تیکتۆک سکاڵایەکی دژی یاساکەی ئەمریکا بۆ قەدەخەکردنی تۆمار کرد

08-05-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای بایدانسی چینی، کە خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆکە، رایدەگەیێنێت، لە دادگە سکاڵایەکیان دژی یاسایەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ قەدەخەکردنی تیکتۆک تۆمار کردووە.
 
رۆژی سێشەممە 7ی ئایاری 2024 کۆمپانیای بایدانسی چینی لە راگەیێندراوێکدا تۆمارکردنی سکاڵاکەی پشتڕاست کردەوە؛ لە سکاڵاکەدا هاتووە، "بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، کۆنگرێس پڕۆژەیاسایەکی تێپەڕاندووە کە تێیدا یەک پلاتفۆڕم دەخاتە ژێر قەدەخەکردنی هەمیشەیی و سەرتاسەریی وڵات."
 
کۆمپانیا چینییەکە لە سکاڵاکەیدا یاساکەی بە پێشێلکاری وەسف کردووە و کۆنگرێس بەوە تۆمەتبار دەکات، "یاسایەکی دەرکردووە کە تێیدا بڵاوکردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە نێوەڕۆکی پارێزراو کەمدەکاتەوە."
 
هەر لە سکاڵاکەیدا بایدانس ئەوەی دووپاتکردووەتەوە، ئەوان وەکو خاوەنی پلاتفۆڕمەکە هەموو رێکارێکیان بۆ پاراستنی داتاکانی بەکارهێنەرانی تیکتۆک لە ئەمریکا گرتووەتەبەر، ئامادەییشیان دەربڕیوە بۆ هەر پابەندییەک کە ببێتە هۆی رەواندنەوەی نیگەرانیی بەرپرسانی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە، بەڵام دووبارە فرۆشتنی کۆمپانیاکە رەتدەکەنەوە.
 
ئەمریکا دەڵێت، تیکتۆک پلاتفۆڕمێکە لەلایەن چینەوە بۆ "سیخوڕی و بردنی زانیاریی تاکە کەسی بەکاردەهێندرێت."
 
تیکتۆک ئەوەی رەتکردووەتەوە و نیگەرانیی دەربڕی گوایە ئەمریکا ئاپێک قەدەخە دەکات کە دەبێتە هۆی قەدەخەکردنی ئازادیی رادەربڕین لە 170 ملیۆن ئەمریکی.
 
مانگی رابردوو، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر پڕۆژەبڕیارێک کرد کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانەوە تێپەڕێندرابوو. یەکێک لە یاساکان ئاماژە بە قەدەخەکردنی ئاپی تیکتۆک دەکات ئەگەر ئاپەکە کە کۆمپانیای بایتدانسی چینی خاوەنیەتی، لە نۆ مانگی داهاتوودا پشکەکانی بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان نەفرۆشێت.
 
پڕۆژەیاساکە دوای سێ رۆژ لە تێپەڕاندنی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەمڕۆ گەیشتە ئەنجوومەنی پیران و بە 79 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 18 دەنگی نەخێر پەسندکرا و خرایە بەردەم سەرۆکی ئەمریکا.
 
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، ئەمریکا 9 مانگ مۆڵەت دەداتە تیکتۆک پلاتفۆڕمەکە بفرۆشێت یاخود ئاپەکە لە فرۆشگەکانی ئاپ ستۆر و گووگڵ پلەی لە ئەمریکا لادەبرێت، ئەگەری هەیە سێ مانگیشی بۆ درێژبکرێتەوە.
 
کۆتایی 9 مانگەکە دەکەوێتە نێوەڕاست یاخود کۆتایی کانوونی دووەمی 2025، کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دەستبەکاربوونی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەمریکا کە ئەگەر دۆناڵد ترەمپ هەڵبژێردرێت، ئەگەری هەیە هەلومەرجەکان بۆ تیکتۆک تووندوتۆڵتریش بن بەو پێیەی بەربژێرە تەمەن 77 ساڵییەکەی کۆمارییەکان هەڵوێستێکی تووندتری هەیە بەرامبەر چین.
 
لە کاردانەوەی ئەو بڕیارە، ئیلۆن مەسک گەورە ملیاردێری جیهان و خاوەنی پلاتفۆرمی ئێکس (تویتەری پێشوو)، رۆژی 19-04-2024 گوتی: "بەڕای من، نابێت تیکتۆک لە ئەمریکا قەدەخە بکرێت، هەرچەندە ئەو قەدەخەیە دەبێتە سوود بۆ ئێکس. قەدەخەکردنی تیکتۆک دژی ئازادیی رادەربڕینە، ئەمە لەگەڵ مانای ئەمریکا یەکناگرێتەوە."
 
دیار نییە کێ تیکتۆک دەکڕێت، بەڵام کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و ئۆراکل و چەند کۆمپانیایێکی دیکە خواستی خۆیان بۆ کڕینی پلاتفۆڕمەکە دەربڕیوە.
 
چاوەڕێ ناکرێت تیکتۆک بەو سیستمەی ئێستا هەیەتی کە هۆکاری سەرنجڕاکێشانی سەدان ملیۆن خەڵکە، پلاتفۆڕمەکە بفرۆشێت، بەڵام لەهەر فرۆشتنێکدا ئەگەری هەیە کۆمپانیا رکابەرەکانی ئەمریکی سوودمەند بن. 
 
لەنێویاندا کۆمپانیای مێتای مارک زوکەربەرگ کە چاوەڕوان دەکرێت لەکاتی فرۆشتنی تیکتۆک و گۆڕانکاریی لە ئەلگۆریتمەکەی، 60٪ی بەکارهێنەرانی رووبکەنە ئینستاگرام و فەیسبووک.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لافاو لە ناوچەیەکی ئەڵمانیا

لافاو بەشێکی ئەورووپای گرتووەتەوە

لافاو بەشێکی ئەورووپای گرتووەتەوە، لافاوەکە بە شێوەیەکە کە لە ئەڵمانیا بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەڵێن، 30 ساڵە لافاوی لەو شێوەیە رووینەداوە