رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی تۆپی پێی فەلەستین رایگەیاند، سلێمان عوبەید، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی فەلەستین، کە بە "پێلێی فەلەستین" ناسرابوو، بە تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کوژراوە.
رۆژی هەینی، 8ـی ئابی 2025، یەکێتیی تۆپی پێی فەلەستین (PFA) لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، سلێمان عوبەیدی تەمەن 41 ساڵ، رۆژی چوارشەممە لە نۆرەی وەرگرتنی خۆراک، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراوە.
رۆژ بە رۆژ قەیرانی برسێتی لە غەززە قووڵتر دەبێتەوە؛ نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان مانگی رابردوو رایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی ئایارەوە زیاتر لە هەزار و 300 فەلەستینییان کوشتووە کە لە نۆرەی وەرگرتنی خۆراکدا وەستاون.
یەکێتیی تۆپی پێی فەلەستین رایگەیاند، سلێمان عوبەید، ئەستێرەی پێشووی یانەی "خەدەمات ئەلشاتی" لە غەززە، 24 یاریی نێودەوڵەتیی بۆ هەڵبژاردەی فەلەستین کردووە. یاریزانەکە زیاتر لە 100 گۆڵی تۆمارکردووە، ئەمەش وایکرد ببێتە یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی تۆپی پێی فەلەستین."
سلێمان عوبەید یاریزانی هێڵی نێوەڕاست بوو، هەروەها بۆ یانەی "ئەلئەمعەری" لە کەرتی رۆژئاوا یاری کردووە.
لە ساڵی 2010، یاریزانەکە یەکێک بوو لەو شەش یاریزانەی هەڵبژاردەی نیشتمانی لە غەززەوە کە لەسەر سنووری ئوردن بە "هۆکاری ئەمنی" رێگەیان پێنەدرا گەشتی مۆریتانیا بکەن. سلێمان عوبێد لە شاری غەززە لەدایکبووە و باوکی پێنج منداڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ