رووداو دیجیتاڵ
سوپای رووسیا دەڵێت، هێزەکانیان گوندێکیان لە هەرێمی دۆنێتسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە چەند هەفتەی رابردوودا یەکەیەکی سوپامان لە باشوور بەرەوپێشچوونی کرد و ناوچەی پاراسکۆڤیڤکای ئازاد کرد."
گوندی پاراسکۆڤیڤکا دەکەوێتە 25 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژئاوای شاری دۆنێتسکی پایتەخت لە هەرێمی دۆنێتسک.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاماژەی بەوەش کردووە، هێزەکانیان لە بەرەی پێشەوەی جەنگ لە هەرێمی خارکیڤ بەرەوپێش چوون و پاشەکشەیان بە سوپای ئۆکراینا کردووە.
دوای چەندین مانگ لە چەقبەستوویی، بەرپرسانی مۆسکۆ ئەم ساڵ رایانگەیاند، چەندین گوند و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونیان لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە.
دوێنێ هەینی ڤۆلۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پاریس ئاماژەی بەوە کرد کە لە چەند رۆژی رابردوودا سوپای وڵاتەکەی لە هەرێمی دۆنێتسک رووبەڕووی شەڕێکی تووند لەگەڵ سوپای رووسیا بووەتەوە.
سوپای رووسیا دەیەوێت دەرفەتی کەمبوونەوەی هاوکارییەکانی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا بقۆزێتەوە بۆئەوەی لە هەردوو بەری رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکرایناوە پێشڕەوی بکات.
بەرپرسە سەربازییەکانی ئۆکراینا دەڵێن، پێویستیان بە 450 هەزار سەربازی دیکەش هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامی بە جەنگەکە بدەن.
جەنگی ئۆکراینا و رووسیا لە شوباتی 2022 دەستیپێکرد. وڵاتانی رۆژئاوا بایی زیاتر لە 240 ملیار دۆلار هاوکاریی ئۆکراینایان کردووە.
رووسیا بەشێکی هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک، میکۆلایڤ و زاپۆریژیای لەنێو ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە؛ لە ساڵی 2014شەوە نیمچەدوورگەی کریمیای لە ئۆکراینا لکاندووە بە خۆیەوە و بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ناساندوویەتی.
لە نیسانی ئەم ساڵ، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند لە سەرەتای جەنگی وڵاتەکەی دژی رووسیا لە شوباتی 2022یەوە، 31 هەزار سەربازیان کوژراون، ئەمەش لەکاتێکدا ئەمریکا رایگەیاندووە نزیکەی 100 هەزار سەربازی رووسی لەو جەنگەدا کوژراون.
نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، لەو جەنگەدا زیاتر لە 10 هەزار سڤیلی ئۆکراینی کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ