جیهان
سەرۆککۆماری سووریا قسە بۆ ئەو فەرماندانە دەکات کە شانبەشانی هەتەشە شەڕیان کردووە بۆ لادانی ئەسەد. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، ئامانج لە هەڵگرتنی سزاکانی وڵاتەکەی لەسەر سووریا، گەڕاندنەوەی وڵاتەکەیە بۆ نێو سیستمی ئابووری جیهانی و سەقامگیریی و ئاشتی بۆ وڵاتەکە.
رۆژی سێشەممە، 8ـی تەممووزی 2025، گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن، لەرێگەی ئیمەیڵەوە سەبارەت بە سووککردنی سزاکانی سەر سووریا رایگەیاند: "راگەیاندنەکەی سەرۆک وەرچەرخانێک بوو بۆ ئەوەی سووریا بچێتەوە نێو کۆمەڵگە و ئابووریی جیهانی."
ئەو گوتەبێژە دەڵێت: "لەسەر بنەمای بەڵێنەکەی سەرۆک بۆ سووککردنی سزاکان لەسەر سووریا، وەزارەتی دەرەوە پۆلێنکردنی دەستەی تەحریری شام وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی بەپێی یاسای کۆچ و وڵاتینامە هەڵدەوەشێنێتەوە و لە 8ـی تەممووزەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. ئەم هەڵوەشاندنەوەیە هەنگاوێکی دیکەیە بە ئاراستەی جێبەجێکردنی تێڕوانینەکەی سەرۆک بۆ سووککردنی سزاکان لەسەر خەڵکی سووریا، وەک لە 13ـی ئایاردا ئاماژەی پێکرا."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوەش کردووە، "سووککردنی سزاکان توخمێکی سەرەکییە لە جێبەجێکردنی تێڕوانینی سەرۆک تایبەت بە پەیوەندییەکی نوێ لەنێوان سووریا و ئەمریکا. سەرۆک ترەمپ دەرفەت دەداتە حکومەتی سووریا بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری، چ لەنێوخۆی سووریا و چ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی؛ هەروەها ئەو چاوەڕوانییەشی روونکردووەتەوە کە دەبێت سووککردنی سزاکان هاوکات بێت لەگەڵ هەنگاوی خێرایی حکومەتی سووریا لە بواری کارە لەپێشینە سیاسییەکانی."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامەکانی بۆ رووداو دەڵێت: "سەرۆک روونیکردەوە کە سزاکان سووک دەکەین بۆ ئەوەی دەرفەتێک بە سووریا بدەین لەپێناو رەخساندنی دەرفەتی بێوێنە لە ناوچەکەدا بۆ ئاشتی و ئاسایش."
لەبارەی بڕیاری لابردنی ناوی دەستەی تەحریری شام لە نێو لیستی رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەو گوتەبێژە رایگەیاند: "دەستەی تەحریری شام وەک ناوێکی دیکەی بەرەی نوسرە، هێشتا ناوی لە لیستی پێکهاتەی تیرۆریستی جیهانیی (SDGT) پۆلێنکراوە. وەزارەتی دەرەوەش پێداچوونەوە بەو پۆلێنکردنە تیرۆریستیانەی دیکەش دەکات کە پەیوەندییان بە دەستەی تەحریری شام و سووریاوە هەیە، ئەوەش بەپێی بەڵێنەکەی سەرۆک لەچوارچێوەی هەنگاوەکان بۆ سووککردنی سزاکان لەسەر سووریا."
رۆژی دووشەممە، 7ـی تەممووزی 2025، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەێیندراوێکدا رایگەیاند: "بەگوێرەی ئەو بەڵێنەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە 13ـی ئایاردا بۆ سووککردنی سزاكان لەسەر سووریا داویەتی، نیازی خۆم رادەگەیێنم بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەستنیشانکردنی بەرەی نووسرە کە بە دەستەی تەحریری شامیش ناسراوە، وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ