رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی "جەنگی بازرگانی" راگەیاند و ئاشکرایکرد، لە 1ـی ئابەوە پێناسی گومرگیی زیاتر بەسەر هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی وەک ژاپۆن و کۆریای باشوور و 12 وڵاتی دیکەدا دەسەپێنێت.
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، پێناسی گومرگی بە رێژەی 25% بەسەر هەموو ئەو کاڵایانەدا دەسەپێندرێت کە لە ژاپۆن و کۆریای باشوورەوە، کە دوو هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکان، هاوردە دەکرێن.
ترەمپ لە نامەیەکدا بۆ ژاپۆن و کۆریای باشوور، کە لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" بڵاویکردووەتەوە، هۆشداری دەدات و دەڵێت: "ئەگەر بە هەر هۆکارێک بڕیار بدەن پێناسە گومرگییەکانتان بەرز بکەنەوە، ئەوا هەر رێژەیەک زیاد بکەن، دەخرێتە سەر ئەو 25%ـەی کە ئێمە وەریدەگرین."
ئەو 14 وڵاتەی کە نامەیان بۆ نێردراوە، لەپاڵ ژاپۆن و کۆریای باشوور، وڵاتانی وەک سڕبیا، تایلەند و تونسی تێدایە. نامەکان ئاماژە بە دەرفەتی دانوستاندنی زیاتر دەکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداری دەدەن کە هەر هەنگاوێکی تۆڵەسەندنەوە، وەڵامی بەرامبەریان دەبێت.
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی بڕیارەکە ئەوەیە، پێناسە گومرگییە نوێیەکان لەگەڵ ئەو گومرگانە کۆناکرێنەوە کە پێشتر بەسەر کەرتە دیاریکراوەکاندا سەپێندرابوون. بۆ نموونە، گومرگی سەر ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی هەر 25% دەمێنێتەوە، نەک ئەوەی پێشتر کە 25% بوو، لەگەڵ ئەم بڕیارە نوێیەدا بەرزببێتەوە بۆ 50%.
جگە لە ژاپۆن و کۆریای باشوور، وڵاتانی دیکەش بە رێژەی جیاجیا گومرگیان خراوەتە سەر
• 25% بەسەر کاڵاکانی تونس، مالیزیا و کازاخستان.
• 30% بۆ ئەفریقای باشوور و بۆسنە و هەرسک.
• 32% بۆ ئەندەنوسیا.
• 35% بۆ سربیا و بەنگلادیش.
• 36% بۆ کەمبۆدیا و تایلەند.
• 40% بۆ لاوس و میانمار.
•
کاردانەوەی ژاپۆن و کۆریای باشوور
شیگێرو ئیشیبا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن رایگەیاند، هەندێک پێشکەوتن بەدەستهاتووە بۆ خۆلادان لەو گومرگە بەرزانەی ترەمپ پێشنیازی کردبوون. گوتیشی: "پێشنیازێکمان لە ئەمریکاوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی بەخێرایی دەست بە دانوستاندنەکان بکەین تاوەکو گەیشتن بە وادەی 1ـی ئاب، هەروەها بەپێی وەڵامی ژاپۆن، رەنگە ناوەڕۆکی نامەکە بگۆڕدرێت."
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی پیشەسازیی کۆریای باشوور رایگەیاند، پلانیان هەیە گفتوگۆ بازرگانییەکان لەگەڵ ئەمریکا چڕتر بکەنەوە و پلانی نوێی ترەمپ وەک درێژکردنەوەی مۆڵەت بۆ جێبەجێکردنی گومرگ دەبینن. وەزارەتەکە دەڵێت: "لە ماوەی داهاتوودا دانوستاندنەکانمان چڕتر دەکەینەوە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی سوودبەخش بۆ هەردوولا."
وێندی کەتلەر، جێگری سەرۆکی پەیمانگەی سیاسەتی ئاسیا، رایگەیاند کە جێگەی داخە ترەمپ گومرگ لەسەر هاوردەی دوو لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بەرزدەکاتەوە، بەڵام هێشتا کات ماوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن. کەتلەر گوتی: "هەرچەندە هەواڵەکە نائومێدکەرە، بەڵام مانای ئەوە نییە یارییەکە کۆتایی هاتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ