حاکمی نیویۆرک: منداڵانی رەشپێست نازانن کۆمپیوتەر چییە

08-05-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حاکمی ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا رووبەڕووی شەپۆلێکی سەرکۆنەکردن و ناڕەزایەتی بووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی رایگەیاندبوو کە منداڵانی رەشپێست نازانن وشەی کۆمپیوتەر چییە.
 
رۆژی سێشەممە، کاتی هۆکوڵ، حاکمی ویلایەتی نیویۆرک، لەکاتی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی تایبەت بە پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان لە شاری لۆس ئەنجلس و دەستگەیشتنی منداڵانی رەشپێشت بەو تەکنەلۆژیایانە رایگەیاند، "ئێستا ئێمە لە شارۆچکەی برۆنکس (شارۆچکەیەکە لە نیویۆرک)، منداڵی رەشپێستمان هەیە، نازانن وشەی کۆمپیوتەر چییە، ئەوان ئەو شتانە نازانن."
 
ئەو سیاستڤانە دیموکراتە، دوای بڵاوبوونەوەی قسەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دروستکردنی شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی زۆر، پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بە هەڵە قسەکانی دەربڕیوە و داوای لێبووردنی کرد.
 
لە راگەیێندراوێکدا، کاتی هۆکوڵ گوتی، "بێگومان منداڵانی رەشپێستی برۆنکس دەزانن کۆمپیوتەر چییە، کێشەکە ئەوەیە کە ئەوان دەرفەتی دەستگەیشتنیان بۆ ئەو تەکنەلۆژیایە نییە کە پێویستیانە، تاوەکو بتوانن خۆیان پێبگەیێنن و کارێکی لەبار بدۆزنەوە کە مووچەیەکی باشی هەبێت لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد."
 
لەدوای بڵاوبوونەوەی قسەکانی حاکمی نیویۆرک، چالاکڤانان و سیاسەتڤانانی رەشپێست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزایەتییان دژی ئەو قسانە دەربڕی و داوای دوورخستنەوەیان لە پۆستەکەی کرد.
 
ئەمە یەکەمجار نییە ئەو حاکمە تەمەن 65 ساڵە لە لێدوان و گوتارەکانیدا هەڵە دەکات و دواتر داوای لێبووردن دەکات.
 
لە مانگی شوباتی رابردوو، کاتێک باسی مافی ئیسرائیلییەکانی بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی چەکدارانی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی رابردوو کرد، کاتی هۆکوڵ رایگەیاند، "بێننە پێش چاوی خۆتان، رۆژێک بێت و کەنەدا هێرشی کردە سەر شاری بافوولۆ (شارێک لە ویلایەتی نیویۆرک)، ئەوا بۆ رۆژی دواتر دڵنیابە کەنەدا نەماوە."
 
پاش ئەو لێدوانەش، حاکمی نیویۆرک داوای لێبووردنێکی دیکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بە هەڵە قسەکانی لێکدراوەتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە بەرلینی ئەڵمانیا، گەورەترین کۆنفرانسی دیجیتاڵی لەسەر ئاستی ئەورووپا بەڕێوەدەچێت و سەرنجی سەرەکی کۆنفرانسەکەش ژیریی دەستکردە

هۆشداری لە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بۆ چەواشەکردنی دەنگدەران دەدرێت

لە سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا لە چەندین وڵات بە تایبەتی لە ئاسیا و ئەفریقا زۆرترین ژیریی دەستکرد پەیوەست بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بەکارهێنراوە؛ لە دروستکردنی وێنە، ڤیدیۆ و دەنگی بەربژێران.