ئۆکراینا رۆبۆت دەنێرێتە بەرەکانی جەنگ

08-08-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئۆکراینا بە نیازە کۆمەڵێک رۆبۆت بنێرێتە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ، تاوەکو ئەرکە قورسەکانی وەک نزیکبوونەوە لە بەرەی رووسیا و گەڕان بەدوای مینیان پێبسپێرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 08-08-2024، لە پێشانگەیەکی ئۆکراینا جۆرە سەگە رۆبۆتێک نمایشکرا کە ناوی (باد 1)ـە. رۆبۆتەکە کە لەسەر شێوەی سەگ دروستکراوە، دەتوانێت بە وەرگرتنی فەرمان هەستێتەوە، بکەوێتە سەر ئەژنۆ، دابنیشێت و رابکات.
 
کۆمپانیای دروستکاری رۆبۆتەکە رایگەیاند: "سەگە رۆبۆتەکە وریا و بزێوە، بەمزووانە دەبێتە هاوپەیمانێکی گرنگی سوپا لە بەرەی پێشەوەی جەنگ و وەڵامی داگیرکاریی رووسیا دەداتەوە."
 
رۆبۆتەکان بچووکن، بۆیە دەستنیشانکردنیان لە راداری رووسیا قورس دەبێت. هەروەها ئامێری گەرمبینیان لەسەرە و دەتوانن خەندەقەکانی رووسیا دەستنیشان بکەن و هەست بە سەربازەکانیان بکەن.
 
کارپێکەری رۆبۆتەکە ناوی لەخۆی ناوە (یوری) و گوتی: "ئێمە زۆرجار تیمی سەربازانی چاودێری دەنێرینە بەرەکانی جەنگ، بەڵام دووچاری مەترسی زۆر دەبنەوە. ئەم سەگە رۆبۆتە مەترسییەکان سنووردار دەکات و توانای ئۆپەراسیۆنەکان باشتر دەکات."
 
بە گوتەی یوری، سەگە رۆبۆتەکە پاترییەکی لەسەرە کە دەتوانێت بۆ ماوەی دوو کاژێر بە کارایی بیهێڵێتەوە. رۆبۆتەکە بە کەڵکی دەستنیشانکردنی مین و بۆمبی هەیە و دەتوانێت 7 کیلۆگرام کەلوپەل هەڵبگرێت. 
 
یوری گوتیشی: "نازانم چەند سەگە رۆبۆت دەنێرینە بەرەکانی جەنگ، بەڵام دەزانم کە کاریگەرییەکی زۆریان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان و سەلامەتیی سەربازەکان دەبێت."
 
کۆمپانیاکە هەروەها وەشانێکی پێشکەوتووتری دیکەی رۆبۆتەکەی دروستکردووە و ناوی لێناوە (باد 2)، بەڵام بەهۆی رێکاری ئەمنی پیشاننەدرا. 
 
پرسیاری ئەوە لە یوری کرا چی روودەدات ئەگەر بکەونە دەست سەربازانی رووسیا؟ یوری گوتی: "سەگەکە خۆکارانە دەتوانێت هەموو داتاکانی بسڕێتەوە."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.