رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا رەزامەندیی لەسەر جێبەجێکردنی قۆناخ بە قۆناخی سیستمێکی نوێی پشکنینی ئۆتۆماتیکی لە سنوورەکانی ئەندامەکانی پەسند کرد، ئەوەش وەکو رێکارێک بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بە شێوەیەکی نایاسایی.
رۆژی سێشەممە 8ی تەممووزی 2025 پەرلەمانی ئەورووپا بە زۆرینەی دەنگ، سیستمێکی پشکنینی تۆتۆماتیکی پاسپۆرتی کەسانی نائەورووپی پەسند کرد. سیستمەکە تەنیا بۆ پشکنینی پاسپۆرتەکانە.
بەگوێرەی پەرلەمانی ئەورووپا، سیستمەکە بڕیار بوو تشرینی دووەمی رابردوو بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لە دوایین ساتەکاندا دواخرا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی چەندین وڵاتی ئەورووپی ئامادەی جێبەجێکردنی نەبوون.
ئەم سیستمە ئۆتۆماتیکییە کاتی چوونەژوورەوە و دەرچوونی سەردانکەران تۆمار دەکات و چاودێریی ئەو کەسانەش دەکات کە زیاتر لە ماوەی دیاریکراو دەمێننەوە.
هەروەها بەگوێرەی سیستمە نوێیەکە، سەردانکارانی بیانی بۆ ناوچەی شنگن لە خاڵە سنوورییەکان داتای بایۆمەترییان لێ وەردەگیرێت، کە ئەوەش پێکدێت لە وێنەی دەموچاو و پەنجەمۆر.
پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی ئەو سیستمە نوێیە رایگەیاند، "ئامانجەکە تووندکردنی ئاسایش، خێراکردنی پرۆسەی پشکنینی سنوور و کەمکردنەوەی قەرەباڵخییە."
پلانەکە بە 572 دەنگی "بەڵێ" بەرامبەر 42 دەنگی "نەخێر" پەسند کرا و بڕیارە یەکێتیی ئەورووپا لە شەش مانگی داهاتوودا جێبەجێی بکات.
هەندێک رێکخراوی تایبەت بە مافی مرۆڤ نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر جێبەجێکردنی سیستمەکە دەربڕی و لەوبڕوایەدان دەبێتەهۆی درێژبوونەوەی چاوەڕوانی بۆ ئەو کەسانەی بە شەمەندەفەر، کەشتی و فڕۆکە گەشت بۆ ئەورووپا دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ