رووداو دیجیتاڵ
ئۆکراینا دەڵێت، پلانی گۆڕینەوەی دیل و تەرمی سەربازەکان لەگەڵ رووسیا "هەفتەی داهاتوو" دەستپێدەکات، ئەمەش دوای ئەوەی هەردوولا یەکدییان بە دواخستنی پرۆسەکە تۆمەتبار کرد.
رۆژی یەکشەممە 08-06-2025، کیریلۆ بودانۆڤ، سەرۆکی هەواڵگریی بەرگریی ئۆکراینا (HUR) لە تەلەگرام بڵاویکردەوە: "چالاکییەکانی گۆڕینەوە هەفتەی داهاتوو دەستپێدەکەن، کە لە سەر ئەنجامی دانوستاندنەکانی ئیستەنبووڵ پلانیان بۆ دانراوە."
رۆژی 02-06-2025، ئۆکراینا و رووسیا لە ئیستەنبووڵ لەسەر گۆڕینەوەی ژمارەیەکی دیکەی دیلەکان رێککەوتن. بەشێکی رێککەوتنەکە تایبەت بوو بە گۆڕینەوەی تەرمی سەربازەکانیان.
دوێنێ شەممە رووسیا رایگەیاند، بەهۆی هەڵەی ئۆکراینا، هەوڵێکی گۆڕینەوەی دیلەکان شکستی هێنا، کیێڤ ئەو دەنگۆیەی رەتکردەوە.
کیریلۆ بودانۆڤ هەوڵەکانی پڕوپاگەندەی رووسیای لەبارەی دۆسیەی دیلەکانی جەنگەوە سەرکۆنە کرد و رایگەیاند: "هەوڵەکانی هەندێک لە پڕوپاگەندەچییەکانی رووسیا بۆ سوودوەرگرتن لە ئازاری مرۆیی، کە خۆیان بەرپرسیارن لێی قێزەونن."
ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت کە لە 7ـی حوزەیران، میدیاکانی رووسیا ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا چەند ساردکەرەوەیەک نیشاندرابوون و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە تەرمی سەربازە کوژراوەکانی ئۆکراینایان تێدایە و بۆ گۆڕینەوە هێنراون.
لە بەرامبەردا، ئاندری یووسۆڤ، جێگری سەرۆکی بارەگای هاوئاهنەگیی دیلەکان، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، گرتە ڤیدیۆییەکە لەنێو رووسیا تۆمارکراوە و لە شوێنی دیاریکراوی گۆڕینەوە نەبووە.
بە گوتەی بودانۆڤ، ئۆکراینا بەردەوامە لە پابەندبوون بەو مەرجانەی کە لە دانوستاندنەکانی 2ی حوزەیرانی ئیستەنبووڵدا رێککەوتنیان لەسەر کراوە، سەرەڕای گوشارەکانی رووسیا و هەوڵەکانی بۆ سەپاندنی مەرجی تاکلایەنە.
لە کۆبوونەوەکەی ئیستەنبووڵدا، هەردوولا رەزامەندییان لەسەر گەڕێکی نوێی گۆڕینەوەی دیلەکان دەربڕی، کە بریندارە سەختەکان و ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 25 ساڵیدایە، دەگرێتەوە. هەروەها رووسیا بەڵێنیدا تەرمی 6,000 سەرباز و ئەفسەری کوژراوی ئۆکراینی رادەست بکاتەوە. سەرۆک ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی لە 4ـی حوزەیران رایگەیاند، رادەستکردنەوەی تەرمەکان دوای گۆڕینەوەی داهاتووی دیلەکان دەکرێت.
دانوستاندنەکانی 2ـی حوزەیران دووەم گفتوگۆی ئاشتیی راستەوخۆی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بوو لە تورکیا، دوای کۆبوونەوەیەکی پێشووتر کە لە 16ی ئایار بەڕێوەچوو. هەرچەندە هیچ رێککەوتنێکی ئاگربەست یان چارەسەری سیاسی لێنەکەوتەوە، بەڵام هەردوو گەڕەکە بوونە هۆی رێککەوتن لەسەر رێکاری مرۆیی.
ئۆکراینا و رووسیا لە نێوان 23 بۆ 25ی ئایار گەورەترین پرۆسەی گۆڕینەوەی دیلەکانیان لە جەنگە فراوانەکەدا کرد، کە هەرلایەنێکیان 1,000 دیلی گۆڕییەوە.
ئۆکراینا چەندین جار داوای لە مۆسکۆ کردووە کە شێوازی گۆڕینەوەی "هەموو لەبەرامبەر هەموو" جێبەجێ بکات. لە کاتێکدا لە مانگی ئاداری 2022ـەوە زیاتر لە 5,000 ئۆکراینی لە رووسیا ئازادکراون، بەڵام رووسیا هێشتا دژی گۆڕینەوەیەکی گشتگیرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ