرخی پشکی هەردوو کۆمپانیاکە بە رێژەی لە 2% بەرزبووەوە.
 
مانگی ئادار ئەمەزۆن بڕیاریدابوو بە دامەزراندنی 100 هەزار کارمەندی نوێ بەهۆی زۆربوونی داواکاری لەسەر کەلوپەلەکانی.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە