رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی ئێوارە خوانێکی بۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رێکخست، لە کاتێکدا گوشارەکانی چڕدەکاتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی کاولکاریی غەززە.
ئەمە سێیەم سەردانی نەتەنیاهووە لەدوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ دەسەڵات و لە کاتێکی هەستیاردا دێت، کە سەرۆکی ئەمەریکا هیوادارە سوود لەو گڕوتینە کەمەی ئاشتی وەربگرێت کە بەهۆی ئاگربەستەکەی نێوان ئیسرائیل و ئێران دروست بووە.
ترەمپ لە سەرەتای خوانەکەدا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی چی رێگرە لەبەردەم رێککەوتنی ئاشتی، بە رۆژنامەڤانانی گوت: "پێموانییە هیچ رێگرییەک هەبێت. پێموایە کارەکان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن."
ترەمپ، کە لە بەرامبەر سەرکردە ئیسرائیلییەکەوە لەسەر مێزێکی درێژ دانیشتبوو، دڵنیاییشی دا کە حەماس ئامادەیە کۆتایی بە ململانێی غەززە بهێنێت، کە ماوەی 22 مانگە بەردەوامە.
کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل زیان بە گفتوگۆکان دەگەیێنن، ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەوان دەیانەوێت کۆببنەوە و ئەو ئاگربەستەیان دەوێت."
کۆبوونەوەکەی واشنتن هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی دووەم رۆژی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە قەتەر بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی زەحمەت.
لەلایەکی دیکەوە، نەتەنیاهوو رایگەیاند کە ترەمپی بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەربژێر کردووە — کە ئامانجی دێرینی سەرۆکی ئەمریکایە — و نامەیەکی پێشکێشکرد کە ئاراستەی لیژنەی خەڵاتەکەی کردبوو.
نەتەنیاهوو گوتی: "ئەو لە کاتی قسەکردنیشماندا ئاشتی دادەمەزرێنێت، لە وڵاتێک و ناوچەیەکەوە بۆ یەکێکی دیکە."
'بەلامانەوە گرنگ نییە'
بەڵام وەڵامەکانی نەتەنیاهوو سەبارەت بە ئاشتی لەگەڵ فەلەستینییەکان ناڕوون بوون و رەتیکردەوە رێگە بە دروستبوونی دەوڵەتێکی تەواوی فەلەستینی بدات، گوتیشی ئیسرائیل "هەمیشە" کۆنترۆڵی ئەمنیی کەرتی غەززەی لەدەستدا دەمێنێتەوە.
نەتەنیاهوو گوتی: "ئێستا، خەڵک دەڵێن ئەمە دەوڵەتێکی تەواو نییە، ئەمە دەوڵەت نییە. بەلامانەوە گرنگ نییە."
لە کاتی کۆبوونەوەی ترەمپ و نەتەنیاهوو، دەیان خۆپێشاندەر لە نزیک کۆشکی سپی کۆبوونەوە و دروشمیان دەگوتەوە و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیان بە "جینۆساید" تۆمەتبار دەکرد.
ترەمپ بە تووندی پشتگیریی لە نەتەنیاهوو، هاوپەیمانە سەرەکییەکەی ئەمریکا و هاوڕێ پارێزگارەکەی کردووە و لە جەنگە نوێیەکەی ئیسرائیلدا بە بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییە سەرەکییەکانی ئێران، پشتگیریی ئەمریکای پێشکێشکرد.
بەڵام لە هەمان کاتدا، زیاتر هەوڵدەدات کۆتایی بەو دۆخە بهێنرێت کە بە "دۆزەخی غەززە" ناوی بردووە. ترەمپ رۆژی یەکشەممە گوتی، پێیوایە "هەلێکی باش" هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەم هەفتەیەدا.
کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند: "کاری لەپێشینەی سەرەکیی سەرۆک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، کۆتاییهێنانە بە جەنگی غەززە و گەڕاندنەوەی سەرجەم بارمتەکان."
لێڤیت گوتی، ترەمپ دەیەوێت حەماس "دەستبەجێ" ئەو پێشنیازە قبووڵ بکات، کە ئەمریکا نێوەندگیریی تێدا کردووە، دوای ئەوەی ئیسرائیل پشتگیریی لە پلانی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانی نێو غەززە کرد لە بەرامبەر زیندانییە فەلەستینییەکاندا.
دوایین گەڕی دانوستاندنەکان لەسەر جەنگی غەززە رۆژی یەکشەممە لە دەوحە دەستیپێکرد، کە نوێنەرانی هەردوو لا لە دوو ژووری جیاواز لە هەمان باڵەخانەدا دانیشتبوون.
بەرپرسێکی فەلەستینی ئاگادار لە دانوستاندنەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، گفتوگۆکانی رۆژی دووشەممە "بێ هیچ پێشکەوتنێک" کۆتاییان هات. بڕیارە شاندی حەماس و ئیسرائیل دواتر دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە.
سەردانی نێردە تایبەتەکە
بڕیارە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بەشداریی گفتوگۆکانی دەوحە بکات، لە هەوڵێکدا بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئاگربەستەکە.
دوو سەرچاوەی فەلەستینی نزیک لە گفتوگۆکان پێشتر بە فرانس پرێسیان گوتبوو، پێشنیازەکەی ئەمریکا ئاگربەستێکی 60 رۆژی لەخۆدەگرێت، کە لەماوەیدا حەماس 10 بارمتەی زیندوو و تەرمی چەند بارمتەیەکی دیکە رادەست دەکات لە بەرامبەر ئەو فەلەستینیانەی کە ئیسرائیل دەستبەسەری کردوون.
هەروەها گوتیان، حەماس داوای چەند مەرجێکی کردووە بۆ کشانەوەی ئیسرائیل، گەرەنتیی دەستپێنەکردنەوەی شەڕ لە کاتی دانوستاندنەکاندا و گەڕانەوەی سیستەمی دابەشکردنی هاوکارییەکان بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لە غەززە، بەرگریی شارستانی رایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل رۆژی دووشەممە لانیکەم 12 کەسیان کوشتووە، لەنێویاندا شەش کەس لە نۆرینگەیەکدا کە ئاوارەبووانی جەنگی تێدا نیشتەجێبوون.
لە کۆی ئەو 251 بارمتەیەی کە چەکدارە فەلەستینییەکان لە هێرشەکەی تشرینی یەکەمی 2023 گرتیان و بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە، 49 کەسیان هێشتا لە غەززەن، کە سوپای ئیسرائیل دەڵێت 27یان گیانیان لەدەستداوە.
جەنگەکە دۆخێکی مرۆیی ناهەمواری بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی کەرتی غەززە دروستکردووە.
بەپێی ئامارێکی فرانس پرێس کە پشتی بە داتای فەرمیی ئیسرائیل بەستووە، هێرشەکەی تشرینی یەکەمی 2023ی حەماس بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 1,219 کەس، کە زۆرینەیان سڤیل بوون.
بەپێی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 57,523 کەس لە غەززە، کە ئەوانیش زۆرینەیان سڤیلن. نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ئامارانە بە باوەڕپێکراو دەزانێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ