رووداو دیجیتاڵ
کاردیناڵەکان لە سەرانسەری جیهانەوە لە کەنیسەی سانت پیتەرس لە ڤاتیکان، پرۆسەی دەنگداندانیان بۆ هەڵبژاردنی پاپایەکی نوێ دەستپێکردووە و لە یەکەم رۆژی هەڵبژاردندا، نەیانتوانی پاپای نوێ دەستنیشان بکەن، بەڵام تێچووی پرۆسەی هەڵبژاردنی پاپایەکی نوێ یان سەرۆکێکی نوێ بۆ کەنیسەی کاسۆلیکییەکانی جیهان چەندە؟
ڤاتیکان تائێستا تێچووی کۆبوونەوەی کاردیناڵەکانی جیهان لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بۆ هەڵبژاردنی پاپا ئاشکرا نەکردووە، بەڵام رێکخستنی ئەم کۆبوونەوەیە وەکو کارێکی گرانبەها دادەنرێت.
لە دوای چەند رۆژێک لە مردنی پاپا فرانسیس لە 21ـی نیسان، زیاتر لە 200 کاردیناڵ بە یاوەرەکانیانەوە لە سەرانسەری جیهانەوە روویان لە رۆما کرد. شوێنی مانەوە، خواردن و جلوبەرگی تایبەتیان بۆ دابینکراوە.
نیوەڕۆی چوارشەممە، 07ـی ئایار، 133 کاردیناڵ، ئەوانەی تەمەنیان لە خوار 80 ساڵانە، دەستیان بە دەنگدان کرد. لە گۆڕەپانی سەینت پیتەرس، لەناوەندی شاری رۆما بە هەزاران گەشتیاریی ئاییندار چاودێریی دووکەڵی سپی دەکەن کە ئاماژەیە بۆ هەڵبژاردنی پاپایەکی نوێ بۆ جیهان.
بە گوێرەی رێککەوتننامەی ساڵی 1929 کە دەوڵەتی ڤاتیکان واژۆی کردووە، ئیتاڵیا تێچووی ئاسایشی رێوڕەسمەکە دەگرێتە ئەستۆ.
بە گوێرەی قسەی جیانی ئەلێمانۆ، سەرۆکی شارەوانی ئەوکاتەی رۆما. لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ساڵی 2013 و دیاریکردنی پاپا فرانسیس، ئاسایش و تێچووی گواستنەوەی گشتی و خەرجییەکانی دیکە، گەیشتە 4.5 ملیۆن یۆرۆ.
ئەم ساڵ سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا جیۆرجیا مێلۆنی، لەدوای مردنی فرانسیس، پێنج ملیۆن یۆرۆی تەرخان کرد، بەڵام هێشتا کۆی گشتی خەرجییەکان دیاری نەکراوە و هیچ کۆمپانیایەک یانیش لایەنێکی تایبەت ناتوانێت سپۆنسەری ئەو رێوڕەسمە بکات.
بە گوێرەی قسەی حکومەتی ئیتاڵیا، نزیکەی 12 هەزار کارمەندی ئاسایش و هەزار کارمەندی ئاگرکوژێنەوە و پێنج هەزار فەرمانبەری مەدەنی بۆ رێوڕەسمی مردنی جۆن پۆڵی دووەم و هەڵبژاردنی بێنێدیکتی شانزدەیەم لە ساڵی 2005دا دابینکرابوون.
بەپێی راپۆرتێک کە لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەرانی کاروباری ڤاتیکانەوە، بڵاوکراوەتەوە، ئەو ساڵە رێکخستنی پرسە و کۆبوونەوە و پرۆسەی هەڵبژاردنەکە نزیکەی حەوت ملیۆن یۆرۆی تێچووە.
لە ساڵی 2013دا هیچ تێچوویەکی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پاپا فرانسیس ئاشکرا نەکراوە، بەڵام دواتر ڤاتیکان کورتهێنانی ساڵانەی 24 ملیۆن یۆرۆی لە بودجەکەیدا راگەیاند.
لە ماوەی پاپایەتییەکەیدا، پاپا فرانسیس هەوڵیدا کاروباری دارایی و وردەکاریی خەرجییەکانی ڤاتیکان پاک بکاتەوە دوای ئەوەی میدیاکان "بە تاریک و کارەساتبار" ناویان برد.
لە ساڵی 2014دا سکرتاریەتێکی تایبەتی بۆ کاروباری ئابووری پێکهێنا، ئەمەش بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاودێریکردنی کارەکانی وەبەرهێنان و بانکی ڤاتیکانی تووندتر کرد کە بووە هۆی داخستنی 5 هەزار هەژماری بانکی.
بەڵام دۆخی دارایی ڤاتیکان ناجێگیرە و پێش دەستپێکردنی رێوڕەسمی دیارییکردنی پاپای نوێ، کاردیناڵەکان لە دۆخەکە ئاگادارکراونەتەوە.
بە گوێرەی میدیاکان، ڤاتیکان چەندین ساڵە بەدەست کورتهێنانی بودجەی ساڵانەوە دەناڵێنێت، کە لە ساڵی 2022دا بە نزیکەی 30 ملیۆن یۆرۆ مەزەندە کرا، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی بڕی بەخشین لەلایەن کۆمەکداران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ