بەشێک لە کارمەندانی سامسونگ مان دەگرن؛ 'مووچەمان کەمە'

08-07-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی ناڕەزایی لە کەمیی مووچەکانیان، زیاتر لە سێ هەزار کارمەندی کۆمپانیای سامسونگ بۆ سێ رۆژ مان لە کارکردن دەگرن و خۆپیشاندان دەکەن.
 
رۆژی دووشەممە 08-07-2024، هەزاران کارمەندی کۆمپانیای سامسونگ لە بەشی دروستکردنی چیپی بیرگە لە کۆریای باشوور خۆپیشاندانیان کرد و رایانگەیاند: "بۆ سێ رۆژ مان لە کارکردن دەگرین". مانگرتنەکە بەهۆی کەمیی مووچەکانیانەوەیە.
 
چیپی بیرگە پارچەیەکی بچووک و تەنکی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانە بۆ هەڵگرتن و هێنانەوەی زانیاری بەکاردێت. مۆبایل، لاپتۆپ و تەنانەت بەشێک لە ئامێرەکانی مەتبەخیش بێ میمۆری چیپ کار ناکەن.
 
کارمەندانی کۆمپانیای سامسونگ لە شاری جیۆنگی لە کۆریای باشوور، کە بارەگای سەرەکیی بەشی دروستکردنی چیپی لێیە، رژانە سەر شەقام.
 
سۆن وومۆک، سەرۆکی یەکێتیی کرێکارانی سامسونگ رایگەیاند: "کۆمپانیاکە 5.1٪ زیادەی بۆ مووچەی کارمەندەکان پێشنیاز کردووە، بەڵام ئێمە ئەو بڕە رەتدەکەینەوە. مانگرتن ئەمڕۆ دەستیپێکرد و ئەمەش تەنیا سەرەتایە".
 
سۆن رووی لە هاوکارەکانی کرد و گوتی: "تکایە تاوەکو 10-07-2024 مەیەنە دەوام و وەڵامی هیچ پەیوەندییەکی کۆمپانیا مەدەنەوە".
 
بەگوێرەی سەرۆکی یەکێتییەکە، نزیکەی پێنج هەزار و 200 کارمەند لە بەشەکانی دروستکردن و پەرەپێدانی چیپ بەشدارییان لە خۆپیشاندان و مانگرتنەکە کردووە، "ئەوەش زیاترە لە پێنج یەکی هێزی کاری کۆمپانیاکە کە 30 هەزار کارمەندی هەیە".
 
هەفتەی رابردوو یەكێتییەکە نامەیەکی ئاراستەی ئەندامەکانی کرد و نووسیبووی: "ئەمە دوایین کارتە دژی کۆمپانیا بەکاری دەهێنین، تکایە بەشداری بکەن".
 
یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان گوتی: "زۆر پەرۆشم. ئێمە خەریکە مێژوو دەنووسینەوە".  تەمەنی یەكێتیی کرێکارانی سامسونگ 50 ساڵە و ئەمە یەکەمجارە دژی کۆمپانیاکە دەوەستنەوە. 
 
کۆمپانیای سامسونگ تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی نەبووە.
 
کۆمپانیای سامسونگ گەورەترین کۆمپانیای دروستکردنی چیپە. کیم دایجۆنگ، مامۆستای بازرگانی لە زانکۆی سیئۆل رایگەیاند: "ئەگەر ئەوان بۆ سێ رۆژ مان بگرن، دەتوانن زیاتری بکەن و ئەوەش کاریگەرییەکی زۆر دەخاتە سەر کۆمپانیاکە و لە کێبڕکێی دروستکردنی چیپ دوای دەخات".
 
خواستێکی زۆر لەسەر ئاستی جیهان بۆ چیپە ئەلیکترۆنییەکانی سامسونگ هەیە. لە سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا کۆمپانیاکە بایی 11.7 ملیار دۆلار چیپی هەناردە کردووە.
 
رۆژی 30-04-2024 کۆمپانیای سامسونگ رایگەیاند، قازانجی کۆمپانیاکە لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوو 10 هێندە زیادی کردووە. قازانجی کۆمپانیای سامسونگ لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا 4 ملیار و 850 ملیۆن دۆلار بووە.
  
بەپێی راپۆرتی دارایی سامسونگ، هۆکاری بەرزبوونەوەی قازانجەکانی لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا بۆ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر چیپ و میمۆری کۆمپانیاکە لەسەر ئاستی جیهاندا دەگەڕێتەوە.
 
فرۆشی باشی بەرهەمەکانی مۆبایلی کۆمپانیای سامسونگ بە یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی قازانجی سامسونگ هەژمار دەکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە