رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی نێودەوڵەتیی - ئینتەرپۆڵ لە نوێترین راپۆرتی ساڵانەیدا ئاماژە بەوە دەکات، پار سەرنجی خۆی لەسەر ئەو کەسانە چڕکردووەتەوە کە لەسەر ئینتەرنێت خەڵک لەخشتەدەبەن، ساختەکاری دەکەن و داوای پارەیان لێدەکەن یان پارەیان لێ دەبەن؛ لەو چوارچێوەیەدا 975 کەسیان دەستگیر کردووە و زیاتر لە 180 ملیۆن دۆلاری نائاساییان سڕکردووە.
لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ژێر ناونیشانی "تیشکی یەکەمی 2022" کە 72 وڵات تێیدا بەشداربوون، رێکخراوە پۆلیسییە نێودەوڵەتییەکە بەدواداچوونی بۆ ئەو گرووپە تاوانکارانە کردووە کە لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنی و ئینتەرنێتەوە فێڵ لە خەڵک دەکەن و پارەیان لێ دەبەن، یانیش بە فێڵی پەیوەندیی سۆزداری، دەیانخەنە تەڵەوە و پارەیان لێ داوا دەکەن.
لەو ئۆپەراسیۆنەدا ئینتەرپۆڵ:
- هەزار و 770 شوێنی لە سەرانسەری جیهان پشکنیوە
- دوو هەزار تۆمەتباری فێڵکردن لە خەڵک و سپیکردنەوەی پارەی دەستگیر کردووە
- چوار هەزار هەژماری بانکی سڕکردووە
- دەستی بەسەر 50 ملیۆن دۆلاری نایاساییدا گرتووە
لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا لە ژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی هایچی سێیەم" کە 31 وڵات تێیدا بەشداربوون، رێگری لە گواستنەوەی پارەی نایاسایی لەسەر ئینتەرنێت، ئەو تاوانانەی لە رێگەی ئینتەرنێتەوە ئەنجامدەدرێن و سپیکردنەوەی پارە کردووە، هەروەها یارمەتیی وڵاتانی داوە بۆ ئەوەی ئەو پارەیەی بە شێوەیەکی ناڕەوا و نایاسایی لە هاووڵاتییەکانیان بردراوە، بۆیان بگەڕێننەوە.
لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا:
- 130 ملیۆن دۆلاری نایاسایی سڕکراوە
- 975 کەس دەستگیرکراون
- دوو هەزار و 800 هەژماری بانکی و هەژماری پارەدانکی سەرهێڵ (ئۆنلاین) سڕکراون
لە ئۆپەراسۆنی "چەقەڵ"دا کە 14 وڵاتی چوار کیشوەر تێیدا بەشداربوون، گرووپی بلاک ئەکس، کە رێکخراوێکی "تاوانکار"ی نایجیریاییە، لەگەڵ چەند گرووپێکی دیکەی هاوشێوە لە رۆژئاوای ئەفریقا کراونەتە ئامانج. ئینتەرپۆڵ دەڵێت، "ئەو رێکخراوانە بەرپرسن لە زۆربەی ئەو فێڵ و ساختەکارییە داراییانەی لەسەر ئینتەرنێت و چەندین تاوانی دیکەی مەترسیداری سەر ئینتەرنێت بەرپرسن."
لەو ئۆپەراسیۆنەشدا:
- دەست بەسەر 1.2 ملیۆن یۆرۆدا گیراوە
- 75 کەس دەستگیرکراون
- ئاگانامەی مۆر لەبارەی 7 کەس بە وڵاتان دراون (ئەمە بریتییە لە هۆشداریی ئینتەرپۆڵ لە هەبوونی مەترسی بەهۆی کەسێکەوە و زانیاریی هەواڵگری لە بارەیەوە بۆ وڵاتان، بێ ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربکات."
- ئاگانامەی سوور بۆ 7 کەسی داواکراو دەرکراوە بۆ ئەوەی دەستگیربکرێت.
دەستگیکردنی گومانلێکراوانی تیرۆر
لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا بە ناونیشانی "نیپتۆن" کە لە بەندەر و فڕۆکەخانەی هەشت وڵات ئەنجامدراوە، گومانلێکراوانی "تیرۆر" و تاوانەکانی دیکە کراونەتە ئامانج لەو کاتەی کە لە نێوان باکووری ئەفریقا و باشووری ئەوروپادا هاتووچۆیان کردووە.
لەو ئۆپەراسیۆنەشدا:
- دوو گومانلێکراوی "تیرۆر" دەستگیرکراون کە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەبووە
- دەست بەسەر بایی 3.6 ملیۆن دۆلار ماددەی هۆشبەردا گیراوە
ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ ئەفریپۆڵ
ئینتەرپۆل کە 195 وڵات تێیدا بەشدارن، لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، پار بۆ یەکەمین جار ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی ئەفریقا (ئەفریپۆڵ) ئەنجامداوە بۆ بەهێزکردنی توانای هێزەکانی سەرسنوور لە دۆزینەوەی گومانلێکراوانی "تیرۆر" و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانیان.
ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە:
- کەسێک دەستگیرکراوە
- فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 9 کەس دەرکراوە
دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە
ئینتەرپۆڵ لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، سێ ئۆپەراسیۆنی دژی ئەو کەسانە ئەنجامداوە کە بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن یانیش کۆچبەرانی نایاسایی بە قاچاخ دەبەن.
ئۆپەراسیۆنی TURQUESA IV لە ئەمریکای لاتین و ناوچەی کاریبی:
- دەستگیرکردنی 250 کەس
- رزگارکردنی 130 قوربانیی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە
- دۆزینەوەی 9 هەزار کۆچبەری نایاسایی
- بەدواداچوون لە 32 وڵات
ئۆپەراسیۆنی WEKA II لە ئەفریقا و وڵاتانی نێودەوڵەتی:
- دەستگیرکردنی 300 کەس
- رزگارکردنی 700 قوربانیی بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە
- دۆزینەوەی چوار هەزار کۆچبەری نایاسایی
- بەدواداچوون لە 44 وڵات
ئۆپەراسیۆنی STORM MAKERS لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی:
- دەستگیرکردنی 121 کەس
- رزگارکردنی 80 قوربانیی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە
- دۆزینەوەی سێ هەزار و 400 کۆچبەری نایاسایی
- بەدواداچوون لە 25 وڵات
ئۆپەراسیۆنی دژی بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر:
- دەستگیرکردنی هەزار و 333 کەس
- دەستبەسەرداگرتنی 291 تۆنی کەرەستەی کیمیایی دروستکردنی ماددەی هۆشبەر
- دەستبەسەرداگرتنی 35.5 تۆن ماددەی هۆشبەر
- بەدواداچوون لە 22 وڵات
ئۆپەراسیۆنی دژی چەکی نایاسایی:
ئۆپەراسیۆنی TRIGGER VII لە ناوچەی کاریبی:
- دەستبەسەرداگرتنی 346 تفەنگ و دەمانچە
- دەستبەسەرداگرتنی 3 هەزار و 328 گوللـە
- دەستگیرکردنی 183 کەس
- دەستبەسەرداگرتنی 13 تۆن ماددەی هۆشبەر
ئۆپەراسیۆنی TRIGGER VIII لە نێوەڕاست و رۆژئاوای ئەفریقا:
- دەستبەسەرداگرتنی 626 تفەنگ و دەمانچە
- دەستبەسەرداگرتنی 5 هەزار و 909 گوللـە
- دەستگیرکردنی 210 کەس
- دەستبەسەرداگرتنی 45 تۆن ماددەی هۆشبەر و دەرمانی نایاسایی
- دەستبەسەرداگرتنی 170 کیلۆگرام زێڕ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ