سوێد زیندان بەکرێ دەگرێت

08-06-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سوێد دەڵێت، لەگەڵ ئیستۆنیا رێککەوتووە بۆ ئەوەی چەند زیندانێک لەو وڵاتە بە کرێ بگرێت و 600 بەندکراو بنێرێتە ئەوێ، ئەمەش بەهۆی نەمانی شوێن و زۆربوونی ژمارەی بەندکراوان.
 
بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی کە رۆژی چوارشەممە 04-06-2025، لەنێوان دوو وڵاتەکە کراوە، سوێد 400 خانەی لە زیندانی تارتو لە باشووری رۆژهەڵاتی ئیستۆنیا بەکرێ دەگرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی 600 بەندکراو بنێرێتە ئەوێ و لەوێ ماوەی زیندانەکەیان تەواو بکەن.
 
گونار سترۆمەر، وەزیری دادی سوێد رایگەیاند: "ئیستۆنیا هاوبەشێکی زۆر گرنگ و نزیکمانە، بارودۆخی زۆر باش بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئیستۆنیا و سوێد لە پێشمانە."
 
سترۆمەر گوتی، بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە بە تەواوی بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، سوێد پێویستە هەندێک گۆڕانکاری لە دەستووردا بکات و پێویستیشە سێ لەسەر چواری پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات.
 
بەگوێرەی حکومەتی سوێد، ئەو زیندانییانەی پێویستیان بە چاودێریی تەندروستی بێت، یان ئەوانەی مەترسی بن بۆ سەر ئاسایش، نانێردرێنە ئیستۆنیا.
 
چەند ساڵێکە سوێد رووبەڕووی رووداو و تاوانی تووندوتیژی زۆر بووەتەوە. بەشێکی زۆریان تەقەکردن و تەقاندنەوەیە کە پەیوەندیی بە گرووپ و تۆڕە تاوانکارییەکانەوە هەیە.
 
حکومەتە راستڕۆ میانڕۆکەی ئولف کریستێرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد لە ساڵی 2022 بە پاڵپشتیی پارتی (دیموکراتەکانی سوێد) دەسەڵاتی گرتەدەست کە دژە کۆچبەرە، بەڵێنی گەورەش ئەوەبوو چارەسەری رێژەی بەرزیی تاوان بکەن.
 
پێشتر وڵاتانی دیکەش هەمان بیرۆکەیان تاقیکردووەتەوە، بۆ نموونە نەرویج و بەلجیکا چەند خانەیەکی زیندانیان لە هۆڵەندا بەکرێ گرت و زیندانییەکانیان ناردنە ئەوێ. لەلایەکی دیکە، دانیمارک ئامادەکاریی بۆ ناردنی بەندکراوەکانی بۆ کۆسۆڤۆ دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی باڵای ئەمریکا لە واشنتن

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، پێناسە گومرگییەکانی ئیدارەی ترەمپ پاساویان نییە

دادگەی باڵای ئەمریکا دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ دەسەڵاتەکانی خۆی تێپەڕاندووە بە سەپاندنی زنجیرەیەک پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی جیاوازی جیهاندا. ئەم بڕیارە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی ترەمپی بۆ جێبەجێکردنی کارنامە ئابوورییەکەی پەکخست.