رووداو دیجیتاڵ
خۆرگیرانەکەی ئەمڕۆ کە چاوەڕێدەکرێت ماڵی ملیۆنان کەس لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک تاریک بکات، گڕی لە ئینتەرنێت بەرداوە.
لە کاتێکدا ملیۆنان کەس گەشت دەکەن بۆ ئەوەی دیاردە گەردوونییەکە ببینن، بەشێکی دیکەی خەڵک دیاردەکە بە شووم دەبینن و بڕوایان وایە شتێکی خراپی بەدواوەیە.
لە دروستبوونی بوومەلەرزەوە بگرە تاوەکو دەگاتە کرانەوەی دەروازەیەک بەرەو جیهانێکی دیکە و "جادووکردن لە رێگەی سێکسەوە"، بەشێکن لەو بیردۆزانەی پیلانگێڕی کە لەسەر ئینتەرنێت بە فراوانی بڵاوکراونەتەوە.
ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لەو بیردۆزانە کە هیچ بنەمای زانستییان نییە و لە لایەن دامەزراوە تایبەتمەندەکانی ئەمریکاوە بە تەواوی رەتکراونەتەوە:
دەنگۆی یەکەم: دەروازەیەک بەرەو جیهانێکی دیکە دەکرێتەوە
یەکێک لە بیردۆزەکانی پیلانگێڕی دەڵێت، لە ماوەی خۆرگیرانەکەدا، رێکخراوی ئەوروپی بۆ لێکۆڵینەوەی ئەتۆمی، دەستبەکاردەبێت بۆ ئەوەی دەروازەیەک بەرەو جیهانێکی دیکە بکاتەوە یان کونێکی رەش دروست بکات. بەڵام دەزگا ئەوروپییەکە پێشتر لە مانگی ئادار دەستبەکاربوو و تەکنەلۆجیاکەی نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بتوانێت دەروازەیەک یان کونێکی رەش بکاتەوە.
دەنگۆی دووەم: ناسا سێ مووشەک ئاراستەی سێ مانگ دەکات
ئەمەیان دەڵێت، "ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا (ناسا) دەیەوێت لە کاتی خۆرگیرانەکەدا سێ مووشەک ئاراستەی سێ مانگ بکات." بەڵام ناسا دەڵێت، ئامانج لەو سێ مووشەکە، تاقیکردنەوەیەکە لەسەر چینی دەرەوەی بەرگەهەوا.
هەسارەی زەوی تەنیا یەک مانگی هەیە و ئەوانەی دیکەی بە دەوریدا دەخولێنەوە یان تەنی ئاسمانین یانیش مانگی دەستکرد.
دەنگۆی سێیەم: بوومەلەرزە روودەدات
پۆستێک کە نزیکەی دوو هەزار جار لە فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات کە لە شوێنی یەکتربڕینی رێڕەوی خۆرگیرانەکەی ئەمڕۆ و خۆرگیرانەکەی ساڵی 2017، بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر روودەدات. شوێنەکە ویلایەتی ئیلینۆی ئەمریکایە. ئەم بیردۆزەش هیچ بنەمایێکی زانستیی پشتیوانی لێ ناکات.

دەنگۆی چوارەم: مرۆڤێکی باڵدار چەند رۆژێک پێش خۆرگیرانەکە بینراوە
28ی ئادار، وێنەیەکی رەش و سپی لە فەیسبووک بڵاوکرایەوە کە تێیدا دەردەکەوێت شتێک لە شێوەی مرۆڤدایە، دوو باڵی هەیە و دەفڕێت.
لە پۆستەکەدا بە ئیسپانی نووسراوە: "دەنگۆی بینینی مرۆڤێکی باڵدار چەند رۆژێک پێش خۆرگیران، ترس و دڵەڕاوکێ دروست دەکات."
دەنگۆی لەو شێوەیە زیاتر لە 200 جار لە فەیسبووک و تویتەر بڵاوکراونەتەوە و تەنانەت هەندێ کەس بانگەشەی ئەوە دەکەن پەیامبەر عیسا (د.خ) گەڕابێتەوە سەر زەوی.

بەڵام کۆمپانیای فەیسبووک روونکردنەوەی لەسەر ئەو پۆستانە داناوە و دەڵێت، هەموو ئەو دەنگۆیانە ناڕاستن و وێنەکەش پەیوەندیی بە خۆرگیرانەوە نییە، بەڵکو سەرەتا لە ساڵی 2016 لەسەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە.
دەنگۆی پێنجەم: ناسا لە رێگەی سێکسەوە جادوو دەکات
دەنگۆیێکی دیکە لە بارەی سێ مووشەکەکەی ناسا باس لەوە دەکات کە ئاژانسە ئەمریکییەکە دەیەوێت لە کاتی خۆرگیرانەکە جادووێک بکات، بۆ ئەوەش پێویستە کارێکی هاوشێوەی سێکسکردن بکات.
لە ڤیدیۆیێکدا کە لە ئینستاگرام بڵاوکراوەتەوە و زیاتر لە 3 هەزار و 800 لایک کراوە، ژنێک دەڵێت: "ناردنی مووشەکێک بۆ مانگ وەک سێکسکردنە بۆ پرۆسەی جادووکردن."
ژنەکە دەڵێت: "مووشەک وەک تاوەرێکی گەورەیە. مانگیش بەشە مێینەکەیە. بۆیە ناردنی تاوەرەکە بۆ مانگ، یانیش مووشەکەکە بۆ مانگ، پرۆسەی سێکسکردنی جادووییە."
ناسا دەڵێت "ئامانج لەو سێ مووشەکە، تەنیا تاقیکردنەوەیەکی زانستییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ