بیڵ گەیتس سامانەکەی لە ماوەی 20 ساڵدا دەبەخشێت و رەخنە لە مەسک دەگرێت

08-05-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بیڵ گەیتس، هاودامەزرێنەری مایکرۆسۆفت خشتەیەکی کاتیی نوێی بۆ بەخشینی سامانەکەی راگەیاند کە دەریدەخات، زووتر لەوەی بڕیاری لەسەر دابوو، سامانەکەی دەبەخشێت. گەیتس هاوکات ستایشی ژیریی دەستکردی کرد و بە ئامرازێکی وەرچەرخێنەر بۆ باشترکردنی تەندروستیی گشتی و پاراستنی ژیانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان ناوی برد. 
 
بەپێی خشتە نوێیەکە، رێکخراوی خێرخوازیی گەیتس لە ماوەی 20 ساڵی داهاتوودا زیاتر لە 200 ملیار دۆلاری بیڵ گەیتس خەرج دەکات و لە ساڵی 2045 رێکخراوەکە دادەخرێت. 
 
رێکخراوەکە لە سەرەتادا پلانی دانابوو 20 ساڵ دوای مردنی گەیتس دابخرێت.
 
راگەیاندنەکە هاوکات بوو لەگەڵ رخنەگرتنی گەیتس لە ئیلۆن مەسک.
 
گەیتس بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی گوت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلا بودجەی ئاژانسی ئەمریکی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID)  بە شێوەیەکی گەورە بڕی، چونکە مەسک "ئەو کۆتایی هەفتەیە نەچووبووە ئاهەنگ"، ئەمەش وەک ئاماژەیەکی روون بۆ رەخنەگرتن لە شێوازی ژیانی مەسک.
 
لە لیستی ملیاردێرەکانی فۆربسدا، گەیتس لە پلەی سێزدەیەمدایە و سامانەکەی 112.6 ملیار دۆلارە. مەسک بە 383.2 ملیار دۆلار یەکەمی لیستەکەیە. 
 
گەیتسی 69 ساڵان، لە بڵۆگێکدا خشتەیەکی بڵاوکردەوە کە پیشانیدەدات سامانەکەی لە ماوەی 20 ساڵی داهاتوودا بە رێژەی 99٪ کەمدەبێتەوە، واتە نزیکەی هەموو سامانەکەی دەبەخشێت. 
 
بە گوێرەی خشتەکە، گەیتس، بەخشینی سامانەکەی دوو هێندە خێرا دەکات. 
 
گەیتس، نووسیویەتی: "کاتێک دەمرم، خەڵک زۆر شتم لەبارەوە دەڵێن، بەڵام سوورم لەسەر ئەوەی 'ئەو بە دەوڵەمەندی مرد' یەکێک نابێت لەوانە."
 
دامەزراوەی بیڵ و مێلیندا گەیتس لە ساڵی 2000 دەستیپێکرد، هەمان ساڵ کە بیڵ گەیتس، وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مایکرۆسۆفت دەستی لەکارکێشایەوە. لە ساڵی 2024، مێلیندا فرێنچ گەیتس، سێ ساڵ دوای جیابوونەوەی دوو هاوسەرەکە، لە دامەزراوەکە چووە دەرەوە.
 
رێکخراوەکە کە لە کۆتایی ساڵی 2023دا زیاتر لە 71 ملیار دۆلاری هەبوو، هەوڵیداوە یارمەتیی تەندروستیی گشتی لە سەرانسەری جیهان بدات. 
 
پێنج نووسینگەی لە ئەفریقا هەیە، لەپاڵ شوێنەکانی دیکەی وەک ئەمریکا، ئەورووپا، چین، هیندستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
گەیتس ئاماژەی بە پێشکەوتن لە هەوڵە تەندروستییەکاندا کرد، لەوانە هەڵمەتی بنبڕکردنی ئیفلیجیی منداڵان و دروستکردنی ڤاکسینێکی نوێ بۆ رۆتاڤایرۆس کە یارمەتیدەر بووە لە کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو منداڵانەی ساڵانە بەهۆی سکچوونەوە دەمرن بە رێژەی 75٪.
 
جیا لە دامەزراوەی گەیتس، دامەزرێنەری مایکرۆسۆفت گوتی پلانی هەیە بەردەوام بێت لە دابینکردنی پارە بۆ دەستپێشخەرییەکانی وزەی هەرزان و بۆ توێژینەوەی پێشکەوتوو لەسەر نەخۆشیی زەهایمەر.
 
دامەزراوەیەکی "هەمیشەیی" نییە 
 
لە بلۆگەکەدا، گەیتس ستایشی نووسینەکانی ئەندرو کارنێگی، گەورە بازرگانی پۆڵای ئەمریکیی سەدەی 19ی کرد، کە دامەزراوەکەی هێشتا ماوە.
 
گەیتس بە نیویۆرک تایمزی گوت، هیچ پلانێکی نییە بۆ دروستکردنی دامەزراوەیەکی "هەمیشەیی" و پێی باشترە ملیاران دۆلار خەرج بکات بۆ سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیای نوێ. 
 
ئەو لەبارەی توانای ژیریی دەستکردەوە لە تەندروستیی جیهانیدا گوتی: "ئامرازەکان زۆر نایابن."
 
لە کاتێکدا دامەزراوە تایبەتەکان دەتوانن زۆر شت بکەن، گەیتس رۆڵی حکومەتی بە گرنگ ناوبرد و نیگەرانیی خۆی دەربڕی لە کەمکردنەوەی بودجە لەلایەن ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و وڵاتانی دیکەوە.
 
ئەو نووسیویەتی: "روون نییە ئایا دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی هەژارترین خەڵکی خۆیان، بەڵام یەک شت کە دەتوانین گەرەنتی بکەین ئەوەیە کە، لە هەموو کارەکانماندا، دامەزراوەی گەیتس پشتیوانی لە هەوڵەکان دەکات بۆ یارمەتیدانی خەڵک و وڵاتان تاوەکو خۆیان لە هەژاری رزگار بکەن."
 
گەیتس بە نیویۆرک تایمزی گوت: مەسک، "ئەو کەسەیە کە بودجەی USAID بڕی."  
 
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فاینانشیاڵ تایمز، گەیتس گاڵتەی بە مەسک کرد لەسەر ئەوەی کە پارێزگەی غەززەی مۆزەمبیقی لە غەززەی فەلەستین جیانەکردووەتەوە و تێکەڵیکردوون. 
 
گەیتس لە بارەی مەسکەوە گوتی: "وێنەی دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان کە هەژارترین منداڵانی جیهان دەکوژێت، وێنەیەکی جوان نییە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا