ترەمپ: دەمەوێت لە کاتی گونجاودا سزا تووندەکان لەسەر ئێران هەڵبگرم

08-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دەیەوێت لە "کاتی گونجاودا" سزا تووندەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران هەڵبگرێت.
 
لە سەرەتای ئێوارە خوانێکدا لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت، هەنگاوی ئەمدواییەی بۆ هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر سووریا، یارمەتیی دیمەشق دەدات بۆ ئەوەی بەرەوپێش بچێت و هیوای خواست ئێرانیش هەنگاوێکی هاوشێوە بنێت.
 
ترەمپ گوتی: "دەمەوێت بتوانم لە کاتی گونجاودا ئەو سزایانە هەڵبگرم و دەرفەتێکیان پێبدەم بۆ ئاوەدانکردنەوە، چونکە حەزدەکەم ببینم ئێران بە شێوەیەکی ئاشتییانە خۆی بنیات دەنێتەوە، نەک بەردەوام بن لە گوتنەوەی دروشمی وەک: 'مەرگ بۆ ئەمریکا' و 'مەرگ بۆ ئیسرائیل'، وەک ئەوەی پێشتر دەیانکرد."
 
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها گوتی: "هیوادارم شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران کۆتایی هاتبێت و دەمەوێت لە کاتی گونجاودا سزاکان لەسەر تاران هەڵبگرم."
 
ترەمپ هیوای خواست جارێکی دیکە پێویست نەکات وڵاتەکەی هێرش بکاتەوە سەر ئێران، وەک ئەوەی مانگی رابردوو کردی کاتێک هێرشی کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی.
 
نەتەنیاهوو لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە گۆڕینی حکومەتی ئێران گوتی: "ئەوە پەیوەستە بە گەلی ئێرانەوە."
 
هەر لەم بارەیەوە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رایگەیاند، کۆبوونەوە لەگەڵ ئێران "هەفتەی داهاتوو یان لەو دەوروبەرەدا دەکرێت."
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا کە رۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە، رایگەیاند، پێیوایە تاران دەتوانێت لە رێگەی گفتوگۆیەوە کێشەکانی لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر بکات، بەڵام بنیاتنانی متمانە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، زەحمەت بووە.
 
پزیشکیان بە تاکەر کارلسن، پێشکێشکاری ئەمریکی گوت: "پێموایە دەتوانین بە ئاسانی لە رێگەی دانوستاندن و گفتوگۆوە ناکۆکی و کێشەکانمان لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر بکەین."
 
پزیشکیان هانی ترەمپی دا کە تێکەڵی شەڕێک نەبێت لەگەڵ ئێران کە نەتەنیاهوو رای دەکێشێتە نێوی و گوتی: "سەرۆک ترەمپ دەتوانێت ناوچەکە بەرەو ئاشتی و داهاتوویەکی گەشتر ببات و سنوورێک بۆ ئیسرائیل دابنێت. یان بکەوێتە نێو چاڵێکەوە... چاڵێکی بێ بن... یان زۆنگاوێک... بۆیە هەڵبژاردنی رێگەکە لەسەر شانی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا