ترەمپ رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ بەریتانیا راگەیاند

08-05-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێککەوتنێکی نوێی بازرگانی لەگەڵ بەریتانیا راگەیاند.
 
رۆژی پێنجشەممە 08-05-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سۆشیاڵ ترووس بڵاویکردەوە: "رێککەوتنەکەی بەریتانیا، رێککەوتنێکی تێروتەسەل و گشتگیرە، بۆ چەندین ساڵی داهاتوو دەبێتە هۆی تۆکمەکردنی پەیوەندیی نێوان بەریتانیا و ئەمریکا."
 
سەرۆکی ئەمریکا هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ئەو رێککەوتنە ئاشکرا نەکرد، کە مانگێک لە دوای سەپاندنی پێناسە گومرگییەکان واژۆی کردووە. پێناسە گومرگییەکان لە 02-04-2025 سەپێنران و ترەمپ ئەو رۆژەی بە "رۆژی رزگاریی ئەمریکا" وەسفکرد.
 
ترەمپ لە پۆستەکەی هەروەها نووسی: "بەهۆی مێژووی درێژ و هاوپەیمانێتیمان، شەرەفێکی گەورەیە یەکەم رێککەوتنمان لەگەڵ بەریتانیایە. چەندین رێککەوتنی دیکە، کە ئێستا لە قۆناخی زۆر جیدیی دانوستاندندان، بەڕێوەن."
 
میدیای ئەمریکا رێککەوتنەکەی بە "چوارچێوە" وەسفکرد.
 
'بەرژەوەندیی نیشتمانی'
 
بڕیارە کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا وردەکاریی ئەو رێککەوتنە ئاشکرا بکات. ستامەر ئەمڕۆ لەکاتی بەشداریکردن لە کۆنفڕانسێکی تایبەت بە بەرگری لە لەندەن گوتی: "لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ بەردەوام کراوە و ئەمڕۆ زانیاریی زیاتر لەسەری رادەگەیێنم؛ بەڵام ئەوە با روونبێت، من هەمیشە لە پێناو بەرژەوەندیی نیشتمانی هەنگاو دەنێم، بۆ کرێکاران، کۆمپانیاکان و خێزانەکان؛ بۆ فەراهەمکردنی ئاسایش و نوێبوونەوە بۆ وڵاتەکەمان."
 
سەرکردەی پارتی کار کە وەکو ترەمپ هەڵبژاردنی ساڵی رابردووی وڵاتەکەی بردەوە، پێش سەپاندنی پێناسە گومرگییەکان داوای رێککەوتنی لەگەڵ ئەمریکا کردبوو.
 
ئیدارەی ترەمپ پێناسی 10٪ـی گومرگی خستەسەر هەموو وڵاتانی جیهان، بەریتانیاشی تێدابوو، بەڵام دواتر سەرۆکی ئەمریکا بەشێوەیەکی کاتی هەموو پێناسە گومرگییەکانی راگرت بۆ ئەوەی دەرفەت بە دانوستاندن و دانیشتن بدات.
 
ستامەر مانگی شوباتی ئەم ساڵ سەردانی کۆشکی سپی کرد، ترەمپ ئەوی بە "دانوستاندنکارێکی سەخت" وەسفکرد. بەریتانیا ئێستا لە یەکێتیی ئەورووپا نەماوە و ئەم رێککەوتنە بۆ لەندەن دەبێتە چەکێکی گرنگی بازرگانی. لەوانەیە رێککەوتنی نێوان لەندەن و واشنتن بۆ یەکێتیی ئەورووپا جۆرێک لە کێشە بێت، ئەمەش لە کاتێکدایە یەکێتییەکە خۆی دەیەوێت پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەمریکا چاک بکاتەوە.
 
27 وڵاتەکەی یەکێتیی ئەورووپا پێکەوە گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی بەریتانیان، ئەمریکاش وەک تاکە وڵات، گەورەترین هاوبەشی بازرگانییەتی.
 
ئەم هەفتەیە بەریتانیا رێککەوتنی "بازرگانیی ئازاد"ـی لەگەڵ هیندستان واژۆکرد، لەوکاتەوەی لە یەکێتیی ئەورووپا چووەتە دەرەوە، ئەمە گەورەترین رێککەوتنی بازرگانیی لەندەنە. ئەو هەنگاوەی بەریتانیا دوای ئەوە هات کە ئەمریکا پێناسی بەسەردا سەپاند. 
 
رێککەوتنی زیاتر
 
ترەمپ چەندین هەفتەیە دەڵێت، وڵاتانی جیهان نۆرەیان بەستووە بۆ ئەوەی رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا واژۆ بکەن.
 
بەگوێرەی چەند راپۆرتێک، لەوانەیە واشنتن پێناسی گومرگی لەسەر چەند بەرهەمێکی دیاریکراوی بەریتانیا لاببات، ئەمەش لە بەرامبەر سووککردنی ئەو باجەی کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیی ئەمریکا لە بەریتانیا دەیدەن.
 
جگە لە 10٪، ئەمریکا پێناسی 25٪ـشی بەسەر ئاسن، ئەلەمنیۆم و کەرتی ئۆتۆمبێلدا سەپاند، بەڵام بەریتانیا بێ وەڵام مایەوە.
 
جۆناتان پۆرتێس، پرۆفیسۆری ئابووری لە زانکۆی KCL لە لەندەن گوتی، ئەو رێککەوتنەی نێوان بەریتانیا و ئەمریکا زیاتر بۆ "کەمکردنەوەی زیانەکانە، نەک بەهێزکردنی ئابووری. لەوانەیە بەشێک لە پێناسە گومرگییەکان لاببرێن یان کەمبکرێنەوە، بەڵام هەناردەکاران هێشتا دووچاری پێناسی گومرگیی زیاتر دەبنەوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.