رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە کاژێر 09:30ی ئەمشەو بەکاتی هەولێر کە دەکاتە 02:00ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی واشنتن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی سەرپەرشتیی لووتکەیەکی ئاشتی لەنێوان سەرکردەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان بکات، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە دەیان ساڵی پڕ لە شەڕ و ناکۆکی و دەستپێکردنەوەی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی لەنێوان دوو وڵاتە دراوسێکەدا.
رێککەوتنی ئاشتییەکە هاوکات رێگە بە ئەمریکا دەدات سوود لە پاشەکشەی هەژموونی رووسیا لە ناوچەکە وەربگرێت.
کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، هەردوو وڵاتەکەی ناوچەی قەوقازی باشوور رێککەوتنێک واژۆ دەکەن و لە ئەنجامدا رێڕەوێکی گواستنەوەی بازرگانیی گەورە دەکرێتەوە، کە ناودەنرێت "رێگەی ترەمپ بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانیی نێودەوڵەتی". ئەو رێڕەوە، خاکی سەرەکیی ئازەربایجان بە هەرێمی خۆبەڕێوەبەریی نەخچیڤانەوە دەبەستێتەوە.
بۆ بەستنەوەی هەرێمی نەخچیڤان بە بەشەکانی دیکەی ئازەربایجانەوە، پێویستە رێگەکە بەنێو خاکی ئەرمینیادا بڕوات.
لەسەر ئەم داواکارییەی ئازەربایجان، گفتوگۆی ئاشتیی نێوان هەردوو وڵات پەکیان کەوتبوو.
ئانا کێلی، گوتەبێژێکی کۆشکی سپی، رۆژی هەینی گوتی، "ئەو نەخشەڕێگەیەی لەسەری رێکدەکەون، داهاتوویەکی هاوبەش بنیاد دەنێ کە سوودی بۆ هەردوو وڵات، ناوچەکەیان لە قەوقازی باشوور و دەرەوەشی دەبێت؛" گوتیشی، رێڕەوە نوێیەکە "رێگە بە پەیوەندی بێ کێشە لەنێوان هەردوو وڵات دەدات، لە هەمان کاتدا رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەرمینیا و گەلەکەی دەگرێت."
خاکی ئازەربایجان و نەخچیڤان بە پارچە خاکێکی ئەرمینیا بە درێژایی 32 کیلۆمەتر لە یەکدی دابڕاون.
هەوڵەکانی ترەمپ بۆ ئاشتی
رێککەوتنەکەی رۆژی هەینی دەچێتە پاڵ ژمارەیەک رێککەوتنی ئاشتی و ئابووری کە ئەم ساڵ بە نێوەندگیریی ئەمریکا کراون.
لە بەرامبەر ئەو رێککەوتنانە، ترەمپ داوای خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەکات، چونکە پێی وایە لە کەمکردنەوەی ناکۆکییە درێژخایەنەکانی سەرانسەری جیهان رۆڵی باڵای هەبووە.
یەکێک لەوانە رێککەوتنی ئاشتیی نێوان کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ و رواندا بوو کە یارمەتیدەر بوو لە کۆتاییهێنان بە ناکۆکیی دەیان ساڵە لە رۆژهەڵاتی کۆنگۆ؛ هەروەها ئەمریکا نێوەندگیریی ئاگربەستێکی لەنێوان هیندستان و پاکستان کرد.
ترەمپ هەروەها بە هەڕەشەی راگرتنی رێککەوتنە بازرگانییەکان لەگەڵ کەمبۆدیا و تایلاند ئەگەر شەڕەکەیان بەردەوام بێت، نێوبژیوانی لە پێکدادانەکانی نێوانیاندا کرد.
بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکانی ئاشتی لە غەززە و ئۆکراینا بەدی نەهاتوون.
پاشەکشەی هەژموونی رووسیا
واژۆکردنی رێککەوتن لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لێدانێکی جیۆسیاسیشە لە رووسیای خاوەن هەژموونی پێشووی ناوچەکە.
بە درێژایی ناکۆکیی نزیکەی چل ساڵەی نێوان باکوو و یەریڤان، مۆسکۆ رۆڵی نێوەندگیری دەبینی بۆ فراوانکردنی کاریگەریی خۆی لە ناوچەی ستراتیژیی قەوقازی باشوور، بەڵام کاریگەرییەکەی بە خێرایی پاشەکشەی کرد، دوای دەستپێکردنی هێرشە سەرتاسەرییەکەی بۆ سەر ئۆکراینا لە شوباتی 2022.
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاندووە، رێککەوتنەکەی ترەمپ رێگە بە ئەمریکا دەدات لەگەڵ پاشەکشەی مۆسکۆ، هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێز بکاتەوە.
ئیدارەی ترەمپ لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دەستی بە کارکردن لەگەڵ ئەرمینیا و ئازەربایجان کرد، کاتێک ستیڤ ویتکۆف، نێردەی دیپلۆماسیی سەرەکیی ترەمپ، لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆک و سەرکردەکانی دیکەی ئازەربایجان لە باکوو کۆبووەوە و دەستیان بە گفتوگۆکرد.
بەگوێرەی بەرپرسە باڵاکەی ئیدارەی ئەمریکا، کە بە مەرجی ناونەهێنان قسەی بۆ ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس کردووە، دانوستاندنەکان لەسەر ئەوەی کێ "رێگەی ترەمپ" پەرەپێدەدات، کە لە کۆتاییدا هێڵی شەمەندەفەر، هێڵی نەوت و گاز و هێڵی فایبەر ئۆپتیک لەخۆدەگرێ، رەنگە هەفتەی داهاتوو دەستپێبکەن و تاوەکو ئێستا لانیکەم 9 کۆمپانیای پەرەپێدەر ئارەزووی خۆیان بۆ بەشداریکردن دەربڕیوە.
کۆشکی سپی رایگەیاند، جگە لە رێککەوتنە هاوبەشەکە، هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجان رێککەوتنی دیکە لەگەڵ ئەمریکا واژۆ دەکەن کە ئامانجیان بەهێزکردنی پێکەوەکارکردنە لە بوارەکانی وزە، تەکنەلۆجیا و ئابووری.
ترەمپ رۆژی پێنجشەممە لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گوتی، هەردوو سەرکردەکە بەشداری لە رێوڕەسمی ئاشتیدا دەکەن و رێککەوتنی ئابووری لەگەڵ ئەمریکا واژۆ دەکەن کە "بە تەواوی توانای ناوچەی قەوقازی باشوور دەخاتەگەڕ."
ترەمپ نووسیویەتی: "زۆر سەرکردە هەوڵیان داوە کۆتایی بە جەنگەکە بهێنن، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبوون. سوپاس بۆ 'ترەمپ'."
سەرۆکی ئەمریکا سەرەتا لەگەڵ نیکۆڵ پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا کۆدەبێتەوە و دواتر میوانداریی عەلیێڤ دەکات. لە کۆتاییدا، هەر سێ سەرکردەکە پێکەوە لە رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتیدا بەشدار دەبن. بەگوێرەی ئیدارەی ئەمریکا، ئەو رێککەوتنی ئاشتییە یەکەمین دەبێت کە لەلایەن ئەرمینیا و ئازەربایجانەوە واژۆ دەکرێت لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی ساردەوە.
ناکۆکییەکی دەیان ساڵە
هەردوو وڵات بۆ نزیکەی چوار دەیە لە ناکۆکیدا بوون و بۆ کۆنترۆڵکردنی هەرێمی قەرەباخ، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە ناگۆرنۆ-قەرەباخ ناسراوە، چەند جارێک جەنگی خوێناوییان کردووە.
ئەو ناوچەیە لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا زۆربەی دانیشتووانەکەی ئەرمەنی بوون، بەڵام دەکەوێتە چوارچێوەی خاکی ئازەربایجانەوە. هەردوو وڵات لە بە چەندین پێکدادانی پڕ لە تووندوتیژی کە لە دەیان ساڵدا بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس، شەڕیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە کرد، لە کاتێکدا هەوڵەکانی نێوەندگیریی نێودەوڵەتی شکستیان هێنا.
لە دوایین پێشهاتدا، ئازەربایجان لە ساڵی 2023 هەموو قەرەباخی کۆنترۆڵکردەوە و لەگەڵ ئەرمینیا لە گفتوگۆدا بوو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان.
سووربوونی ئازەربایجان لەسەر کردنەوەی رێڕەوێکی وشکانی بۆ نەخچیڤان خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکی بوو، چونکە لە کاتێکدا ئازەربایجان متمانەی بە ئەرمینیا نەبوو بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو رێڕەوە کە بە "رێڕەوی زەنگەزوور" ناسراوە، ئەرمینیاش دژی ئەوە بوو لە لایەن لایەنێکی سێیەمەوە کۆنترۆڵ بکرێت، چونکە بە پێشێلکردنی سەروەریی خۆی دەزانی.
بەڵام بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکی، ئەوەی وای لە ئەرمینیا کردووە ئێستا رازی بێ، بریتییە لە هیوای پتەوکردنی پەیوەندیی دووقۆڵی لەگەڵ ئەمریکا، هەروەها توانای هاتووچۆی ئازادانەتر بۆ نێوەوە و دەرەوەی ئەرمینیا، بێ ئەوەی پێویستی بەوە بێت بە نێو خاکی جۆرجیا یان ئێراندا بڕوات.
ئەرمینیا هەر چوار لای وشکانییە.
لەلایەکی دیکەوە رووسیا دەستەوەستان بوو کاتێک ئازەربایجان لە هێرشەکەی ئەیلوولی 2023دا کۆنترۆڵی قەرەباخی کردەوە، ئەمەش ئەرمینیای تووڕە کرد، کە هەنگاوی ناوە بۆ رزگاربوون لە کاریگەریی رووسیا و رووکردنە رۆژئاوا. ئازەربایجان، کە بە سەرکەوتنەکەی لە قەرەباخ بوێرتر بووە، لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆدا زیاتر سەرکێشی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ