رووداو دیجیتاڵ
لە کۆڵۆمبیا بەربژێرێکی دیاری راستڕۆکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە تەقەی لێکرا و بە سەختی بریندار بوو. بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە دوو گولـلە بەر سەری کەوتوون.
رووداوەکە رۆژی شەممە بە کاتی کۆڵۆمبیا (یەکشەممە بە کاتی هەولێر) روویداوە. میگێل ئوریبێ، کاندیدێکی دیاری راستڕۆکانە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی.
میگێل ئوریبێی 39 ساڵە، لە رۆژئاوای بۆگۆتای پایتەخت لەنێو پشتیوانکارەکانی، دوو گولـلە بە سەریەوە و یەکێکیش بە ئەژنۆیەوە نرا.
پۆلیسی وڵاتەکە دەڵێت، تاوانبارەکە مێرمنداڵێکی 15 ساڵان بووە و دەستگیر کراوە.
کارلۆس فێرناندۆ تریانا، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەکە گوتی، تاوانبارەکە بە دەمانچە تاوانەکەی ئەنجام داوە و لە ئەنجامدا ژن و کچێکی دیکەشی بریندار کردووە.
میگێل ئوریبی کێیە؟
میگێل ئوریبی، ئەندامی پارتی ناوەندیی دیموکراتە. ئەلڤارۆ ئوریب، سەرۆکی پارتەکە لەنێوان ساڵانی 2002- 2010 سەرۆکی کۆڵۆمبیا بووە. ئوریبی رەخنەگرێکی تووندی گوتاڤۆ پێدرۆ، سەرۆکی ئێستای وڵاتەکەیە.
ئوریبی ئۆکتۆبەری رابردوو رایگەیاند، دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتەکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی وڵاتەکە بەربژێر بکات.

کاردانەوەکان
گوتاڤۆ پێدرۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا رووداوەکەی بە "تووند"ـی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، "ئەم تاوانە تەنیا دژی کەسێک نییە، بەڵکو دژی دیموکراسی، ئازادەی رادەربڕین، و شەرعییەتی سیاسەتە لە کۆڵۆمبیا."
پێدرۆ سانچێز، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە رایگەیاند، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئاشکراکردنی پاڵنەری دوای رووداوەکە دەخەنەگەڕ و بڕی 700 هەزار دۆلاریشی وەکو خەڵات دیاریکردووە بۆ ئەو کەسەی پاڵنەری دوای تاوانەکە ئاشکرا بکات.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە "تیرۆریست"ـی ناوی برد.
روبیۆ هێرشەکەی بە "هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر دیموکراسی ناوبرد" و رووداوەکەی بۆ لێدوانی بەرپرسە چەپڕۆکانی نێو حکومەت گەڕاندەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ