رووداو دیجیتاڵ
جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا کوشتنی چوار ئەندامی خێزانێکی موسڵمان بە کارێکی "تیرۆرستی" دادەنێت.
رۆژی دووشەممە پیاوێک بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکابەوە خۆی بەو چوار کەسەدا کێشابوو و لە ئەنجامدا هەموویان گیانیان لەدەستدا.
ترودۆ لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئەم کوشتارە رووداوێکی بە رێککەوت نەبوو. ئەمە هێرشێکی تیرۆرستی بوو کە لە نێوجەرگەی کۆمەڵانی خەڵکەکەماندا بە رق و کینە هاندرا بوو."
بە گوێرەی کەسوکاری ئەو خێزانە موسڵمانە، هەر چوار کەسەکە لەسەر شۆستە بەپێ دەڕۆشتن کاتێک کە ئۆتۆمبێلەکە خۆی پێیاندا کێشاوە. ئەو چوار کەسە، پیاوێک و هاوژینەکەی و کچەکەیان و دایکی پیاوەکە بوون.
پیکابەکە کە رەنگی رەشبووە، لە دووڕیانێکی شاری لەندەنی پارێزگەی ئۆنتاریۆی کەنەدا، لایداوەتە سەر شۆستەکە و هەر چوار هاووڵاتییە کەنەدییە موسڵمانەکەی خستووەتە ژێرەوە.
بە گوێرەی کەسوکارەکانیان، کوڕێکی تەمەن نۆ ساڵی دوو هاوژینە کوژراوەکە بە برینداری گەیێنراونەتە نەخۆشخانە و ئێستا دۆخی تەندروستیی بەرەو باشبوون دەچێت.
سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئێمە هەموومان هیوا دەخوازین برینەکانی خێرا چاکبنەوە، ئەگەرچی ئێمە دەزانین بۆ ماوەیەکی درێژ بە خەم، پەژارە، پەشۆکان و توڕەییەوە دەژیت، ئەوەش لە ئەنجامی ئەم هێرشە ترسنۆکە ئیسلامۆفۆبیکە."
یەکێک لە کوژراوان، ناوی مەدیحە سەلمانە، تەمەنی 44 ساڵ و خوێندکاری ماستەر بووە لە بواری ئەندازیاری مەدەنی و ژینگە؛ هاوژینەکەی ناوی سەلمان فازڵ و تەمەنی 46 ساڵ بووە؛ کچە تەمەن 15 ساڵەکەیان ناوی یومنا سەلمان بووە؛ هەرسێکیان لەگەڵ دایکی سەلمان کە تەمەنی 74 ساڵ بووە لە هێرشەکەدا کوژران. خێزانەکە بە رەچەڵەک پاکستانی بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ