رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی چەکە کیمیاییەکانی بە تەواوی لەنێوبردووە.
رۆژی هەینی، 7-7-2023، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ بە شانازییەوە رایدەگەیێنم کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوایین کۆگای چەکە کیمیاییەکانی خۆی لەنێوبردووە، ئەوەش هەنگاوێک لە جیهانێکی بێ چەکی کیمیایی تۆقێنەر نزیکترمان دەکاتەوە."
ئەو راگەیاندنەی بایدن دوای ئەوە هات کە دامەزراوەی بلو گراس، کە دامەزراوەیەکی سەر بە سوپای ئەمریکایە لە ویلایەتی کنتاکی، کۆتایی بە کارێکی چوار ساڵە بۆ لەنێوبردنی چەکە کیمیاییەکانی وڵاتەکەی هێنا و نزیکەی 500 تۆن مادەی کیمیایی لەنێوبرد.
ئەو مادە کیمیاییانەی ئەمریکا بۆ ماوەی دەیان ساڵ لە کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی وڵاتەکە هەڵگیرابوون.
رێککەوتننامەی تایبەت بە لەنێوبردنی چەکی کیمیایی لە ساڵی 1993 واژۆکرا و لە ساڵی 1997 کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەمریکا دەبووایە تاوەکو ئەیلوولی ئەمساڵ چەکە کیمیاییەکانی لەنێوببات.
فێرناندۆ ئاریاس، سەرۆکی رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی لە ئایاری ئەمساڵدا رایگەیاند، "زیاتر لە 70 هەزار تۆن لە ژەهرە هەرە مەترسیدارەکان لە جیهاندا لەژێر چاودێریی رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی لەنێوبراون."
بەگوێرەی کۆمەڵەی کۆنترۆڵکردنی چەکی سوپای ئەمریکا، لە ساڵی 1990دا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نزیکەی 28 تۆن چەکی کیمیایی هەبووە و بەوەش ئەمریکا لە دوای رووسیا زۆرترین چەکی کیمیایی هەبووە؛ رووسیا لە ساڵی 2017 رایگەیاند کە چەکە کیمیاییەکەی لەنێوبردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ