رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ دووەم رۆژی لەسەریەک لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی کۆدەبێتەوە، بە ئومێدی ئەوەی بگەنە رێککەوتن لەسەر ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە.
رۆژی سێشەممە 8ی تەممووزی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیارە ئێوارەی سێشەممە بە کاتی واشنتن، جارێکی دیکە لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر راگرتنی جەنگ لە غەززە کۆببێتەوە.
دوای کۆبوونەوەی ترەمپ و نەتەنیاهوو لە رۆژی دووشەممە، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "دواتر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دێتەوە کۆشکی سپی؛ گفتوگۆکانمان بەتەواوی لەسەر غەززە دەبن. پێویستە ئەو بابەتە چارەسەر بکەین. غەززە تراژیدیایە و ئەو [نەتەنیاهوو] دەیەوێت چارەسەری بکات. منیش دەمەوێت چارەسەری بکەم و پێم وایە لایەنەکانی دیکەش دەیانەوێت چارەسەری بکەن."
نەتەنیاهووش دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەک لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و مایک جۆنسن، سەرۆکی کۆنگرێسی ئەمریکا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، "دەبێت ئیسرائیل ئەرکەکەی لە غەززە تەواو بکات."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی، "ئازادکردنی هەموو بارمتەکان، لەنێوبردن و تێکشکاندنی توانا سەربازییەکانی حەماس و بەڕێوەبردنی، ئەرکمانە، چونکە دەبێت غەززە داهاتوویەکی جیاوازی هەبێت، لەپێناو ئێمە و لە پێناو هەموواندا."
لەبارەی گفتوگۆکانی لەگەڵ ترەمپ، نەتەنیاهوو گوتی، "هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وڵات و هاوئاهەنگیم لەگەڵ سەرۆک ترەمپ بێ وێنەیە. ئەمە ئاماژەیەکی گەورە بە ئیسرائیل، بە ئەمریکا، بە ناوچەکەمان و هەموو جیهان دەدات."
لەبارەی ئاگربەستی غەززە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوە کرد، "بێگومان کاری لەسەر دەکەین؛ ناتوانین پێشوەختە قسە بکەی. چەپڵە بە یەک دەست لێنادرێت، بەڵام ئێمە بە پەرۆشییەوە کاری لەسەر دەکەین."
هەروەها ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبارەی ئەگەری گەیشتن بە ئاگربەست رایگەیاند، سێ لەو چوار کێشەیەی کە مابوون، چارەسەر کراون.
ویتکۆف گوتیشی، "هیوادارین تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بگەینە رێککەوتن و بگەینە ئاگربەستی 60 رۆژی."
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا زیاتر لەبارەی وردەکاریی ئاگربەستە لە غەززە رادەگەیێنێت، رێککەوتنەکە بریتییە لە ئازادکردنی 10 بارمتەی زیندوو لەگەڵ تەرمی نۆ بارمتەی کوژراو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ