ئەرمینیا و ئازەربایجان بە نێوەندگیریی ترەمپ 'رێککەوتنی ئاشتی'یان واژۆ کرد

09-08-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
لەکاتی واژۆکردنی 'رێککەوتنی ئاشتی' نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، دۆناڵد ترەمپ دەستی سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا و سەرۆکی ئازەربایجانی گرتووە
لەکاتی واژۆکردنی 'رێککەوتنی ئاشتی' نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، دۆناڵد ترەمپ دەستی سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا و سەرۆکی ئازەربایجانی گرتووە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەرمینیا و ئازەربایجان بە نێوەندگیریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، 'رێککەوتنی ئاشتی'یان واژۆ کرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی چەندین دەیەی نێوانیان. سەرکردەی هەردوو وڵاتەکە ترەمپ بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەربژێر دەکەن.
 
ترەمپ رۆژی هەینی 8ی ئابی 2025 گوتی، هەردوو وڵاتەکەی قەوقازی باشوور پابەندن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی.
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "ئەرمینیا و ئازەربایجان پابەندن کە بۆ تاهەتایە هەموو جەنگ بوەستێنن، دەست بە پەیوەندیی بازرگانی، گەشتیاری و دیپلۆماسی بکەن و رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکدی بگرن."
 
ترەمپ باسی لەوەش کرد، گەمارۆی چەکی ئەمریکی لەسەر ئازەربایجان هەڵدەوەشێنێتەوە کە دوای وەرگرتنی سەربەخۆیی لە ساڵی 1992ـەوە بەسەریدا سەپێندرابوو.
 
هاوکات ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان گوتی، پێکەوە لەگەڵ ئەرمینیا نامەیەکی هاوبەش دەنێرن بۆ لیژنەی نۆبڵی ئاشتی، بۆئەوەی خەڵاتەکە بە ترەمپ بدەن.
 
عەلیێڤ لە کۆشکی سپی گوتی، "رەنگە لەگەڵ سەرۆکوەزیران [نیکۆل] پاشنیان رێکبکەوین داواکارییەکی هاوبەش بنێرین بۆ لیژنەی نۆبڵ، بۆئەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە سەرۆک ترەمپ بدەن."
 
هەروەها پاشنیان گوتی، "پێموایە سەرۆک ترەمپ شایستەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە و ئێمە بەرگری و داکۆکی لەوە دەکەین."
 
هەردوو وڵات بۆ نزیکەی چوار دەیە لە ناکۆکیدا بوون و بۆ کۆنترۆڵکردنی هەرێمی قەرەباخ، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە ناگۆرنۆ-قەرەباخ ناسراوە، چەند جارێک جەنگی خوێناوییان کردووە. 
 
ئەو ناوچەیە لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا زۆربەی دانیشتووانەکەی ئەرمەنی بوون، بەڵام دەکەوێتە چوارچێوەی خاکی ئازەربایجانەوە. هەردوو وڵات لە بە چەندین پێکدادانی پڕ لە تووندوتیژی کە لە دەیان ساڵدا بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس، شەڕیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە کرد، لە کاتێکدا هەوڵەکانی نێوەندگیریی نێودەوڵەتی شکستیان هێنا.
 
لە دوایین پێشهاتدا، ئازەربایجان لە ساڵی 2023 هەموو قەرەباخی کۆنترۆڵکردەوە و لەگەڵ ئەرمینیا لە گفتوگۆدا بوو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان. 
 
سووربوونی ئازەربایجان لەسەر کردنەوەی رێڕەوێکی وشکانی بۆ نەخچیڤان خاڵێکی سەرەکیی ناکۆکی بوو، چونکە لە کاتێکدا ئازەربایجان متمانەی بە ئەرمینیا نەبوو بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو رێڕەوە کە بە "رێڕەوی زەنگەزوور" ناسراوە، ئەرمینیاش دژی ئەوە بوو لە لایەن لایەنێکی سێیەمەوە کۆنترۆڵ بکرێت، چونکە بە پێشێلکردنی سەروەریی خۆی دەزانی.
 
بەڵام بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکی، ئەوەی وای لە ئەرمینیا کردووە ئێستا رازی بێ، بریتییە لە هیوای پتەوکردنی پەیوەندیی دووقۆڵی لەگەڵ ئەمریکا، هەروەها توانای هاتووچۆی ئازادانەتر بۆ نێوەوە و دەرەوەی ئەرمینیا، بێ ئەوەی پێویستی بەوە بێت بە نێو خاکی جۆرجیا یان ئێراندا بڕوات. 
 
ئەرمینیا هەر چوار لای وشکانییە. 
 
لەلایەکی دیکەوە رووسیا دەستەوەستان بوو کاتێک ئازەربایجان لە هێرشەکەی ئەیلوولی 2023دا کۆنترۆڵی قەرەباخی کردەوە، ئەمەش ئەرمینیای تووڕە کرد، کە هەنگاوی ناوە بۆ رزگاربوون لە کاریگەریی رووسیا و رووکردنە رۆژئاوا. ئازەربایجان، کە بە سەرکەوتنەکەی لە قەرەباخ بوێرتر بووە، لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆدا زیاتر سەرکێشی دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل

ترەمپ و نەتەنیاهوو لەسەر ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی داهاتووی ئیسرائیل لە سووریا کۆدەبنەوە

بڕیارە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی 29ی ئەم مانگە جارێکی دیکە سەردانی واشنتن بکاتەوە و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لەم دواییەدا هەردوو سەرکردە پەیامی دژبەیەکیان راگەیاند دەربارەی ئەگەرەکانی دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە ئاگربەستی غەززە و ستراتیژی ئیسرائیل لە سووریا