رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات کێشەکانی نێوانیان، بەتایبەت پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات بەو هەنگاوە، عێراق پێشانی دەدات دەیەوێت ژینگەیەکی سەقامگیر لە وڵات بخوڵقێنێ تاوەکو وەبەرهێنەری بیانی رووی تێبکەن، لەوانەش کۆمپانیا ئەمریکییەکان.
رۆژی سێشەممە، 8ـی تەممووزی 2025، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن، لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا داوای لە حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان کرد، ناکۆکییەکانیان لە رێگەی گفتوگۆی بنیاتنەرانە چارەسەر بکەن.
تامی برووس رایگەیاند: "وەک دەزانین ئەمە پرسێکی دێرینە، سوپاستان دەکەم کە ئێوە و زۆر کەسی دیکەش لەسەر ئەم بابەتە ماونەتەوە. بەردەوامین لە هاندانی بەغدا و لەم دۆخەیشدا هەولێر بۆ ئەوەی کێشەکانیان لە رێگەی گفتوگۆی بنیاتنەرانەوە چارەسەر بکەن. ئەم هەڵوێستەمان نەگۆڕە و هێشتاش ئەوەمان دەوێت. چارەسەرکردنی کێشەی مووچە ئاماژەیەک دەنێرێت کە عێراق پیشانی دەدات ژینگەیەک دروست دەکات کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئارەزووی وەبەرهێنانی تێدا بکەن."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا زیاتر قسە لەسەر کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات و دەڵێت: "چارەسەرکردنی کێشەی مووچە ئاماژەیەک دەنێرێت کە عێراق ژینگەیەک دەخوڵقێنێ کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئارەزووی وەبەرهێنانی تێدا بکەن، کە پێم وایە ئێستا و بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری چارەسەرێکی سەرکەوتوو، ئەم پرسە زیاتر لە هەموو کاتێک جێگەی بایەخە؛ هەروەها ئاماژەیەکی ئەرێنیش دەنێرێ بۆ هاوکاریی فراوانتر لەپێناو بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکان، وەک کردنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا و گەڕانی زیاتر بەدوای وزەدا بە بەشداریی کۆمپانیا ئەمریکییەکان."
لەبارەی ستراتیژییەتی داهاتووی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانیش، تامی برووس بە رووداوی گوت: "دەزانم دیدگەی سەرۆک ترەمپ بۆ جیهانێکی ئاشتیخواز، جیهانێکە کە تێیدا هەموو شتێک دەکرێ. بێگومان عێراق لەگەڵ ئەوەدا دەگونجێت، هەروەها گەلی کوردیش. هیچ شتێک ئەستەم نییە و ئێمە ئەو سەرکردایەتییەمان هەیە کە پێم وایە دەتوانێت بمانگەیەنێتە ئەو ئامانجە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ